"ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیجی چارەسەری بەپەلەی دۆخی ئێستەی عێراقە"

:: PM:04:27:12/08/2019 ‌

دوو بەرپرسی عێراقی نزیك لە نووسینەوەی رەشنووسی یاسای ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیجی لە عێراق، دووپاتی دەكەنەوە كە كاتی هاتووە پرۆسەی سیاسی نەزۆكی عێراق لە رێی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنەوە چارەسەر بكرێت و كەسانی وەك سەرۆك بارزانی و ئەیاد عەلاوی نزیك بخرێنەوە لە بڕیاردان لە عێراق. 

ساڵی 2009 لە رێككەوتنی هەولێر بۆ دامەزراندنی حكوومەتی عێراق كە بە شرۆڤەیەكی دەستوور چانسەكە لە ئەیاد عەلاوی وەرگیرایەوە و پێشكەشی نووری مالیكی كرا، بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەو وڵاتەدا، سەرۆك بارزانی پێشنیازی دامەزرادنی ئەنجوومەنی فیدراڵی كرا كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتیی بكات و لایەنەكان لەسەری رێككەوتن، بەڵام دواتر مالیكی ئاستەنگی دروست كرد بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنەكە.

وەك بارزانی ئاماژەی كردووە، عێراق پێویستی بە هاوبەشی راستەقینە لە بڕیاردان و پابەندی بە پرەنسیپی سازان و هاوسەنگی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە، بۆیە ئەو تەنگژانەی ساڵانی دوایی عێراق پەردەپۆشی ئەوەیان كرد كە دەوڵەتی عێراق كێشەی فەرمانڕەوایی هاوسەنگی هەیە، چارەسەریش نزیككردنەوەی كەسایەتیی كاریگەر و خاوەن ئەزموونە سیاسییەكانە لە بڕیاری ستراتیجی وڵات. ئامانجی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیجی هەر ئەوەبوو.

د. عەلا مەكی بەرپرسی ئەنجوومەنی ناوەندی سەكۆی عێراقی لە هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە كە دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە وەك چارەسەری دۆخی ئێستەی وڵات زۆرباشە، بەتایبەتی كاتێك پرۆسەی سیاسی لە وڵات گەیشتووەتە سڕبوون و نەزۆكی، بۆیە ئەو ئەنجوومەنە بریتییە لە چارەسەری بە پەلەی دۆخی ئێستەی عێراق.

مەكی زیاتر گوتی، پێویستە سەرانی هێزە سیاسییەكان و سەرانی هەرسێ سەرۆكایەتیی رێكبكەون بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنەكە كە یاسای پێشنیازكراوی ئەنجوومەنەكە، رەشنووسەكەی لە پەرلەمانە و منیش پێشتر یەكێك بووم لەو لیژنەیەی لە خۆم و عەدنان جەنابی و حەسەن سنێد و ژمارەیەكی تر پێك هاتبوو، ئێمە رەشنووسی یاساكەمان نووسییەوە و لەلایەن سەرۆكایەتیی و سەرانی هێزە سیاسییەكان قبووڵكراو بوو، بەڵام دواتر هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە)، كێشەیان بۆ دروست كرد و رەتیان كردەوە و ئەنجوومەنەكە دروست نەبوو.

"پێش هەموو شتێك بۆ بەرژەوەندی گەلی عێراق و دوای ئەوە بۆ بەرژەوەندی سەرانی هێز و پارتە سیاسییەكانی عێراق پێویستە ئەو ئەنجوومەنە بێتە دامەزراندن، چونكە ئەوانیش سوودمەند دەبن بەوەی چارەسەرێكی باش بۆ مانەوەی دۆخەكە بەو شێوەیە فەراهەم دەبێت، ئەگەرنا وڵات بەرەو كارەسات دەچێت لە دەركەوتنەوەی داعش، بۆیە بەلایەنی كەمەوە دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە دەبێتە هۆی دروستبوونی هێزی سەربازی و تەناهی بەهێز بەهۆی پاڵپشتی جەماوەر لێیانەوە، ئەوە چارەسەرێكی لۆجیكییە" مەكی وای گوت.

بەرپرسی ئەنجوومەنی ناوەندی سەكۆی عێراقی لە هەرێمی كوردستان، رای گەیاند كە پاڵپشتی تەواو لە دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە دەكەین، بەتایبەتی ئەگەر ئەنجوومەنەكە كەسانی سیاسی دێرین و خاوەن خەبات و ئەزموونی وەك سەرۆك بارزانی و ئەیاد عەلاوی و هیتریش لەخۆ بگرێت، كە ناكرێت ئەزموونی زیاتر لەوانە هەبێت و بە دۆخە جیاجیاكانی عێراق، بۆیە ئەوان خاوەن ئەزموونێكی زۆرن و ناكرێ گەلی عێراق لە ئەزموونی ئەوانە بێبەش بێت، بۆیە ئەگەر بڕیارێك لەوبارەوە بدرێت كە لەگەڵ ویستی عێراقییەكان دەگونجێت، ئێمە پاڵپشتی لێ دەكەین.

لەبارەی بەربەستەكانی پێش دامەزراندنی ئەنجوومەنەكە مەكی روونی كردەوە، یەكەم بەربەست لەكاتی خستنەڕووی بیرۆكەكە هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) بوون، چونكە پێیان وابوو ئەنجوومەنەكە دەسەڵاتی بڕیاردانیان لێ دەستێنێتەوە، ئەوكاتەی ئەنجوومەنەكە دادەمەزرێت بڕیاردان هەمووی بەدەستی ئەوان نەدەبوو، بەڵام ئێستە كاتی گونجاو هاتووە بۆ ئەوەی بڕیارەكە بەدەستی هەموو عێراقییەكان بێت و لە بڕیاردان و چارەنووسیان هاوبەش بن، ئەوەش باشترین چارەسەرە.     

شارەزایان پێیان وایە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیجییەكان لە عێراق، دەبێتە پاڵپشتی بۆ عێراق و حكوومەتەكەی، دامەزراندنی لە بەرژەوەندی عێراقە و هیچ رێگری یاسایی نییە، بۆیە كێشەكانی عێراق كە بریتییە لە چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تیرۆر و بەشبەشێنە، خۆی لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیجی دەبینێتەوە. 

هاشم حبووبی جێگری ئەمینداری گشتیی حزبی ویفاقی وەتەنی عێراقی، یەكەم جێگری ئەیاد عەلاوی بۆ "وشە" روونی كردەوە، ئەو بابەتە لە 2010 وەك بیرۆكە دەستی پێ كرد و بەشێك بوو لە رێككەوتنی سێقۆڵی نێوان سەرۆك بارزانی و نووری مالیكی و ئەیاد عەلاوی لەبارەی چۆنیەتیی ئیدارەدانی فەرمانڕەوایی لە عێراق، بەڵام بە پاساوی ناكۆكی لەگەڵ دەستووری عێراق سەركەوتوو نەبوو كە بوونی نییە لەناو دەستووری هەمیشەیی عێراق لە 2005.

زیاتر گوتی، "ئەنجوومەنەكە مسۆگەری لێكگەیشتنە لەبارەی پرسە سەرەكییەكان و ستراتیجییەكان، پێم وایە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ دەكرێت چاو بە دامەزراندنەوەی ئەو بابەتە بخشێندرێتەوە یان چاو بە مادەی 96ی بخشێندرێت و جێبەجێ بكرێت كە باس لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵ دەكات و پەرەی پێ بدرێت بۆ ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیجی".

حبووبی دووپاتی كردەوە، ئەگەر بتوانین بەربەستی دەستووری لەبارەی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە تێپەڕ بكەین، دەتوانین بەسەر گەندەڵی و تیرۆر و تایفیی سەر بكەوین، جیا لەوەی چارەسەرێكی زۆرباشە بۆ دروستبوونی بەڕێوەبردنێكی هاوبەش و سازان و دروستبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان سەرانی باڵای دەوڵەت.

"ئەگەر ئەو چارەسەرییە لە 2010 بكرایە، زۆر لەو كێشانەی بەسەرماندا هات نەدەبوون كە ئێستە لە عێراق سیاسەتی باڵامان نییە، ئەوەی هەیە لاوەكییە و كاتێك هەموو دنیا بیر لە ساڵان و دەیان ساڵی داهاتوو دەكاتەوە، ئێمە لە عێراق وەك كرێكاری كاتی كار دەكەین و ئەوەش پێشكەوتن ئەستەمتر دەكات" جبووبی وای گوت.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل