تا ئێستە هیچ وادەیەك بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك دانەنراوە

:: PM:03:33:20/07/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕای دەگەیەنێت، هیچ وادەیەك بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك و دەست پێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ توركمان و عەرەبەكانی شارەكە دیار نەكراوە.

دوای كێشەیەكی زۆر سەرئەنجام سەرەتای ئەم مانگە پارتی و یەكێتی لەسەر دانانی (تەیب جەبار) وەك پارێزگاری كەركووك ڕێككەوتن، بەڵام هێشتا گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە و پێكهاتەكانی تر نەكراوە.

تەیب جەبار ئەندازیارە و یەكێكە لە شاعیرەكانی هەرێمی كوردستان، پێشتر سەرۆكی سەندیكای ئەندازیاران بووە و خاوەنی چەند كتێبێكی شیعرییە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووز، كامەران كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هیچ زانیارییەكیان لەسەر دانانی پارێزگاری شارەكە نییە و ئەوەیشی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە هێشتا ناوەكەی بەدەست ئەندامانی ئەنجوومەن نەگەیشتووە.

ڕوونی كردەوە كە هیچ وادەیەك بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك و دانەنراوە، هەروەك هیچ وادەیەكیش بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی شارەكە نییە تا ڕەزامەند بن لەسەر دانانی كاندیدەكەی پارتی و یەكێتی وەك پارێزگار.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتریش ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناڕەزاییان دەربڕیبوو لەوە هیچ زانیارییەكیان لەسەر دیاركردنی كاندیدی پارێزگاری كەركووك پێ نەدراوە.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە لەوكاتەوە تا ئێستە پارێزگارێكی عەرەب بەناوی راكان جبووری بەسەر شارەكەدا سەپێنراوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم