لالۆ رەنجدەر: دایکم هۆکار بوو بۆ ئەوەی پەرە بە بیری نەتەوایەتیم بدەم

:: AM:11:16:07/08/2019 ‌
هونەرمەند لالۆ رەنجدەر لەو چاوپێکەوتنەدا بۆ "وشە" باس لە ئەزموونی هونەری و ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی دەکات و تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک هۆکار وایان کردووە بیری نەتەوایەتی لای ئەو شکڵ بگرێت و دەڵێ، لە ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 بەهۆی تۆپبارانی ڕژێمەوە خەرامان و دایە نەزمی دایكم و دەریای كچم شەهید بوون و بە تەنیا تاقە كوڕێكم بۆ مایەوە كە ناوی ئارامە

* چۆن بوو لە دنیای سروودەوە چوویتە ناو دنیای سۆفیگەری؟
- چوونە ناو دنیای سۆفیگەری هۆكارەكەی تاكە شتێكە، ئەویش "سەرسامبوونە" چونكە كاتێك مرۆڤ بە شتێك لە ئافراندنەكانی خودا زۆر سەرسام دەبێت دووچاری سۆفیگەری دەبێت كە من ناوم ناوە یارخودایی، واتە خودای بەخشندە و دلۆڤان دەبێتە یار بە عەشقێكی قووڵەوە خودا دووچاری عەشقێكی ئەبەدی دەكات، كاتێك كە ئەو دڵدارییە فیراقی تێدەكەوێت واتە هەردوو دڵدار تووشی دابڕان دەبن، بۆیە من دەڵێم عەشق روو بكاتە هەر كەسێك، یان هەرەسی پێ دێنێت یان دەیكات بە كەس.

* سروودی "ئەی بەندینخانە" كە ناودارترین بەرهەمی تۆ بووە، ئەگەر باسی ئەو سروودەمان بۆ بكەیت؟
- وەك تێكست لە سەرەتای ساڵی 1971 بوو، لە بەندیخانەی "هیئە"ی كەركووك زیندانی كرام و هەڵبەت ئازاری زۆریان دام كە ددان بە ڕێكخراوەكەمان دابنێم، منیش سووڕ بووم لەسەر ئەوەی ددانی پێدا نەنێم، بۆیە زۆر ئازاریان دام، بەڵام لە ژێر ئەم ئازارانە ددانم بەخۆمدا دەگرت و هاوارم نەدەكرد، دواتر لە ناو بەندیخانەكە تێكستی سروودەكەم نووسی و كە دواتریش تۆمار و بڵاو كرایەوە، دەنگێكی زۆر فراوانی دایەوە.

* لە چوارینە شیعرەكانتدا ڕەنگدانەوەی عەشقێكی پاك بەدی دەكرێت و تێكەڵی سۆفیگەری بووە؟
- یار خودایی چەندان قۆناغ دەبڕێت تا دەگاتە فەنافیلا، واتە ئاوێتەبوون لەگەڵ خودادا، كاتێك كە شاعیرەكان باس لە مەی خواردنەوە و باڵای یار و خۆشەویستی دەكەن، مەبەستیان خواردنەوەی مادی نییە، بەڵكو مەبەستێكی ڕۆحییان هەیە، بۆ نموونە پەیڤێك هەیە پێی دەگوترێت ئەلەستی واتە سەرخۆشبوونی ڕۆحی بە بێ مەی، كاتێك باس لە بەژن و باڵای یار دەكەن مەبەستیان جوانی خودایە، زۆر جار سۆفییەكان یار بە خودا دادەنێن خوداش بە یار، چونكە باوەڕی سۆفییەكان وایە ویژدانی هەموو ڕۆحلەبەرێك گەردیلەیەكە لە نووری خودا، بەڵام لە ئاینەكاندا ئاماژە بۆ دڵ دەكرێت كە لە ناوەڕۆكدا ڕۆح دەوری سەرەكی دەبینێت.

* لە سەرەتاوە كاریگەری چی كەسێكت بە سەرەوە بووە؟ 
- شەهید دایە نەزمی دایكم گەورەترین قوتابخانەی من بووە، هەمیشە بە ڕۆحێكی نەتەوەییەوە منی پەروەردە كردووە، قسەكانی ئەو ئێستەش لە گوێمدا دەزرینگێتەوە و بەوپەڕی پیرۆزییەوە دەیانڵێمەوە، هەروەها یەكێك لە گوتەكانی شەهید دایە نەزمی دایكم ئەوەبوو كە دەیگوت "هەر میلەتێك دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەبێت ماڵەكەی لە ژێر ڕەشماڵێكی دۆم و قەرەجەكاندایە، هەر رەشەبایەك هەڵبكات كەلوپەلەكانی فڕێ دەداتە ئەم گۆڕەوە، بۆیە منیش لە ژێر كاریگەری دەیان و سەدان گوتەی دایە نەزمیدا پەرەم بە بیری نەتەوەیی خۆم داوە.

* باسێك لە ئاینی زەردەشتی بكە و چۆن لەگەڵ ڕۆحی تۆدا تێكەڵ بووە؟
- ئاینی زەردەشتی یەكەم ئاینی یەكتاپەرستی سەر ڕووی زەوینە، تێكڕای ئاینە ئاسمانییەكان بە سوود وەرگرتن لەم ئاینە توانیویانە پەیامەكانی خۆیان بڵاو بكەنەوە، ئاینی زەردەشتی هەڵقوڵاوی ناوجەرگەی ئەم كوردستانی دایكەیە و سەری هەڵداوە، لەسەر سێ كۆڵەكە بەندە وەك، بیری چاك و گوفتاری چاك و كرداری چاك، هەروەها ئێمە كە ئەوە دەڵێین مانای ئەوە نییە كە ئاینەكانی ترمان پێ قبووڵ نەبێت، بە پێچەوانەوە هەر ئاینێك كە نێردراوی خودای بەخشندە و دلۆڤان بێت، لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی هاتوون، بەڵام خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاین و پەیامەكانیاندا تەواوی مرۆڤایەتی دووچاری شەڕ و ناكۆكی كردووە، بۆیە زەردەشتیانی ڕاستەقینە ئەوانەن كە بەچاوی ڕێز و پیرۆزییەوە سەیری تێكڕای ئاینە ئاسمانییەكان دەكەن بەهیچ شێوەیەك سووكایەتی بە هیچ پەیامبەرێك و ئاینەكانیان ناكەن.

* بە چی ئازارێكەوە دەتلێیتەوە و نهێنی ئەم ئازارە چییە؟
- هەموو مرۆڤێك ئازارێكی هەیە و منیش ئازارێكی زۆر قووڵ لە ناخمدایە نە كۆتایی دێت و نە ساڕێژیش دەبێت، هەروەها ئەم ئازارەشە لە شیعر و چوارینەكانمدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەی دەیەوێت لە ناوەڕۆكی ئەم ئازارە سەختەم بگات، لەم شیعرانەمدا وەڵامەكەی دەست دەكەوێت.

* ماوەیەك خەریكی ئەدەبی منداڵان بوویت لە كەناڵی كوردستان تیڤی، چی وای لەتۆ كرد ڕوو لەم دنیا پاكە بكەیت؟ 
- ڕاستییەكەی دنیای پڕ لە ئاشووب و بەرژەوەندخوازی و مرۆڤی دەمامكدار وای لە من كرد دنیایەك بدۆزمەوە كە پڕ لە خاوێنی و بێ گوناهی بێت، بۆیە بە سەدان شیعرم بۆ منداڵان نووسیوەتەوە كە زۆربەی هونەرمەندەكان كە لە بواری منداڵاندا كار دەكەن، شیعرەكانی منیان كردووە بە گۆرانی و لە بەرنامە تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان تیڤی بۆ منداڵان بڵاو كراوەتەوە.

* ژیانی پێشمەرگایەتیت ئاوێتەی خۆشەویستی شەهید خەرامان كردبوو، چیرۆكی ئەمە چییە؟
- پێش ئەوەی پێوەندی بكەم بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە، لە شانە نهێنییەكانی ناو شاردا شەهید خەرامانم ناسی و بەهۆی بوێرییەكەیەوە لە ناخمدا جێی گرت و پێوەندی خۆشەویستیمان بەیەكەوە گرێ دا، بە درێژایی ماوەی پێشمەرگایەتییەكەم ئەو پێوەندییەمان نەپچڕا تا دانوستانەكەی 1983ی پێشمەرگە لەگەڵ حكوومەتی عێراق، شەهید خەرامان بوو بە هاوسەرم، هەروەها بووین بە خاوەنی كوڕ و كچێك بە ناوەكانی ئارام و دەریا، لە ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 بەهۆی تۆپبارانی ڕژێمەوە خەرامان و دایە نەزمی دایكم و دەریای كچم شەهید بوون و بە تەنیا تاقە كوڕێكم بۆ مایەوە كە ناوی ئارامە.

* بەو پێیەی درێژایی ژیانت هەمەڕەنگە لە خۆشی و ناخۆشیدا، ئایا هیچ دەرهێنەرێك داوای لێ كردووی ژیانت بكاتە فیلمێك یان درامایەك؟ 
- بەڵێ چەندان جار ئەم داوایەم لێ كراوە كە ژیانم بكەنە فیلمێكی سینەمایی، بەڵام لەبەر كەمتەرخەمی و تەمبەڵی خۆم تا ئێستە نەپرژاوم یادەوەرییەكانم كۆ بكەمەوە، بەم هۆیەشەوە دووچاری دەیان ڕەخنەی هاوڕێیان و تەنانەت خێزانەكەشم بوومەتەوە.

هەولێر/ گەرمیان گلی




وشە - هیدایه‌ت جان