ئایسه‌ل بۆراك یه‌كێكه له‌و خانمه گۆرانیبێژه ڕه‌سه‌نانه‌ی كورد كه ماوه‌یه‌كه له باكووری كوردستان خزمه‌ت به هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی ده‌كات، خه‌ڵكی باكووری كوردستانه و له ساڵی 1989 له شاری وان هاتووه‌ته دنیاوه و ئێسته‌یش له ئیسته‌نبۆل ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.
ئایسه‌ل به‌م دواییه نوێترین به‌رهه‌می خۆی به‌ناوی "سه‌رشۆ" بڵاو كرده‌وه، له دیمانه‌ی ئه‌م جاره‌ی "وشه" باس له‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: له پێناو مانه‌وه و پاراستنی هونه‌ری كوردی گۆرانی ڕه‌سه‌ن ده‌ڵێمه‌وه.
_ ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه و تاكو ئێسته چه‌ند به‌رهه‌می تایبه‌ت به‌خۆتت هه‌یه؟
من له ته‌مه‌نی 10 ساڵییه‌وه، واته له ساڵی 1999 ده‌ستم پێ كرد و هاتمه ناو كاروباری هونه‌رییه‌وه، تاكو ئێسته‌یش به‌رده‌وامم. هه‌روه‌ها تاكو ئێسته وه‌كو به‌رهه‌می تایبه‌ت ته‌نها خاوه‌نی یه‌ك "ستران"ـم به‌ناوی "سه‌رشۆ"، به‌ڵام چه‌ندان گۆرانیی ڕه‌سه‌ن و فۆلكلۆری كوردیم له ئاهه‌نگه‌كان و به‌رنامه‌ی تیڤییه‌كان وتووه‌ته‌وه كه پێشتر خاوه‌نی ئه‌م به‌رهه‌مانه هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگ و مه‌زن بوون و ئێسته له ژیاندا نه‌ماون.
_ به‌رهه‌می "سه‌رشۆ" باس له چی ده‌كات؟
گۆرانی " سه‌رشۆ" یه‌كه‌م به‌رهه‌می تایبه‌ت به خۆمه كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێسته بڵاوم كرده‌وه، باس له سه‌رشۆرین و ڕۆژی ئاهه‌نگگێڕان و ڕۆژی زاوایه‌تی ده‌كات.
گۆرانییه‌كه له ئاواز و نوسینی كێیه و كلیپه‌كه‌ی له كوێ تۆمار كراوه؟
ئاواز و تێكستی گۆرانییه‌كه گه‌له‌رییه، واته فۆلكلۆرییه، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كه تایبه‌ت به خۆمه و هیچ كه‌سی تر خاوه‌نی نییه. هه‌روه‌ها كلیپه‌كه‌مان له باشووری كوردستان، له ده‌وروبه‌ری ئامێدی تۆمار كرد، چونكه سروشتی ناوچه‌كه زۆر جوان و دڵڕفێنه، له هه‌مان كاتدا ناوچه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و سیمای ته‌واو كورده‌واری پێوه دیاره، بۆیه ئه‌م ناوچه‌یه‌مان به شیاو زانی بۆ تۆماركردنی كلیپه‌كه‌مان.
بۆچی زۆر گرینگی به‌لایه‌نی ڕه‌سه‌نایه‌تی و فۆلكلۆر ده‌ده‌یت؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆری و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ به‌ره‌و ونبوون و نه‌مان ده‌چن، بۆیه له پێناو مانه‌وه و پاراستنی هونه‌ر و كولتووری كوردی، گرنگی به گۆرانی ڕه‌سه‌ن و فۆلكلۆری ده‌ده‌م و زۆربه‌ی گۆرانییه ڕه‌سه‌نه‌كانم وتووه‌ته‌وه كه پێشتر هونه‌رمه‌ندانی تر ئه‌م گۆرانییانه‌یان وتووه و خاوه‌نی بوون.
پێتوایه له باكووری كوردستان به‌راورد به پارچه‌كانی تر گرینگی زیاتر به گۆرانی ڕه‌سه‌ن بدرێ؟
بێگومان، من ئه‌و هه‌سته‌م كردووه كه هونه‌رمه‌ندانی باكووری كوردستان له چاو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان گرنگی زیاتر به گۆرانی ڕه‌سه‌ن و فۆلكلۆر ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت له شاشه‌ی تیڤییه‌كانیش به ڕوون و ئاشكرا ئه‌وه هه‌ست پێكراوه كه له پرۆگرامه فۆلكلۆرییه‌كان زیاتر هونه‌رمه‌ندانی باكووری كوردستان داوه‌ت ده‌كرێن، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه نامانه‌وێ ڕه‌سه‌نایه‌تیمان به یه‌كجاری له‌ناو بچێ و نه‌مێنێ، چونكه پاراستنی كولتوور هۆكارێكی گرنگه بۆ مانه‌وه‌ی زمانی ڕه‌سه‌نی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
گۆرانیت به چه‌ند زمان وتووه؟
تاوه‌كو ئێسته گۆرانیم به گه‌ڵێك زمان وتووه، وه‌كو زمانی "كوردی، توركی، ئه‌رمه‌نی، فارسی" و گه‌ڵێك زاراوه‌ی كوردی.
تا ئێسته گۆرانیت به شێوه‌ی دوێت وتووه؟
به‌ڵێ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ گروپێكی گۆرانیبێژ گۆرانیم به‌شێوه‌ی دوێت ده‌وته‌وه، به‌ڵام له ئێسته‌دا له‌گه‌ڵیان جیابوومه‌ته‌وه و خۆم به‌ته‌نها گۆرانی ده‌ڵێم و به ته‌نهاش به‌شداری ئاهه‌نگه‌كان ده‌كه‌م.
هیچ گۆرانییه‌كت به زاراوه‌ی سۆرانی وتووه؟
نه‌خێر، هه‌تا ئێسته هیچ به‌رهه‌مێكم به شێوه‌زاری سۆرانی نییه، به‌ڵام زۆر حه‌ز ده‌كه‌م به سۆرانی گۆرانی بڵێم و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌می تایبه‌تیشم پێی هه‌بێ، تاكه هۆكاری من ئه‌وه‌یه كه تاكو ئێسته بۆچی گۆرانیم به سۆرانی نه‌بووه، ئه‌وه بووه كه زاراوه‌ی سۆرانیم به باشی نه‌زانیوه، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تیشم نه‌بووه.
هه‌تا ئێسته چه‌ند كۆنسێرتت گێڕاوه؟
هه‌تا ساڵی 2015 ته‌نها له شاره‌كانی باكووری كوردستان به‌شداری ڤێستیڤاڵه هونه‌رییه‌كانم ده‌كرد و گۆرانیم ده‌وته‌وه، به‌ڵام له ساڵی 2019 كۆنسێرتێكم له باكووری كوردستان و كۆنسێرتێكی ترم له توركیا ساز كرد.
له كه‌ناڵه‌كانی باشووری كوردستان گرنگیت پێ دراوه؟
به‌ڵێ، چه‌ند جارێك له كه‌نالی وار تیڤی له شاری دهۆك به‌شداریم له پرۆگرامی "جڤات" كردووه و چه‌ندان گۆرانیی ڕه‌سه‌ن و فۆلكلۆریم له پرۆگرامه‌كه پێشكه‌ش به بینه‌ران كردووه.
تۆ له گۆرانی وتن زیاتر گرینگی به‌لایه‌نی سۆزداری یاخود هه‌ڵپه‌ڕكێ و شایی ده‌ده‌یت؟
له ڕاستیدا من گرینگی به هه‌ردوو لایه‌ن ده‌ده‌م، به‌ڵام زیاتر گرینگی به گۆرانی ڕه‌سه‌ن و گۆرانی فۆلكلۆری ده‌ده‌م.
خه‌ون و ئامانجت بۆ هونه‌ری كوردی چییه؟
هیواخوازم هونه‌ری كوردی به جیهان بناسێنم و گرینگی به میوزیكی كوردی بده‌م و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی ببه‌م.
وشه - محه‌مه‌د جه‌مال