ژمارەیەك ژن و منداڵی رزگاركراوی ئێزیدی گەیشتنە فڕەنسا

:: PM:06:50:08/08/2019 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم 31 ژنی رزگاركراوی ئێزیدی خۆیان و منداڵەكانیان گەیشتنە فڕەنسا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی پێشوازیكردن لە پەناخوازانی ئەو وڵاتە، وەك وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا رای گەیاند. 

وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە 31 ژنی رزگاربووی ئێزیدی بە هاوەڵی منداڵانیان گەیشتنە شاری تۆلۆز لە باشووری فڕەنسا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی پێشوازیكردن لە پەناخوازان لەو وڵاتە و بەوش ژمارەی خێزانەكانی ئێزیدی لە قوربانیانی دەستی داعش كە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 75 خێزان.

 بەپێی زانیارییەكان یەكەم وەجبەی گەیشتنی كوردانی ئێزیدی لە قوربانیانی دەستی داعش لە كانوونی یەكەمی رابردوو بوو كە 16 ژن و منداڵەكانیان كە كۆی ژمارەیان 83 كەس بوون، گەیشتنە فڕەنسا و دووەم وەجبە كە 23 خێزان 123 كەس بوون لە ئایاری رابردوو بوو، وەك بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ئاماژەی بۆ كردووە.

لای خۆیەوە لیۆنیل بۆرتۆ بەرپرسی بەشی پەناخوازان لە رێكخراوی "جێنشینكردن و مرۆیی"، رێكخراوێكی تایبەتە بە رێكخستنی لۆجیستی پێشوازیكردن لە پەناخوازان رای گەیاند كە ئەمڕۆ پێنجشەم 151 ژن و منداڵی ئێزیدی گەیشتوونەتە فڕەنسا.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسادا هاتووە، ئەو ژن و منداڵانە لە هەولێرەوە گەیشتوونەتە تۆلۆز و بەسەر چەند هەرێمێكی فڕەنسا دابەش دەكرێن و لەوێ پارێزی و ئاسایش و فێركردن و پاڵپشتی تەندروستی و كۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەكرێت. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل