"وشه" دوایین زانیارى له‌سه‌ر پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات
یه‌كێك له پرسانه‌ى كه ئێسته له‌ناو فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان مشتومڕى له‌سه‌ره ده‌ست پێ كردنه‌وه‌ى پله به‌رزكردنه‌وه‌یه كه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایى وه‌ستاوه.
دواى ده‌ستبه‌كاربوونى مه‌سروور بارزانى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان هاووڵاتییانى كوردستان ئومێدى زۆریان دروست كرد، ئه‌نجامدانى چاكسازى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى یه‌كێكه له بنه‌ماكانى دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێ، به‌ڵام فه‌رمانبه‌ران داوا ده‌كه‌ن پله به‌رزكردنه‌وه‌ى ده‌ست پێ بكاته‌وه.
"وشه" لهسهرچاوهیهكى به‌رپرسه‌وه زانیارى ئه‌وه‌ى وه‌رگرتووه كه پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران له ماوه‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
وه‌ك سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، حكوومه‌ت پلانى پێداچوونه‌وه‌ى به میلاكات هه‌یه و دواى ئه‌وه‌یش پله به‌رزكردنه‌وه‌ى ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
لاى خۆیه‌وه وه‌یسى سه‌عید وه‌یسى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ده‌سپاكى له په‌رله‌مانى كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، له پێشینه‌ى كاره‌كانى حكوومه‌ت و په‌رله‌مان ئه‌نجامدانى چاكسازییه و ده‌بێت پڕۆژه‌ى چاكسازى په‌سه‌ند بكرێ.
ڕوونیشى كرده‌وه كه پلان هه‌یه دواى په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌ى چاكسازى پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌ست پێ بكاته‌وه.
ئێسته به سه‌تان فه‌رمانبه‌ر له هه‌رێمى كوردستان مافى پله به‌رزكردنه‌وه‌ى هه‌یه، به‌ڵام حكوومه‌ت بڕیارى پله به‌رزكردنه‌وه‌ى نه‌داوه.
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم