هه‌ڵاڵه سوهرابی /43 ساڵ/ شاعیر و نووسه‌ر و چالاكی مافی ژن، له بۆكان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی رۆشنبیر له دایك بووه و په‌روه‌رده‌ی سه‌قزه و هه‌نووكه دانیشتووی سنه‌یه. هه‌ڵاڵه له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو دوو كتێبی شیعری به‌ناوه‌كانی "من ئێستا دۆزه‌خه" و "پیاڵه‌یه‌ك ئوقیانووس نیم بمڕێژی" چاپ و بڵاو كرده‌وه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له ئه‌زموونی خۆی له بواری شیعر و ئه‌ده‌ب ده‌كات.
كه‌ی هاتیته ناو دنیای شیعر و ئه‌ده‌ب و شیعرت به چه‌ند زمان نووسیوه؟
یه‌كه‌م ئه‌زموونی شیعریم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1991، به‌ڵام له ساڵی 1999 نووسینم به زمانی كوردی ده‌ست پێ كردووه. شیعرم به دوو زمان واته فارسی و كوردی هۆنیوه‌ته‌وه و به‌رهه‌مێكی چاپنه‌كراو و بڵاونهكراوهم هه‌یه به زمانی فارسی، به‌ڵام ئێسته به‌رده‌وام به زمانی كوردی ده‌نووسم و چێژی زیاتر له كوردی ده‌بینم.
باشه چ هۆكارێك وای لێ كردی بێیته ناو دنیای شیعر و ئه‌ده‌به‌وه؟
شیعر زیاتر له هه‌موو هه‌ستێك ئه‌زموونی ڕه‌نجه، جا بڕێك له ڕه‌نجه‌كان تایبه‌تمه‌ندی شاعیر خۆین، هه‌ندێكیشیان هاوبه‌شن له نێوان شاعیر و خوێنه‌ردا و هه‌ر ڕهنجێكیش تایبه‌ت به ته‌مه‌نێكم بووه، تا ئێسته‌یش هه‌ر له كاتی خه‌م یان تووڕه‌ییدا ئێش و ئازاره‌كانی خۆم به شیعر ده‌ربڕیوه .
شیعر بۆ من وه‌ك هاوڕێیه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه. پێم وایه خۆشترین هه‌ست ئه‌و كاتانه‌یه دوور له ژیان و ساته‌كانی ڕۆژمه‌ڕه داده‌نیشی و وشه‌كان به هه‌موو بیر و هه‌سته‌وه لای یه‌ك داده‌نێی و خه‌مناكترین و تووڕه‌ترین و پڕ هه‌ستترین ڕسته‌كانی پێ ساز ده‌كه‌ی، ئه‌وه بۆ من پڕ بایه‌خترین كار بووه و هه‌میشه چێژم له سیحری "وشه" بردووه كاتێ ده‌كه‌ونه پاڵ یه‌ك و من ده‌توانم مانای لێ ساز بكه‌م. به‌ڵام بێجگه له هه‌موو ئه‌و ههستانهیش، سه‌رده‌مانێك كه پێیان گوتین لاڵ به، لاڵ بووین و نووسین ده‌ستی پێ كرد. كه گوتیان بمره، مردین و له شیعره‌كاندا درێژه‌مان به ژیان دا، ته‌نانه‌ت كاتێ له شیعردا خۆشه‌ویستیمان كرد، شیعره‌كانیان سووتاندین و كه‌وتینه به‌ر تۆمه‌ت و به دژه یاسا و یاخی ناویان بردین.
وه‌ك ژنێك هیچ شتێك ناتوانێ له‌م دنیایه‌دا خۆی له بیر و هزری من بشارێته‌وه. له‌سه‌ر شه‌قام، له‌ناو پاس، له قوژبنی دره‌خته‌كان، له نیگا و ڕوانین و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤ به دوای وشه‌دا ده‌گه‌ڕێم. كاتێ ده‌بینم كه ژن زۆربه‌ی ساته‌كانی خۆی له ئاشپه‌زخانه ده‌باته سه‌ر، كه‌وایه نووسه‌ری ژن ده‌بێ فكرێ به‌حاڵی خۆی و سه‌ری و لێشاوی وشه‌كان بكات.
له ژیاندا هه‌موو شتێ تێكه‌ڵ به ژیانی ئاسایی ده‌بێ، به‌ڵام كاتێ ڕۆژ ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌وه وشه‌كانن كه مانا به رۆژه‌كان ده‌به‌خشن و تایبه‌تمه‌ندیی پێ ده‌ده‌ن. له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه وه‌ك ئه‌زموونی تاكهكهسیم ڕه‌نگه به‌هێزترین ده‌قم له ئاشپه‌زخانه و به ده‌م چێشت لێنانه‌وه نووسیبێت.
تا ئێسته چه‌ند به‌رهه‌می شیعریت هه‌یه و له چه‌ند كۆڕی شیعری تایبه‌ت و هاوبه‌ش به‌شداریت كردووه؟
نزیك به 28 ساڵه به‌رده‌وام خه‌ریكی نووسینم، ڕه‌نگه ماوه‌ی هه‌شت ساڵ به‌هۆی هه‌ندێك ئه‌زموونی تری ژیان له نووسین دابڕابم، به‌ڵام له ساڵی 2011 وه‌ك شاعیر گه‌ڕامه‌وه دنیای نووسین به تایبه‌ت شیعر، له‌م ساڵانه‌یشدا پێنووسی خۆم له بواری كورته چیرۆك و وتار تاقی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام زیاتر گرنگیم به شیعر داوه.
ڕه‌نگه تا ئێسته به‌رهه‌مه‌كانی خۆم ئه‌ژمار نه‌كردبێ و قه‌ت بیرم له ژماردنی شیعره‌كانم نه‌كردبێته‌وه.
ئه‌ی چه‌ند كتێبی شیعریت نووسیوه؟
دوو كتێبی شیعری چاپكراوم هه‌یه له‌ژێر ناوی "من ئێستا دۆزه‌خه و پیاڵه‌یه‌ك ئوقیانووس نیم بمڕێژی" كه ماوه‌ی سێ مانگه چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه و گه‌یشتوونه‌ته لای كتێبفرۆشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌روه‌ها خاوه‌نی كتێبێكی تری شیعریم به زمانی فارسی كه ڕه‌نگه هیچ كات چاپ و بڵاو نه‌بنه‌وه.
له شیعره‌كانت چۆن باسی ژنان ده‌كه‌یت؟
ژن له شیعری مندا له پێش هه‌موو شتێك مرۆڤه، دوایی ژنه و دایكه و هاوسه‌ره و هاوڕێیه، له هه‌مانكاتیشدا ده‌یه‌وێ وه‌ك خۆی بێ و وه‌ك خۆی لێی بڕوانن، حه‌زی له ڕه‌هاییه، به‌ڵام ژنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له پارادۆكسێكی خهمناكدا ماوه‌ته‌وه، یان ده‌بێ ژنانه بژی له قه‌فه‌سدا یان ده‌بێ پیاوانه هه‌ڵسوكه‌وت بكات و خۆی و هه‌ست و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕه‌گه‌زی خۆی له چاوی كۆمه‌ڵگه بشارێته‌وه.
به‌گشتی هه‌ر شتێك له ناخه‌وه منی ئازاردابێت، یان تووڕه‌ی كردبم یان به‌ربه‌ست بووبێ له نێوان من و خواسته‌كانم، له ئاكامدا به شێوازی شیعر یان زۆر جاریش وه‌ك چیرۆكێك خۆی له منه‌وه ده‌رباز كردووه. هه‌وڵم داوه وه‌ك ژنێك بڕوانمه دنیای ده‌وروبه‌رم و زۆربه‌ی شیعره‌كان باسگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی و باسی دنیایه‌كی ژنانه‌یه و كێشه‌كان و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتی ژنێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌یه .
چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ شاعیرانی تر جیات ده‌كاته‌وه؟
ئه‌م پرسیاره ده‌بێ دابنرێ بۆ ڕه‌خنه‌گران و خوێنه‌رانی شیعر، به‌ڵام خۆم هه‌میشه هه‌وڵم داوه سووژهگهل و وێنه‌گه‌لێكی نوێ و تایبه‌ت به ده‌روون و بیروبڕوای خۆم به‌رانبه‌ر به ده‌وروبه‌رم و كۆمه‌ڵگه بێنمه ناو شیعره‌وه، تا ئه‌و جێیه‌ی توانیومه و هه‌وڵم داوه داهێنانم ببێ له شیعر و ده‌نگ و شوناسی تایبه‌ت به خۆمم هه‌بێ، خۆم له دووپاتبوونه‌وه بپارێزم و زمان و ڕوانینم بۆ زۆربه‌ی شته‌كان ژنانه بێت.
چ شتێك تۆی كردووه‌ته پاڵه‌وانی نووسینه‌كانت؟
ڕه‌نگه ئه‌و به‌رهه‌ڵستی و تووڕه‌ییه‌ی ژنێك به‌رانبه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار و تێكهه‌ڵكێشكردنی هه‌موو تووڕهییهكان له‌گه‌ڵ شیعر، له هه‌مانكاتیشدا بوونی پارادۆكسی شیاو و گونجاو به‌رانبه‌ر به كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
عه‌شق و ئه‌وین تا چه‌ند ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه به‌سه‌ر نووسینه‌كانته‌وه؟
له هه‌ر سه‌رده‌مێكی ژیاندا شاعیر جۆرێك بیر له شیعر ده‌كاته‌وه، هه‌ر هه‌ستێك تایبه‌ت به سه‌رده‌مێكه و ڕوانینت به شته‌كان له حاڵه‌تی گۆڕاندایه، هه‌ر سه‌رده‌مێك شتێكت بۆ گرنگه كه تێكه‌ڵ به شیعری بكه‌ی، به‌ڵام به‌گشتی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كیم عه‌شق به‌و مانا تۆخه‌ی هه‌موو جیهانبینیم داگیر بكات، نه‌بووه. زیاتر گرنگیم به شتی تر داوه، هاوكات هه‌وڵم داوه به‌رهه‌ڵستی به كاڵابوونی ژنان و ڕوانگه سێكسییه‌كان ببمه‌وه و له‌و ڕێیه‌وه پێویستی ڕۆح به ئه‌شق بسه‌لمێنم.
جوانترین وشه لای تۆ چییه؟
هه‌میشه هه‌موو وشه‌كانم خۆش ویستووه و باشترین و جوانترین هاوڕێم بوون.
له نووسینی وشه‌ی ڕۆمانسی و هه‌ندێك له‌م وشانه‌ی كه شاعیرانی ژن پێشتر ئه‌و بوێرییه‌یان نه‌بووه، تۆ بوێری ئه‌وه‌ت تێدا هه‌بووه بیانخه‌یته ناو رستهكانتهوه؟
هیچ كات هه‌وڵم نه‌داوه به خاتری وشه‌یه‌ك یان هه‌ستێكی تایبه‌ت، پێنووسم له شیعردا تووشی سانسۆر بكه‌م.
وشه/ دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال