مەحموود عوسمان: دەبێت دەزگایەك هەبێت بۆ پێوەندی لەگەڵ بەغدا

:: AM:09:54:04/08/2019 ‌

مەحموود عوسمان كەسایەتی سیاسیی دیاری كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوانی تیمی كورد لە بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیانی زۆری لە مافەكانی كورد داوە. نموونەی دەنگدان بە یاسای هەڵبژاردن دێنێتەوە كە لیستی یەكێتی بەشدار بووە و پارتی بایكۆتی كردووە. مەحموود عوسمان لەم دیمانەیەی "وشە"دا رای دەگەیەنێت كە دەبێت دەزگایەك هەبێت لە كوردستان كار لەسەر دۆسیەی پێوەندییەكان لەگەڵ عێراق بكات و هەموو كۆنووس و رێككەوتنەكان دۆكیۆمێنت بكات. هاوكات پێی وایە گۆڕانكاری لە حكوومەتەكان كاریگەریی دەبێت و پێویستە چاوەڕێ بكرێت بزانین چی دەبێت، بۆ ئەوە دەبێ گفتوگۆكان بەردەوامییان هەبێت.

كابینەی نوێ لە گوتاری سەرۆكی حكوومەت تا دەگات بە سەردانی شاند بۆ بەغدا و هاتنی شاند لە بەغداوە، هەڵسەنگاندتان لەسەر ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان چییە؟

قەناعەتم وایە بۆچوون و هزری زۆر جیاواز لە نێوان بەغدا و هەولێر هەن، بەغدا دەیەوێ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان زۆر كەم بێت و لەسەر ئەمەش هەموو لیستەكانی شیعە و سوننە كۆدەنگن، هەرچی هەرێمی كوردستانە دەیەوێ دەسەڵاتی زۆر فراوان بێت. 

لەو 11 ساڵەی لە بەغدا بووم، ئێمە بە جۆرێك لە فیدڕاڵیی تێدەگەین تا ئاستی جۆرێك لە سەربەخۆیی، ئەوان بە جۆرێكی تر تێدەگەن كە هەموو شت سەر بە بەغدا بێت، تەنانەت لە ئاستی پێوەندییەكانیشدا ئێمە بۆچوونمان لەسەر ئەمەریكا جۆرێكە و ئەوان دژی ئەمەریكان، ئێمە بۆچوونمان لەسەر ئێران جۆرێكی ترە، بەڵام شیعە پێوەندییەكی بەتینیان لەگەڵ ئێران هەیە. 

لێرە دەردەكەوێ جیاوازی زۆرە لە بیروبۆچوونی هەردوولا، ئەمەش رەنگدانەوەی بەسەر چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداوە هەیە، بەڵام بمانەوێت یان نا، ئێمە بەشێكین لە عێراق و دەبێ كێشەكانیان لەگەڵ چارەسەر بكەین.

هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی لایەنی سێیەم بەشداری لە گفتوگۆكان بكات، بەڵام بەغدا رێگرە، تەنانەت لە پرسی فرۆشتنی نەوت بۆچوونیان جیاوازە، ئەوەتا سكاڵایان لەسەر توركیا تۆمار كردووە لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە بەهای 26 ملیار دۆلار فرۆشراوە.

لە بوونی ئەو دوو تێڕوانینەجیاوازە بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان، دەبێ گفتوگۆیەكی بەردەوام هەبێت و دەزگەیەك لە كوردستان هەبێت سەرقاڵی ئەو دۆسیەیە بێت و كابینەی نۆیەمیش ئەو دەزگەیەی دروست نەكردووە، بۆیە كێشەكان بە سەردانێكی یەك رۆژە چارەسەر نابێت و پێشتریش ئەوەمان گوتووە، تەنانەت پێشنیارم كرد وەزارەتێك دابنرێت تایبەت بێت بە پێوەندی لەگەڵ بەغدا، نەیانكرد. ئێستەیشی لەگەڵدا بێت كەس نازانێ لە 15 ساڵی رابردوو چی لەگەڵ بەغدا باس كراوە، گەیشتووین بەچی، یەك بەڵگەنامە شك نابەی لەسەر كۆبوونەوەكان، ئەمەش نەنگییەكی گەورەیە و شاندی وڵاتان كە دەپرسن چیتان لەگەڵ بەغدا كرد، هیچ بەڵگەنامەیەك نییە بیدەیتە دەستیان، سەرەڕای ئەمەش شەفافیەت نییە كە باسی چی دەكرێت.

یەكێكی تر لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان، نەنووسینەوەی كۆنووسی كۆبوونەوەكانە، بەغدا پێی خۆشە وا بێت و لە بەرژەوەندییاندایە، بەڵام ئەوە بۆ كورد خراپە، چونكە ئێمە مافمان لە بەغدا ماوە.

شاندی كوردستانی كە دەچێتە بەغدا، سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆك پەرلەمان دەبینن، بەڵام ئەوانە هیچیان بەدەست نییە، بەڵكو بڕیار لای سەدر و عامری و سیستانییە كە دیداریان لەگەڵ نەكراوە، با چاوەڕێ بكەین بزانین تا ساڵێكی تر چی لێ دێت.

بەدیوێك عێراق سەروەری لە دەست خۆیدا نییە، كەواتە رۆڵی ئێران و ئەمەریكا لەسەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟
كاریگەری كردووە، ئێران رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە عێراق، بە قەناعەتی من ئێران نایەوێ هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، سەركردە شیعەكانی بەغدایش كۆكن لەسەر ئەوەی تەنیا ئەو سێ پارێزگایە هەرێمی كوردستانە و لەمە زیاتر ئامادە نین. بۆیە دەبێ بەپێی دەستوور چەند دەتوانین مافەكانمان بەدەست بێنین، لەمەشدا دەبێت كورد یەكگرتوو بێت، دەزگەیەكی گفتوگۆی بەردەوامی درێژمەودای هەبێت نەك شاند بچێت و شاند بێت، دڵنیام هەندێك شت دەست دەخەین، بەڵام كورد یەكگرتوو نییە، دەنگدانیش لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان باشترین بەڵگەیە، كەموكوڕییەكانیش لە خۆمانە و ئەو حكوومەتەیش هەموو شتێك دەزانێ و ئومێدەوارم بتوانێ كارێك بكات.

بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئەنجام، لە 15 ساڵی رابردوو، سیاسەتی تاكتیك هەبووە كە ویستی چارەسەری كێشەكانی نەبووە، پێت وایە گۆڕانكاری لە هزری كابینەی نوێ لە كوردستان و بەغدا كراوە بۆ چارەسەری كێشەكان و بە ستراتیج كردنی؟

دەبێ كرابێت و وانەیان لە رابردوو وەرگرتبێت، لە دوا سەردانی شاندی كوردی بۆ بەغدا، ئامادەییان نیشان دا 250 هەزار بەرمیلەكە بە مەرجی ناردنی مووچەی تەواو بدەن بە بەغدا.

پرسی نەوت و دارایی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسێكی كەڵەكەبووی كۆنە و دەبێ پێشوەختە لە ئاستی باڵا رێككەوتن واژوو بكرێت پاشان لیژنەی تایبەتمەند قسە لەسەر وردەكارییەكەی بكەن، بەڵام هێشتا ئەوە نەكراوە و خەریكە بە پێچەوانەوە بكرێت، لیژنەی خوارەوە پێك بهێنن پاشانیش پێیەوە پابەند نەبن. چونكە حكوومەتی عێراق نایەوێ لەسەرەوە رێككەوتن بكرێت پاشان بۆ خوارەوە شۆڕ بكرێتەوە.

بەیاننامەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دەڵێ لەسەر بنەمای داتا و زانیاری، بەپێی دەستوور كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكەین، پێت وایە سەرەتایەكی نوێیە بۆ چارەسەری كێشەكان؟

داتا و زانیاری پێویستی بە دەزگە هەیە كۆی بكاتەوە و دەبێت ئەو دەزگەیە ئۆفیسی لە بەغدایش هەبێت و بەدواداچوون بكات، بەغدا كۆنووسی هەموو كۆبوونەوەكانی رابردووی هەیە، بەڵام ئێمە هیچمان نییە. ئەمەش كەموكوڕییە، تەنانەت بەیاننامەیەكیش دەرناكەن تا لەسەر بەغدا ببێتە ماڵ، بۆیە دەبێ ئەو شێوازی گفتوگۆیانە بگۆڕێن و نابێ هەمووجار لە سەرەتاوە دەست پێ بكرێتەوە، بەڵكو لەوێوە دەست پێ بكرێتەوە كە لە كۆبوونەوەی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو.

گۆڕینی كاراكتەرەكان لە كابینەی حكوومەت لێرە و لە بەغدا، كاریگەری چی دەبێت؟

گۆڕانكاری كەسەكان كاریگەری هەیە، بەڵام دەبێت سیاسەتەكە بگۆڕێ، بزانین لە داهاتوودا چی روو دەدات، بۆیە هێشتا زووە حوكمی لەسەر بدرێت.

دیوێكی تۆپەكە لە نێوان هەردوو حكوومەتدایە، بەڵام كورد لە بەغدا لە ئاستی پەرلەمان و حكوومەتدا بەشدارە و پۆستی باڵای هەیە، نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی كورد لە بەغدا چەندە زیان لە پرۆسەكە دەدات؟

ئەوە دەردێكی كۆنە، ئەوەی شاندەكانی هەرێمی كوردستان دەیكەن دەبێ ئەوانەی بەغدا بەشدار و ئاگادار بن، ئەوانەی تیمەكەی بەغداش دەیكات دەبێ هەرێمی كوردستان ئاگادار بێت، چونكە دواجار هەردوولا بۆ یەك مەبەست كار دەكەن، پێشتریش ئەوە هەبووە و بینراوە.

كەواتە بۆ هاوپەیمانی كوردستانی دروست نەكرایەوە لە كاتێدا پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكهێنانی كابینەی حكوومەتن؟

ئەو یەكێتییە لە بەغدا نابینین، دەنگدانیش بە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگەگان بەتایبەت پرسی كەركووك بۆچوونیان جیاواز بوو، نابێ وابێت. دەبێ تیمێكی هاوبەش هەبێت، چونكە كورد لە بەغدا ئەگەر یەكگرتوو نەبێت، لە پەرلەمانیش سەنگ و قورسایی نابێت. دەبێ هاوئاهەنگی زۆر بەهێز لە نێوان تیمی بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت، نەبوونی ئەو هاوئاهەنگییە زیانی زۆری لە مافەكانی كورد داوە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین بزانین ئەو حكوومەتە چی دەكات.




وشە - فه‌رمان سادق