ساڵوەگەڕی 57 ساڵەی مردنی مارلین مۆنرۆ

:: PM:02:00:13/08/2019 ‌

میدیاكانی دنیا ساڵانە لە رۆژی مردنی ئەستێرەی ناوداری دنیا "مارلین مۆنرۆ" یادی دەكەنەوە، ئەمساڵیش كە ساڵوەگەڕی 57 ساڵەی ئەو خاتوونەیە، بەهەمانشێوە دەیان كەناڵی تەلەڤزیۆنی و رۆژنامە و گۆڤار و پێگە ئەلیكترۆنییەكان یادیان كردەوە و بایەخی زۆریان پێ دا. یەك لەو پێگانە "فەرفیش"ە و بایەخێكی زۆری پێ داوە و راپۆرتێكی درێژی لەبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە. "وشە"یش كورتەیەك لەو راپۆرتە بڵاو دەكاتەوە.

مارلین مۆنرۆ كە ئەكتەرێكی كۆنی ئەمەریكی بووە و لە ساڵی 1926دا لە شاری لۆس ئەنجیلۆسی ئەمەریكا لە دایك بووە. ناوی راستینەی "نۆرما جین بیكەر" بووە. لەبەرئەوەی دایكی ئامادە نەبووە بەخێوێ بكات، بۆیە تا تەمەنی گەیشتووەتە نۆ ساڵ، لە خانەی هەتیوان بەخێو كراوە. لە قۆناغی هەرزەكاری و دروست لە تەمەنی 14 ساڵیدا تووشی چەندان جار دەستدرێژیی سێكسیی بووە، بۆیە تا مردنیشی نەخۆشیی دەروونی هەبووە.

لە سەرەتادا كە بۆ ساڵی 1944 دەگەڕێتەوە، بۆ یەكەمین جار مۆنرۆ وەك نمایشكاری جلوبەرگ دەركەوت، لە یەكەمین نمایشیدا چونكە زۆر جوان بووە، وێنەی لە زیاتر لە 30 كەناڵی میدیایی بڵاو بووەوە و بووە ناوێكی دیاری ئەو بوارە. لەو رێیەوە دەرگەی هۆڵیوودی بۆ كرایەوە و پسپۆڕانی بواری سینەما بایەخێكی زۆریان پێ دا و تا مردنی لە چەندان فیلمدا بەشداریی كردووە كە مۆنرۆ لەو دنیایەدا بە ورووژێنەرترین ئەكتەر هاتە ناسین.


وەك سەرەتا لە كۆمپانیایەك كاری كردووە كە تایبەت بووە بە مۆدێل و بە جوانییەكی ناوی دەركردووە، بۆیە لە چەندان رێكلامدا دەركەوتووە. هاوكات وەك كۆمبارس خۆی لە سینەما دۆزیوەتەوە، لەبەرئەوەی بەهرەی گۆرانیگوتن و هاوكات نواندنیشی هەبووە و لەگەڵ ئەوەیشدا ئافرەتێكی ورووژێنەر بووە، بۆیە دەرهێنەران بایەخیان پێ داوە تا بووەتە ئەو ئەستێرەیەی هەموو دنیا بیناسن كە خاوەنی زیاتر لە 20 فیلمی سینەماییە.

لە ساڵی 1942دا مۆنرۆ شووی بە دراوسێیەكی خۆیان كردووە كە لە بواری وێنەگرتندا كاری كردووە، دوا هاوسەریشی كە چوارەمین بووە، ئارسەر میلەری نووسەر بووە كە لە ساڵی 1956ەوە تا 1961 پێكەوە بوون. 

مارلین مۆنرۆ لە پێنجی مانگی ئابی ساڵی 1962 لە ماڵەكەی خۆی لە لۆس ئەنجیلۆس كە لەسەر سیسەمەكەی بە رووتی خەوتبوو، بە مردوویی بینرایەوە. هەندێك پێیان وایە بەهۆی زۆریی بەكارهێنانی حەبی خەوتن گیانی لە دەست داوە، بەڵام زۆرترین گومان لەسەر ئەوەیە بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە گیانی لە دەست دابێ.









وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

ئه‌م بابه‌ته 233 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌