شینزۆ ئابى سه‌رۆك وه‌زیرانى ژاپۆن رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگێكى دیپلۆماسى سه‌خت ده‌بێته‌وه، دواى ئه‌وه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان داواى لێ كردووه كه‌شتییه‌كانى سه‌ر به هێز ده‌ریایى خۆى بنێرێته كه‌نداو بۆ به‌شداربوون له‌و هاوپه‌یمانییه سه‌ربازییه‌ى بۆ پاراستنى ناوچه‌ى كه‌شتیوانى نێوان ئێران و یه‌مه‌ن پێك ده‌هێنرێت.
گوته‌بێژێك به ناوى حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاندووه، رۆژى هه‌ینى رابردوودا به‌رپرسانى ژاپۆن به‌شدار بوون له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى كه له هه‌ینى رابردوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى پێشنیازه‌كه ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه چوو، هه‌روه‌ها پێشبینى ده‌كرێت ئه‌م بابه‌ته له كارنامه‌ى جۆن بۆڵتنى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مه‌ریكا بێت كه بڕیاره ئه‌م هه‌فته‌یه بۆ تۆكیۆ ئه‌نجامى بدات.
به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه له رۆژنامه‌ى
عه‌ره‌ب بڵاو كراوه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ بڕیارى چوونى ژاپۆن بۆ ئه‌م هاوپه‌یمانییه راى گشتى ژاپۆن دووله‌ت بكات، چونكه سوپاى ژاپۆن له جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه له ده‌ره‌وه به‌شداریى هیچ كرده‌یه‌كى سه‌ربازى نه‌كردووه، له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌م رووداوانه‌ى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست روو ده‌ده‌ن ژاپۆن كه خاوه‌نى سێیه‌م گه‌وره‌ترین ئابوورییه له دنیا ده‌خاته ناو هاوكێشه‌یه‌كى سه‌خت كه مانه‌وه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى رادارى ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى ئه‌سته‌م ده‌بێت.
ئابى هه‌واڵ ده‌دات هه‌ژموونى ژاپۆن فراوان بكات و به‌ره‌نگارى چین ببێته‌وه له ناوچه‌كه‌دا، بۆیه تۆكیۆ ته‌نیا پێوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانى به‌هێز ناكات، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات هاوپه‌یمانى نوێ له ئاسیا و ده‌ریاى هێمن و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ته‌واوى دنیا بدۆزێته‌وه.
له ساڵی 2015وه ژاپۆن یاسایه‌كى نوێى داناوه، به‌گوێره‌ى ئه‌و یاسایه رێ به هێزه‌كانى ده‌درێت له ئۆپۆراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى به‌شدار بێت، ئه‌مه‌یش دواى دڕۆانى ژاپۆن له جه‌نگى دووه‌مى جیهان، یه‌كه‌م یاسا ده‌بێت له‌م بواره‌دا ده‌ربچێ. ئه‌مه‌یش وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره بوو له كۆششه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران كه ده‌یه‌وێ كۆتوبهندهكانى سه‌ر سوپا كه‌م بكاته‌وه.
هه‌ر ئه‌م یاسایه رێ به ژاپۆن ده‌دات به‌رگرى له وڵاتێكى دۆست بكات، ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووى هێرش بووه‌وه و ئه‌م هێرشه‌یش بۆ سه‌ر ژاپۆن هه‌ڕه‌شه بێت، جگه له‌مانه‌یش حكوومه‌تى ژاپۆن بۆى هه‌یه پێشنیازى پاڵپشتى لۆجیستى بكات بۆ هێزى فره ره‌گه‌زه‌كان كاتێك گومانى ئه‌وه‌ى هه‌بوو هێرشێكى چه‌كدارى ده‌كرێته سه‌ر وڵاته‌كه‌ى.
ئه‌وكات جێبه‌جێكردنى یاساكه ناڕه‌زایى لێ كه‌وته‌وه كه شینزۆ ئابى سه‌رۆك وه‌زیرانیش به پێویستى ده‌زانێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌ناهى، ناڕه‌زایان له یاساكه ده‌ڵێن به‌هۆى ئه‌م یاسایه‌وه ژاپۆن ده‌كه‌وێته كۆمه‌ڵێك ململانێیه‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌یان ده‌بات. ئێسته‌یش بابه‌تى ناردنى هێزى ده‌ریاى به سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا دووباره مشتومڕه‌كان نوێ ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ كه هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ژاپۆن به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌نجامه‌كه‌ى كاریگه‌رى به‌سه‌ر بابه‌تى هه‌ناردنى هێز ده‌بێت، بۆیه هاوپه‌یمانى ده‌سه‌ڵاتدار له پروپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن خۆیان له‌م بابه‌ته به‌دوور گرت.
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ژاپۆن له ناوچه‌كه
ژاپۆن به چواره‌م گه‌وره‌ترین كڕیارى نه‌وت داده‌نرێت له‌سه‌ر ئاستى دنیا، له ساڵى رابردوو رێژه‌ى 86 % ئه‌و نه‌وته‌ى كڕیویه‌تى به گه‌رووى هورمز تێپه‌ڕیوه. مانگى رابردوو كه‌شتییه‌كى بارهه‌ڵگرى ژاپۆنى له ده‌ریاى عومان هێرشى كرایه سه‌ر، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ئێران له هێرشه‌كه‌دا تۆمه‌تبار ده‌كات و ئێرانیش تۆمه‌ته‌كه‌ى ره‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو، كاتێك هێرشه‌كه رووى دا سه‌رۆك وه‌زیرانى ژاپۆن له تاران بوو.
ئابى هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ندى ته‌ناهى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ژاپۆن به‌هێزتر بكات، چونكه ئه‌م پێوه‌ندییه كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى سیاسه‌تى به‌رگرى ئه‌وه. هاوكات دۆناڵد تره‌مپ هاوپه‌یمانى ته‌ناهى نێوان ژاپۆن و ئه‌مه‌ریكا به ناهاوسه‌نگ ده‌زانێ بۆیه له‌وانه ئه‌گه‌ر ژاپۆن پێشنیازهكهى ئه‌مه‌ریكا ره‌ت بكاته‌وه، به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا و تره‌مپ رقیان زیاتر بێت. دیپلۆماتكارێكى ژاپۆنى ده‌ڵێ "ده‌بێت ژاپۆن شتێك بكات بۆ پارێزگارى له كه‌شتییه‌كانمان، ناكرێت به‌رده‌وام ئه‌م داوایه له خه‌ڵكانى تر بكه‌ین".
له به‌رانبه‌ردا ژاپۆن پێوه‌ندییه‌كى ئاسایى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه و له‌وانه‌یه رازى نه‌بێت به چوونى بۆ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌ك زیان به‌و پێوه‌ندییه بگه‌یه‌نێت. پێشتریش شینزۆ ئابى هه‌وڵى ناوبژیوانى و هێوركردنه‌وه‌ى ململانێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكاى داوه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
كۆمه‌ڵێك بژارده له به‌رده‌م حكوومه‌تى ژاپۆن
شاره‌زایان ده‌ڵێن چوار چوارچێوه‌ى یاسایى هه‌یه رێ به ژاپۆن ده‌دات كه‌شتى و فڕۆكه‌ى جه‌نگى ره‌وانه‌ى كه‌نداو بكات. یه‌كه‌میان ژاپۆن ده‌توانێ به‌گوێره‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چه‌ته‌گه‌رى ده‌ریاى به‌شدار بێت و جێبه‌جێى ئه‌ركى پاسه‌وانى بكات، به تایبه‌ت كاتێك ده‌زانرێ هێرشبه‌ران نوێنه‌رایه‌تى ده‌وڵه‌تێك ناكه‌ن، به شێوازێكى نزیك له‌مه‌یش ژاپۆن له كه‌ناره‌كانى سۆماڵ و كه‌نداوى عه‌ده‌ن به‌شداره.
هه‌روه‌ها ده‌توانێ به پاساوى ئه‌وه‌ى مافى پاراستنى نه‌وتى هه‌یه هێز بنێرێ، یانیش به‌گوێره‌ى یاساى 2015 هاوكارى هاوپه‌یمانه‌كه‌ى بكات. جگه له‌م دوو چوارچێوه‌یه‌ى سه‌ره‌وه وه‌زیرى به‌رگرى ژاپۆن ده‌توانێ فڕۆكه و كه‌شتییه‌كان بنێرێت بۆ پارێزگاریكردن له كه‌شتییه بازرگانییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى. دوایین بژارده‌یش ئه‌وه‌یه ژاپۆن بۆ یه‌كجار ده‌توانێ هێز ره‌وانه بكات، به‌ڵام ئه‌مه له‌ڕووى یاساییه‌وه كاتێكى زۆرى ده‌وێ.