ئەمیتاب باچان كە ئەستێرەیەكی زۆر دیاری دنیای بۆڵیوود و هیندستانە، وەك كەسێكی ئاسایی ساڵانە یەك جار یادی لەدایكبوونی ناكاتەوە، بەڵكو لە دوو رۆژی جیادا ئاهەنگی لەدایكبوونی دەگێڕێت.
پێگەی "هیاماگ" كە سەر بە بۆڵیوودە، هەواڵێكی لەبارەی هونەرمەند ناوداری هیند ئەمیتاب باچان بڵاو كردووەتەوە و رای گەیاندووە، ئەو هونەرمەندە ساڵانە دووجار یادی لەدایكبوونی خۆی دەكاتەوە و ئاهەنگ دەگێڕێت.
زیاتر روونی كردووەتەوە، رۆژی راستینەی لەدایكبوونی ئەمیتاب 11ی ئۆكتۆبەرە و لەو رۆژە یادەكە دەكاتەوە. هاوكات ساڵانە دووی ئۆگستس دیسان یادی لەدایكبوونی خۆی دەكاتەوە و ئەوكات ئاهەنگێكی رژدتریش دەگێڕێت.
لەبارەی رۆژی دووی ئۆگستسەوە پێگەكە روونی كردووەتەوە، كاتێك ئەمیتاب تەمەنی گەیشتبووە 37 ساڵ و و رێك لە دووی ئۆگستس لەكاتی وێنەگرتنی فیلمێكدا دەكەوێ و دەبوورێتەوە. كاتێك رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێ، لەوێ لەدوای پشكنین، پزیشكەكان مردنی ئەو هونەرمەندە رادەگەیەنن چونكە دڵی وەستابوو. دوای ماوەیەك دووبارە دڵی دەست بەلێدان دەكاتەوە و و دێتەوە هۆش خۆی. واتە ژیانێكی نوێی پێ دێتە بەخشین.
لەبەرئەوەیە كە ئەو هونەرمەندە ناودارە، ساڵانە دووجار یادی لەدایكبوونی خۆی دەكاتەوە و لە دووی ئۆگستسدا خەڵكێكی زیاتریش بانگێشتی ئەو یادە دەكاتەوە.
ئەمیتاب هاریفانچ باجان لە شاری ئەڵابادی هیند لە ساڵی 1942دا لە دایك بووە، جیا لەوەی ئەكتەرێكی ناودارە، هاوكات بەرهەمهێنەری سینەمایی و گۆرانیبێژ و پێشكەشكاری بەرنامەی تەلەڤزیۆنییە. لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكانەوە وەك ئەكتەر لە بۆڵیوود دەركەوت. رەخنەگرانی ئەو بوارە پێیان وایە، ئەمیتاب توانیویەتی كاریگەری لەسەر مێژووی سینەمای هیندی دابنێت.
باوكی ئەمیتاب شاعیرێكی زۆر ناوداری هیندە و لە ساڵی 2003دا كۆچی دوایی كردووە، دایكیشی لە ساڵی 2007دا كۆچی دوایی كردووە كە هەردووكیان لەگەڵ ئەمیتاب ژیاون چونكە كوڕی گەورەیان بووە. ئەمیتاب برایەكی بەناوی "ئەجیتاب" هەیە و ئەویش لە بواری شانۆدا كار دەكات. ئەمیتاب لە زانكۆی دلهی كۆلیژی زانستەكانی تەواو كردووە و دواتر خۆی لە بواری سینەمادا بینیوەتەوە كە خاوەنی زیاتر 100 فیلمی سینەماییە.