"بێوه‌ژنم و دوو منداڵم هه‌یه، هیچ شتێكم نییه پێی بژین، نه مووچه و نه كار و نه خانوو، هاوكارییه‌كانیش سێ مانگ جارێك پێمان ده‌درێن، ته‌نانه‌ت ئاوی پاكیش نییه بیخۆینه‌وه، ده‌مه‌وێ منداڵه‌كانم تێر بن و له كه‌مپی عه‌لیل له باشووری مووسڵ ده‌ربچین و دۆخی ژیانمان باشتر ببێ" ئه‌مه قسه‌ی یه‌كێك له‌و بێوهژنانهیه كه له ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش ده‌ژی و دۆخی ئه‌وان چۆنه و چی‌یان به‌سه‌ر دێ و چاوه‌ڕێی چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وان خۆیان چیرۆك و خه‌م و مه‌ینه‌تییه‌كانیان ده‌گێڕنه‌وه.
سه‌حه‌ر عه‌لی ته‌مه‌نی 33 ساڵه و له ئه‌نجامی بۆردمانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له كاتی شه‌ڕی داعش پیاوه‌كه‌ی كوژراوه، له‌و كاته‌ی به ته‌كسییه‌كه‌ی له ناوه‌ڕاستی مووسڵ بووه، ئه‌و بێوه‌ژنه بۆ پێگه‌ی "ارفع صوتك" گوتی، ئێسته له كه‌مپی عهلیلین له باشووری مووسڵ ژیانمان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه و به ته‌واو كه‌مپه‌كه په‌راوێزخراوه و له بچووكترین مافیش بێبه‌شین، له‌لایه‌ن میلیشیاكان و سه‌ربازانی عێراقه‌وه ده‌ستدرێژی سێكسی و سوكایه‌تیمان پێ ده‌كرێت.
ئه‌و ده‌ڵێ، ناتوانم منداڵه‌كانم ببه‌مه لای پزیشك و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانیان بكه‌م، یه‌كێكیان كێشه‌ی هه‌ناسه‌دان و تورهكه هه‌واییه‌كانی نزیك لووتی هه‌یه (جیوب) ئه‌وه‌ی تریش به‌ردی گورچیله، ئازار و ناڵه‌یان زۆره و منیش هیچم له ده‌ست نایه‌ت بۆیان بكه‌م، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كهمپهكهیش به توندترین شێوه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌مان لێ ده‌كه‌ن كه له كهمپهكهیش ده‌رمان ده‌كه‌ن و ده‌مانخه‌نه سه‌ر شه‌قام، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ شتێكمان نه‌ماوه، بۆیه هه‌ر چۆنێك بێ، بێ لانه و جێگا نین.
زیاتر گوتی، به‌رپرسانی كه‌مپه‌كه پێمان ده‌ڵێن بڕۆنه‌وه خانوو و ماڵی خۆتان، به‌ڵام ئێمه هیچ خانووێكمان نه‌بووه و پێشتریش له مووسڵ كرێچی بووین، ده‌مه‌ویست به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌مپه‌كه ده‌رفه‌تێكی كارم بۆ بدۆزنه‌وه، تا وه‌ك پاككه‌ره‌وه‌ی شه‌قام له مووسڵ كار بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژنم ئه‌وان ڕه‌تیان كرده‌وه.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ئامار و ڕاپۆرته‌كانی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بێوه‌ژنان یه‌كێكه له كێشه جیهانییه‌كان و زیاتر له 285 ملیۆن بێوه‌ژن له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا هه‌ن و به ده‌ست كێشه‌ی ئابووری و ده‌روونی و ده‌ستدرێژییه‌وه ده‌ناڵێنن، هه‌موو ئه‌و بێوهژنانهیشی كه‌وتوونه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ژیان به به‌راورد له بێوه‌ژنی ناوچه‌كانی تر زۆر خراپتره و له دۆخێكی زۆر سه‌ختتر ده‌ژین.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له
عێراق ده‌سپێشخه‌ری ئه‌وه‌ی خستووه‌ته ڕوو، كه بۆ دروستكردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌هێشتنی ئه‌و دۆخه نه‌خوازراوه، بێوه‌ژنان له پیاوانی تر ماره ببڕێن و ژیانی هاوبه‌شی دروست بكه‌نه‌وه و له‌و دۆخه ڕزگاریان ببێت، عێراق له ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه له زۆری ژماره‌ی بێوه‌ژن و زیاتر له ملیۆنێك بێوه‌ژن و ته‌ڵاقدراوی تێدایه، ئه‌مه به گوێره‌ی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی ئاماری عێرا له كۆتایی 2016، به‌ڵام ئه‌وه بێوه‌ژنانی مووسڵ و ئه‌نباری و ژماره‌یه‌ك شارۆكه‌ی له‌گه‌ڵ نییه، چونكه كۆتایی 2016 زۆرێك له‌و ناوچانه هێشتا له ده‌ستی داعش بوون و ڕزگار نه‌كرابوون، بۆیه پێشبینی ده‌كرێ، ژماره‌كه زۆر له‌وه زیاتر بێت.
بۆ ده‌سكه‌وتنی ئاماری بێوه‌ژنانی مووسڵ، نێردراوی "ارفع صوتك" له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای مووسڵ قسه‌ی كرد، به‌ڵام ئه‌وان دووپاتیان كرده‌وه، كه هیچ ئامارێكیان لا نییه.
نادیه دلێمی سه‌رۆكی ڕێكخراوی پاراستنی بێوه‌ژنان له عێراق له‌وباره‌وه گوتی، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت هیچ مافێك و ده‌رماڵه و هاوكارییه‌ك به بێوه‌ژنان ناده‌ن، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه بێوه‌ژنان له ژێر هێلی هه‌ژارییه‌وه بن، به‌هۆی ئه‌و دۆخهوهیش بێوه‌ژنان به‌شێكیان ناچارن كاری دوور له ڕه‌وشتی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن، یان منداڵه‌كانیان به ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه ڕه‌وانه‌ی سه‌رشه‌قام بكه‌ن و له ترافیكه‌كان ده‌ستگێڕی بكه‌ن و شت بفرۆشن.
زیاتر گوتی، به گوێره‌ی یاسای ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی مانگانه بۆ هه‌ر بێوه‌ژنێكی عێراق 100 هه‌زار دینار بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه به‌شی هیچ ناكات و ناتوانن به ئاسایی پێی بژین، به‌ڵكوو به كوله‌مه‌رگی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌وانه‌یشی ئه‌و پاره‌یه وه‌رده‌گرن ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌من له نێو سه‌رجه‌می بێوه‌ژنان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جه‌نگیش له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش كۆتایی پێ هاتووه، به‌ڵام ژیان و دۆخی بێوه‌ژنان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه.
دلێمی هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه هه‌رچه‌نده هه‌وڵی گه‌وره له نێوان ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان هه‌یه، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی بێوه‌ژنان به حكوومه‌ت تا ئاوڕییان لێ بدرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته هه‌وڵه‌كان هیچ ئاكامێكیان نه‌بووه و بێوه‌ژنان ڕۆژ دوای ڕۆژ حاڵ و گوزه‌رانیان خراپتر ده‌بێت.