نەخۆشییەكی مەترسیدار لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە

:: PM:05:36:27/07/2019 ‌
لە سلێمانی چەند حاڵەتێكی نەخۆشی "گەزاز" كە بەهۆی جۆرە بەكتریاییەكەوە تووشی مرۆڤ دەبێت تۆمار كراوە، تەندروستی سلێمانیش دووپات لەوە دەكەنەوە كە بەهۆی نەبوونی دەرزییەوە نەخۆشەكان دەگەنە حاڵەتی خراپ.

ئەمڕۆ شەموو 27ی تەمووز، هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ سێ حاڵەتی نەخۆشی گەزاز تۆمار كراوە و ئەو دژە ژەهرەیش لە بەغداوە بۆمان دێت بەپێی بڕی دەرمانی 17%یە و لە بازاڕیش نرخەكەی گرانە.

ڕوونیشی كردەوە كە بۆ ئەو دەرمانانە دەبێت هەردەم چاوەڕێی بەغدا بكەین ئەگەر كەسێك توشبێت و دەرزی نەبێت توانامان نییە بیكڕین.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشی گەزاز لە بەكتریایەكەوە تووشی مرڤ دەبێت لە رێگەی برینەوە ئەگەر كەسێك برینی هەبێت ئەو برینە بەر ژەنگ یان لەسەر لمی وردكراو بڕوات بەكتریاكە زیاتر لە دوو شوێنە خۆی حەشار دەدات لە ئەنجامدا تێكەڵی خوێن و دەمارەكان دەبێت و یەكێكە لە نەخۆشیە مەترسیدارەكان.

"كەسی تووشبوو دەمارەكانی رەق دەبن و ئەو بەكتریایە دەگاتە مێشك، ئەگەر چارەسەری دوا بكەوێت كەسەكە دەگاتە حاڵەتێكی خراپ تا بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدات" هێرش وای گوت.

بەپێی زانیارییەكانی وشە، تەنیا ئەمساڵ سێ كەس لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشی گەزاز گیانیان لە دەستداوە و جێگری بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی ئەو زانیارییەی پشتڕاست كردەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 1899 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌