كاتی دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان ڕاگەیەنرا

:: AM:11:45:17/08/2019 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردووە و لە سەرەتای مانگی داهاتوو هەوڵ دەدرێت بخرێـتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دانەوەی قەرزی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئاب، لوقمان حەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پڕۆژە یاسایەكیان لەبارەی دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان پێشكەش كردووە و چاوەڕوان دەكەن لە دەستپێكردنەوەی وەرزی یاساداناندا لە سەرەتای مانگی داهاتوو، بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، لە یاساكە هەوڵمان داوە ڕێچارەیەك دابنرێت بۆ دانەوەی قەرزەكان بە بڕێكی دیاریكراوی مانگانە و لە هەمان كاتدا دیاریكردن و بڕینی ئەو پارەیەی هاووڵاتی قەرزاری حكوومەتە لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان.

ڕوونی كردەوە، ئەو پڕۆژە یاسایە ڕەهەندی دارایی هەیە، دەبێت لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەپێی باشبوونی ڕەوشی دارایی، میكانیزمێكی گونجاو بۆ دانەوەی پاشەكەوتەكە دیاری بكرێت، چونكە تەنگژەی دارایی تێپەڕێنراوە و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە گەڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بكات، بەشێوەیەك مانگانە بڕێك لە پاشەكەوتی مووچە لە ڕێی هەژماری بانكی فەرمانبەرانەوە بداتەوە.

لە سێ‌ ساڵی ڕابردوو بەهۆی پاشەكەوتی مووچە و درەنگ دابەشكردنی مووچە، مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران لای حكوومەت ماوە.



وشە - رامیار جەواد