كچە تاقانەكەی شارۆخان دێتە دنیای سینەماوە

:: AM:09:10:13/08/2019 ‌

سوهانا خان كە دەكاتە كچی ئەستێرەی بۆڵیوود شارۆخان، خۆی لە دنیای سینەما دەبینێتەوە و لە فیلمێكی بەریتانیی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت.

پێگەی "هیاماگ" كە لە بۆڵیوود بڵاو دەبێتەوە، هەواڵێكی لەبارەی كچەكەی شارۆخان بەناوی "سوهانا خان" بڵاو كردووەتەوە كە خۆ لە دنیای سینەمادا بینییەوە. بۆ یەكەمین جارە سوهانا لە كورتە فیلمێكی بەریتانی بەشداری دەكات بەناوی the grey part of blue
زیاتر روونی كردووەتەوە كە دەرهێنەری فیلمەكە "تیودۆر جیمینۆ"یە، هاوكات هونەرمەند "رۆبن جۆنیلا" بەرانبەر بە سوهانا رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت.

دواتریش پێگەكە ئاماژەی داوە، دەرهێنەری فیلمەكە رێكلامی بۆ بەرهەمەكە كردووە و تابلۆیەكی تایبەتی بۆ دروست كردووە. بەڵام تا ئێستە دیار نییە كەی ئەو فیلمە پێشان دەدرێت.

شارۆخ تاج محەمەد خان لە ساڵی 1965 لە شاری نیودلهیی هیند لە خێزانێكی دەوڵەمەند لە دایك بووە كە باوكی خاوەنی كارگەی رۆن بووە و دایكیشی پسپۆڕی بواری كۆمەڵایەتی بووە. لە كۆتایی هەشتاكاندا هاتوەتە بواری هونەر و وەك ئەكتەر لە دراماكانی تەلەڤزیۆندا دەركەوتووە. دوای مردنی باوك و دایكی، چووەتە شاری بۆمبای و لە یەكەمین فیلمی بەناوی DIL AASHNA HAI، وەك ئەستێرەیەكی سینەما دەركەوت.

دواتر شارۆخان وەك ئەستێرەیەكی بۆڵیوود بووە خۆشەویستی خەڵك كە تا ئێستە خاوەنی دەیان فیلمە، بەڵام فیلمەكانی "Idiot” و"Raju Ban Gaya Gentleman” و"Baazigar” و"Anjaam” و"Kuch Kuch Hota Hai” و"Devdas” و"My Name Is Khan” و"Love Breakups Zindagi” لە فیلمە ناودارەكانی ئەو ئەستێرەیەن. 




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د