پۆمپیۆ هاوپەیمانەكانی لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار دەكاتەوە

:: AM:10:03:13/08/2019 ‌

مایك پۆمپیۆ هۆشداری دایە هاوپەیمانەكانی تا ئەو كاتەی ئێران درێژە بەم سیاسەتانەی بدات و ببێتە هۆی ناسەقامگیری، پێویستە سەرجەم سزاكانی لەسەر جێبەجێ بكرێت و هیچ ساردبوونەوەیەكی پێوە دیار نەبێت.

ئەو لە تویتێكدا وێنەی كاتی دیاریكراوی بەسەرچوونی سزاكان دژی ئێرانی بڵاو كردووەتەوە كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون و بە سزاكانی چەك ناسراون.

لە وێنەكە ئەوە دەردەكەوێت كە 15 مانگ و هەشت رۆژ و 11 سەعات ماوە تا ئەو كۆمەڵە سزایانە لەسەر ئێران هەڵگیرێن.

هاوكات لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش باس لەوە كراوە كەسانێكی وەك قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە 18ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020ەوە دەتوانن گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن و بە فرۆشتنی چەك بە گرووپە تیرۆریستییەكان درێژە بە خراپەكارییەكانیان بدەن.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەمەریكا باسی لەوە كردووە دوای تەواوبوونی ماوەی سزاكان، رووسیا و چینیش دەستیان كراوە دەبێت لە فرۆشتنی تانك و مووشەك و چەكی قورس بە ئێران و ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی ململانێی چەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە كایەوە و دۆخەكە هێندەی تر ئاڵۆزتر بكات.

پێویستە بگوترێت ئەم سزایانە پێشتر بەسەر ئێراندا سەپێنرابوون و دوای رێككەوتنی وڵاتانی پێنج كۆ یەك و ئێران لەسەر پرسی ناوكیی، بڕیار درا تا ئەو ماوە دیاریكراوە سزاكان لەسەر ئێران هەڵگیرێن.

لە بڕیارنامەكە داوا لە تەواوی وڵاتانی دنیا كرابوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ چەك و چۆڵ بە ئێران نەفرۆشن. ئەمەریكا كە یەكلایەنە لە رێككەوتنەكە هاتووەتە دەرەوە، ترسی ئەوەی هەیە دوای تەواوبوونی ماوەكە وڵاتانی تر گوێ بە داواكارییەكەی ئەمەریكا نەدەن و بەپێی یاسا نیودەوڵەتییەكان درێژە بە فرۆشتنی چەك بە ئێران بدەن.



وشە - سلێمان تاشان