حاكم زاملى سه‌رۆكى پێشووى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگرى په‌رله‌مان و سه‌ركرده له ره‌وتى سه‌در ئاشكراى ده‌كات، چه‌ندان به‌رپرسى سیاسى و ته‌ناهى و میلیشیاكان له‌پشت قومارخانه و یانه‌کانى له‌شفرۆشین له عێراق و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه، ناوى ئه‌و به‌رپرسانه بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ره‌وانه كراوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م شه‌شى ئاب، حاكم زاملى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له دیارده‌ى له‌شفرۆشى و قومار ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه، چه‌ندان سه‌ركرده‌ى عێراقى له‌پشت ئه‌و دیاردانه‌ن.
لێدوانه‌كه‌ى زاملى له ماڵپه‌ڕى
به‌غداد توده‌ى عێراقى بڵاوكراوه‌ته‌وه، تێیدا ده‌ڵێ، چه‌ندان به‌رپرسى میلیشیا كه سه‌ر به حه‌شدى شه‌عبین، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان پاره له بازرگانى نه‌وت و ماده هۆشبه‌ره‌كان و بازرگانى چه‌ك به‌ده‌ست ده‌هێنن".
زاملى له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانى باس له‌وه ده‌كات، ئه‌فسه‌رانى باڵا له پشت قومارخانه و بازرگانیكردنن به مرۆڤ و كارى له‌شفرۆشى. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه، ناوى ئه‌و به‌رپرسانه بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق ره‌وانه كراون.
سه‌باره‌ت به هۆڵه‌كانى قوماركردن، زاملى ئاشكراى كردووه، هه‌رچه‌نده به‌ڕواڵه‌ت ئه‌و هۆڵانه له‌لایه‌ن كه‌سانى تورك و ئۆكرانى به‌ڕێوه‌ده‌برێن، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌رپرسى عێراقییان له‌پشته و ئه‌م كاره‌یش بۆ سپیكردنه‌وه‌ى پاره به‌كار ده‌هێنن.