ناسر هەركی: بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان پێویستە میلیشیاكان بارەگاكانیان ببەنە دەرەوەی شارەكان

:: AM:11:11:13/08/2019 ‌

پاش زنجیرەیەك تەقینەوە و كردنە ئامانجی سەربازگەكانی میلیشیا شیعەكان لە ناوچە كوردستانییەكان و بەغدای پایتەخت، پەرلەمانتارێك بەپێوستی دەزانێ میلیشیاكان ناوەندی شارەكان بەجێ بێڵن، ئەوەش لەكاتێكدایە دەبوو بەفەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆتایی مانگی رابردوو بارەگاكانیان چۆڵ بكردایە.

ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، دەبێ چەكدارانی حەشدی شەعبی بارەگا و سەربازگەكانیان ببەنە دەرەوەی شارەكان بۆ ئەوەی چیتر نەبنە مایەی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، چونكە بەردەوام كردنە ئامانجی سەربازگەكان و بارەگاكان، ژیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەو دەڵێت "ئێمە داواكارین لێكۆڵینەوەش بكرێ لە بابەتی تەقینەوەی سەربازگەكان و بزانرێت هۆكاری تەقینەوەكان چین."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە، وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەم پرسە بەگرنگ وەردەگرن و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و فەرماندە سەربازییەكاندا بەرژدی لەسەری دەوەستن بۆ ئەوەی چارەی بۆ بدۆزرێتەوە، تاكەچارەسەریش گواستنەوەی بارەگاكانی حەشد و سەربازگەكانیەتی بۆ دەرەوەی شارەكان .

ئەگەرچی دەبوو كۆتایی مانگی رابردوو بەفەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بارەگاكانی حەشدی شەعبی دابخرێن، كەچی سەرباری دانەخستنی بارەگاكانیان، سەربازگەكانیشان ماوە و تەنیا لەماوەی ئەم دوو مانگە لە ناوچە كوردستانییەكان و بەغدای پایتەخت زیاتر لە سێ جار سەربازگەكانی حەشد كراونە تەئامانج و لەدوا جاریشدا كە رۆژی رابردوو بوو شەپۆلی كۆچی خەڵكی بەغدای پایتەختی بەدوای خۆیدا هێنا.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سلێمان تاشان