یاسای كاتسا.. شمشێری ترەمپ بۆ سەر ملی نەیارەكانی ئەمەریكا


دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دەسەڵات لەو وڵاتە كە باڵادەستترین دەوڵەتە بەسەر كایەكانی ئابووری و سیاسی دنیا، وەك لە درووشمەكانی رای گەیاند ئەمەریكا دەخاتەوە پێشەوە، ئەو بەكردەنی ئەوەی كرد و توانی ئەمەریكا وەك تەوەری سەرەكی رووداوەكانی دنیا پێشان بدات و بۆ هەر چارەسەرێكیش هەر ناوی ئەمەریكا باسی لێوە بكرێت.

لە دوای هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات چەندان بڕیاری راشكاوانە و رێوشوێنی سزایی لە بەرانبەر نەیار و هەندێكجار هاوپەیمانەكانی وەرگرتووە، لەوانە رووسیا و چین و ئێران و ئەوروپا و هیتریش، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە یاساكانی ئەمەریكا خۆی، لەوانەش یاسای رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەمەریكای بیانی ناسراو بە "یاسای كاتسا"، كە لە 2017 هاتە دانان و چەندان رێوشزێنی سزایی لەدژی ئەو لایەن و وڵاتانە دەگرێتەوە كە رەفتاری نەیار بۆ ئەمەریكا ئەنجام دەدەن، لەوانەش قەدەغەی فرۆشتنی تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو و سزای دارایی و بواری بەرگری و رێگرتن لە سەردانیكردنی بەرپرسان بۆ ئەمەریكا.

لە ماوەی دواییدا توركیا گورزێكی بەهێزی لەلایەن واشنتنەوە پێ كەوت دوای راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەو وڵاتە بە بێبەشكردنی ئەنكەرە لە پڕۆگرامی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35"ی پێشكەوتووی دروستكراوی ئەمەریكا، ئەوەش بەهۆی سووربوون و دەستكردنی توركیا بە وەرگرتنی پارچەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی "ئێس-400"ی پێشكەوتووی رووسیا لە 12ی ئەم مانگەدا.

واشنتن بەرهەڵستكارییەكی گەورەی ئەو گرێبەستەی نێوان ئەنكەرە و مۆسكۆی كرد و دووپاتی كردەوە كە ناكرێت توركیا هەردوو جۆرە چەكە پێشكەوتووەكە بەیەكەوە كۆ بكاتەوە، فڕۆكەی جەنگی "ئێف35"ی ئەمەریكایی و سیستەمی مووشەكی "ئێس-400"ی رووسی، چونكە ئەو تێكەڵییە وا دەكات كە سیخوڕی رووبدات و نهێنی سەربازی بێتە ئاشكراكردن.  

بۆ تەواوكردنی ئەو گرێبەستە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا گرەوەی لەسەر هەڵوێستەكانی ترەمپ دەكرد بەوەی هەوڵی هێنانەوەی پاساو بۆ ئەنكەرە دەدات، كاتێك رای گەیاند كە توركەكان هیچ چارەسەرێكی تریان نەدۆزییەوە جگە لە رووسیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا رەتی كردبووەوە كە مووشەكی بەرگری ئاسمانی لە جۆری پاتریۆت بە توركیا بفرۆشێت.

بەڵام دوای تەواوكردنی گرێبەستەكە و گەیشتنی پارچەكانی ئەو سیستەمە بۆ ناو خاكی توركیا ترەمپ نەیتوانی توركیا لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریكا بپارێزێت، كە بە "كاتسا" دەناسرێت و لە 2017 بڕیاری لەسەر دراوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی بیانی ئەمەریكا ئەوانیش هەریەك لە رووسیا و ئێران و كۆریای باكورن.

ماڵپەڕی "ئیل مۆنتۆر"، ئاماژەی كردووە كە توركیا گرەوەی لەسەر لێخۆشبوونی لە جێبەجێكردنی یاساكە كرد، بەوەی لە 2017 دەرچووە، لەوكاتەی گرێبەستی كڕینی "ئێس-400" لە 2016 كراوە، بۆیە بەرپرسانی تورك هەوڵیان دا بە هاوتا ئەمەریكاییەكانیان بڵێن كە ئەوان بەر لە دەرچوونی یاساكە ئەو هەنگاوەیان هاوێشتووە كە رووبەڕووی هەر وڵاتێك دەبێتەوە كە مامەڵە لەگەڵ نەیارانی ئەمەریكا دەكات.

بەپێی یاساكە سەرۆكی ئەمەریكا مافی ئەوەی هەیە كە پێنج سزا لە كۆی 12 سزا هەڵبژێرێت و بەسەر توركیای بسەپێنێت كە بڕیاری داوە گرێبەستەكەی لەگەڵ رووسیای نەیاری ئەمەریكا تەواو بكات، لەوكاتەی توركیا خۆی ئەندامێكی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"یە و یاساكە رەزامەندی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و ئەنجوومەنی پیرانی كۆنگرێسی بەدەست هێناوە، ترەمپیش لە 2017 واژووی لەسەر كردووە، ئەگەرچی رەخنەی لە یاساكە گرت بەوەی چەند بۆشاییەكە لەخۆ دەگرێت. 

یاساكە هەوڵی داوە رووسیا سزا بدات بەهۆی رۆڵی لە هەردوو تەنگژەی ئۆكراینا و سووریا، جیا لە هەوڵەكانی بۆ گەمارۆخستنە سەر پڕۆگرامەكانی ئەتۆمی و مووشەكی هەریەك لە ئێران و كۆریای باكور، بۆیە یاساكە جیا لە وڵاتان، سزا دەخاتە سەر كەس و كۆمپانیاكان ئەگەر ئەوان گرێبەستی چەك و هاریكاری سەربازی لەگەڵ مۆسكۆ و تاران و پیۆنگیانگ ئەنجام بدەن.  

لەو بژارانەی یاساكە بۆ سەرۆكی ئەمەریكای دەرەخسێنێت، دەركردنی بڕیارە بۆ قەدەغەی هاتنەچوورەوەی كەسانی سزادراوە بۆ ناو ئەمەریكا، جیا لە بێبەریكردنیان لە بازاڕی چەكی ئەمەریكایی و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ. هەروەها یاساكە لایەنی سزادراو لە مامەڵەكردن لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهان بێبەش دەكات كە لەلایەن بانكەكانی ئەمەریكاوە كۆنترۆڵ كراوە بەو پێیەی یەكەم هێزی ئابووریە لە جیهاندا.

لە حاڵەتە توندەكاندا دەتوانرێت ئەوە بگوترێت كە یاساكە قەدەغەی موڵكوماڵ و حیساباتی بانكی و قەدەغەی هەناردنی چەند تەكنیكێكی پێشكەوتوو بۆ وڵاتانی سزادراو دەگرێتەوە، هەرچی لە حاڵەتی توركیایە لە پڕۆگرامی فڕۆكەی "ئێف-35" بێبەشی دەكات و ئەوەش سەرەتایە بۆ سەپاندنی پێنج جۆر سزای ناو یاساكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:05:05:18/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌