سوودەكانی ئاوی بامیە و چۆنیەتیی ئامادەكردنی

:: PM:04:41:07/08/2019 ‌
بامیە سەوزەیەكی ناسراوە و بڕێكی زۆر ڤیتامین و كانزایی تێدایە كە گرنگن بۆ لەش. دەتوانیت هەموو سوودەكانی لەشێوەی شەربەتێك بەلەش بگات بەپێی ئەو توێژینەوەیەی كەلە گۆڤاری دەرمانخانەی زانستی بڵاو كرایەوە لەسەر تۆو و رووەكی بامیە تایبەتمەندی دژە شەكرە لەم رووەكەدا. لە توێژینەوەكەدا زیاتر باس لەوەكرا كە ئاوی بامیە چارەسەری نەخۆشی شەكرە دەكات و چەندان سوودی تر بەلەش دەگەیەنێت بەهۆی ئەو پێكهاتانەی كە تێیدایە. بامیە بڕێكی زۆر پێكهاتەی گرنگی تێدایە وەك مەگنیسیۆم و پرۆتین و چەوری و كاربۆهیدرات و ریشاڵ و ڤیتامین سی، بۆیە پێویستە ئەم سەوزەیە بخورێت.

چۆنیەتی دروستكردنی ئاوی بامیە
چوار بۆ پێنج بامیەی تۆودار
بیبەر 
خوێ‌ بەپێی ئارەزوو

بامیەكان بشۆرەوە و هەردوو كۆتاییەكەی ببڕە پاشان لە ناوەڕاستدا بیكە بەدوو كەرتەوە، پاشان كووپێك ئاو بهێنە و بامیەكانی بۆ زیاد بكە بۆ ماوەی هەشت سەعات لە ئاوەكەدا بەجێی بهێڵە یان بۆ ماوەی 24 سەعات لە ئاوەكەدا بیهێڵەوە، دواتر ئاوی بامیەكە بپاڵێوە و بیخۆرەوە ئەم ئاوە بڕێكی زۆر پێكهاتەی خۆراكی بەلەش دەدات . بەپێی ئارەزوو خوێ و بیبەرەكەی بۆ زیاد بكە. یان دەتوانرێت بامیەكان بكوڵێنرێت لە ئاودا لەبری ئەوەی ئەو ماوە زۆرە لە ئاودا بمێنێتەوە هەتا وەك شۆربایەكی لێ دێت و پاشان ئاوی بامیەكە جیا بكەوە كە ساردبوو بیخۆرەوە. هەمان سوودی رێی یەكەمی هەیە.

سوودی ئاوی بامیە چییە بۆ لەش؟
یەكەم: رێ لە شێرپەنجە دەگرێت، ئەو خۆراكانەی بە فۆلاتە دەوڵەمەندن وەك بامیە زۆر گرنگن بۆ رێگری شێرپەنجە. چونكە ڤیتامین بی تێدایە كە خانەی خوێنی سوور بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش چاكبوونەوەی دی ئێن ئەی باشتر دەكات. بوونی بڕێكی زۆر فۆلاتە رێ لە چەندان جۆری شێرپەنجە دەگرێت وەك ریخۆڵەو سنگ و سی و پەنكریاس. لە هەندێك توێژینەوەدا ئاماژە بەوە كراوە كە كەمی فۆلاتە هۆكارە بۆ گەشەكردنی چەندان جۆری شێرپەنجە لە لەشدا. 

دووەم: نەخۆشیی شەكرە، بامیە ئەنسۆلین وەك تایبەتمەندییەك تێیدایە بۆیە بەسوودە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی شەكرە. شەربەتی بامیە یان ئاوی بامیە یارمەتی كەمكردنەوەی ئاستی شەكری خوێن دەدات.

سێیەم: ئاستی كۆڵیسترۆڵ رێكدەخات، بەپێی كۆمەڵەی دڵی ئەمەریكی، ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە زیاتر تووشی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆڵیسترۆڵ دەبنەوە، بۆیە پێویستە ئاستی كۆڵیسترۆڵ لە لەشدا رێكبخرێت. بامیە یارمەتی نزمكردنەوەی ئاستی كۆڵسترۆڵ دەدات چونكە ریشاڵی تواوەی تێدایە و بەم شێوەیە ئاتسی كۆڵیسترۆڵ كەم دەكاتەوە كە ناسراوە بە كۆڵیسترۆڵی خراپ.

چوارەم: رێ لە جەڵتە دەگرێت، بامیە پڕە لە ڤیتامین سی، یەكێكە لە بەهێزترین دژەئۆكسیدەكان بۆ لەشی مرۆڤ كە لەش توانایی بەرهەمهێنانی نییە. ڤیتامین سی رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە نزمكردنەوەی ئاستی پەستانی خوێن و رۆیشتنی خوێن باشتر دەكات، بۆیە مەترسییەكانی جەڵتە كەم دەكاتەوە. بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان ئەو كەسانەی رێژەیەكی زۆر ڤیتامین سی لە لەشیاندا هەیە بەرێژەی %42 كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتە دەبنەوە. هەروەها ڤیتامین سی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی كۆلاجینی پێست و باشتركردنی پێست و نەرمكردنەوە رێگری لە پیربوونی پێست.

پێنجەم: پێست باشتر دەكات، بەكارهێنانی ئاسایی شەربەتی بامیە یارمەتی باشتركردنی پێست دەدات. چونكە دژەئۆكسیدی تێدایە كە یارمەتی پاككردنەوەی خوێن دەدات و زیپكە كەم دەكاتەوە و رێ لە نەخۆشییەكانی پێست دەگرێت بەم شێوەیەش دەتكات بە خاوەن پێستێكی تەندروست.



وشە - ئاوات ئازاد