دوو ملیۆن حاجی روویان لە چیای عەرەفە كرد

:: PM:01:47:10/08/2019 ‌

رۆژێك بەر لە جەژنی قوربان گەورەترین رێوڕەسمی ئاینی لە چیای عەرەفە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ سەرووی دوو ملیۆن حاجی لەو رێوڕەسمەدا بەشدارییان كردووە.

ئەمڕۆ شەموو سەرووی دوو ملیۆن حاجی روویان لە چیای عەرەفە كردووە و رێوڕەسمی بە جێگەیاندنی حەجیش لە دوێنێ هەینییەوە بە چوونی حاجییان بۆ مێنا دەستی پێ كردووە.

بەپێی دواین ئامار كە سعوودیە بڵاوی كردووەتەوە، دوو ملیۆن و 93 هەزار كەس بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەركی ئاینی حەج چوونەتە ئەم وڵاتەوە.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" شازادە خالید فەیسەڵ میری مەككە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كرد كە رێوشوێنی زۆر تۆكمە و رێك بۆ پێشوازیكردن لە حاجییان وەرگیراوە و سەرجەم لایەنەكان ئەركی خۆیان بە باشی جێبەجی دەكەن.

پێویستە بگوترێت هەندێك ساڵ رێوڕەسمی حەج بێ كێشە نەبووە و رووداوی دڵتەزێنی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە هیچ شتێكی نائاسایی رووی نەداوە.

دوو ساڵ لەمەوبەر تاوەری یەكێك لە پڕۆژەكانی پەرەپێدانی مەككە بەسەر حاجییاندا كەوتە خوارەوە كە بە هۆیەوە سەدان كەس گیانیان لە دەست دا.



وشە - سلێمان تاشان