دوێنێ له نزیك شارى خان شیخونى سووریا، سوپاكه‌ى رژێمى ئه‌سه‌د هێرشیان كرده سه‌ر كاروانێكى سه‌ربازى توركیا، چاودێرانى سیاسیش ده‌ڵێن توركیا به ناردنى ئه‌و كاروانه‌ى ویستى هه‌ڵوێستى مۆسكۆ له به‌رانبه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا تاقى بكاته‌وه و له به‌رانبه‌ریشدا مۆسكۆ هه‌ر به‌هۆى رێككه‌وتنه‌كه‌وه توركیا سزا ده‌دات.
دوێنێ دووشه‌م كاروانێكى سه‌ربازى توركیا له مهعرهى نه‌عمان رووبه‌ڕووى هێرشێكى هێزه‌كانى ئه‌سه‌د بوونه‌وه و به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییه فه‌رمییانه‌ى له‌لایه‌ن توركیاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، له ئه‌نجامى هێرشه‌كه سێ سه‌رباز كوژراون و 12ى تریش بریندارن.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له لایه‌ن ئاژانسه‌كانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، كاروانه سه‌ربازییه‌كه‌ى توركیا له 50 ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى و تانك پێكهاتبوو، ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو كه هێزه‌كانى ئه‌سه‌د به پاڵپشتى هێزه‌كانى رووسیا گه‌یشتبوونه ناو شارى خان شیخون. ئه‌م ناوچه‌یه‌ى كه هێزه‌كانى توركیایش هێرشى كراوه‌ته سه‌ر 15 كیلۆمه‌تر له شارى خان شیخون دووره.
وه‌زاره‌تى به‌رگرى توركیا له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌وه ده‌ڵێ، ئه‌و كاروانه سه‌ربازییه به‌ره‌و ئیدلب رۆیشتووه له باكورى رۆژئاواى سووریا، بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارى زیاتر بگه‌ینێ به بنكه سه‌ربازییه‌كانى توركیا له ئیدلب. وه‌زاره‌تى به‌رگرى دووپاتیشى ده‌كاته‌وه، مۆسكۆ له ناردنى ئه‌و كاروانه سه‌ربازییه ئاگادار كراوه‌ته‌وه، بۆیه كاتێك ئه‌و هێرشه ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وا ماناى پێشیلكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌گه‌یەنێ كه له نێوان توركیا و رووسیا سه‌باره‌ت به ئیدلب ئه‌نجام دراوه.
له به‌رانبه‌ردا راگه‌یاندنى فه‌رمى سه‌ر به رژێمى سووریا، هاتنى كاروانه سه‌ربازییه‌كه‌ى توركیا بۆ ناو خاكى سووریا به كارێكى دوژمنكارانه ده‌زانن. چاودێرانى سیاسى پێیانوایه ئه‌م رووداوه چه‌ند ره‌هه‌ندێكى سیاسى له‌خۆ ده‌گرێت، له لایه‌ك توركیا ده‌یه‌وێ هه‌ڵوێستى مۆسكۆ له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه بزانێ كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نكه‌ره ئه‌نجام دراوه. له به‌رانبه‌ریش رووسیا ده‌یه‌وێ به‌هۆى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامى داوه، سزاى بدات و بۆ ئه‌مه‌یش ده‌ستى رژێمى ئه‌سه‌د له به‌رانبه‌ر هێزه‌كانى توركیا له‌ناو خاكى سووریا واڵا ده‌كات.
رۆژنامه‌ى "
شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى به ناونیشانى "دواى تێگه‌یشتنه‌كه‌ى رۆژهه‌ڵاتى فورات مۆسكۆ له ئیدلب سزاى توركیا ده‌دات" بڵاو كردووه‌ته‌وه، له راپۆرته‌كه باس له چۆنیه‌تى سزادانى توركیا ده‌كات له‌لایه‌ن رووسیا وجیا له‌مه‌یش چه‌ند زانیارییه‌كى نوێ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا بڵاو ده‌كاته‌وه.
له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه هاتووه "ئه‌نكه‌ره هه‌ندێك پاڵپشتى سه‌ربازى بۆ خاڵه سه‌ربازییه‌كانى ئیدلب ناردووه، بۆئه‌وه‌ى ئاستى پابه‌ندبوونى مۆسكۆ له به‌رانبه‌ر رێككه‌وتنى –ناوچه‌ى بێ چه‌ك- له باكورى رۆژئاواى سووریا تاقى بكاته‌وه، ئه‌مه‌یش دواى چه‌ند رۆژێك لێكتێگه‌شتنی بوو كه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتى فوڕات ئه‌نجام درا".
رۆژنامه‌كه له درێژه‌ى راپۆرته‌كه‌ى باس له‌وه ده‌كات، توركیا هه‌ر بۆ تاقیكردنه‌وه كاروانێكى سه‌ربازى ناردووه‌ته نزیك خان شیخون، به‌ڵام له‌وێ رووبه‌ڕووى هێرشێكى سوورى- رووسى بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش وه‌ك سزادانێك بووه بۆ توركیا له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه كردوویه‌تى. شه‌رق ئه‌وسه‌ت قسه‌كانى ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا ده‌كاته به‌ڵگه بۆ بابه‌تى سزادانى توركیا، ئه‌مه‌یش كاتێك بوو كه وه‌ڵامى ماكرۆنى دایه‌وه.
پوتین گوتى "ئێمه پاڵپشتى له كۆششه‌كانى سوپاى سووریا‌ن ده‌كه‌ین تا سنوورێك بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییانه دابنێ، هه‌رگیز نه‌مان گوتووه ئێمه له ئیدلب رێگه ده‌ده‌ین تیرۆریستان ئاسووده بن".
پێشتر توركیا و رووسیا چه‌ند رێككه‌وتنێكیان له‌باره‌ى ئیدلبه‌وه هه‌بوو، له‌وانه رێككه‌وتنى ناوچه‌ى داماڵینى چه‌ك یان ئه‌وه‌ى به"ناوچه دابه‌زاندنى ئاستى شه‌ڕ"ناسراوه، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنى سۆچى هه‌یه كه له‌نێوان پوتین و ئه‌ردۆغان ئه‌نجام دراوه. دواتر رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وه‌ست ده‌ڵێ به‌م رووداوه‌ى دوێنێ هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه پێشێل ده‌كرێن، ئه‌مه‌یش كاریگه‌رى به‌سه‌ر ئه‌و دیدارهوە ده‌بێت كه بڕیاره له ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتوو له‌نێوان توركیا و ئێران و رووسیا بكرێت.
له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه هه‌ندێك ورده‌كارى نوێ له‌سه‌ر رێككه‌وتنى نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌ر دانانى ناوچه‌ی ئارام بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
به‌ر له هه‌موو شتێك سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كان باسیان له ناوه‌كه‌ى كردووه و گوتوویانه ئه‌مه‌ى كراوه رێككه‌وتن نییه له‌سه‌ر ناوچه‌ى ئارام، به‌ڵكو لێكتێگه‌یشتنه بۆ هه‌ندێك رێكاریى سه‌ربازى كه ناگات به ئاستى رێككه‌وتن، دواتریش هیچ چوارچێوه‌یه‌كى له‌سه‌ر ئاستى به‌ڕێوه‌بردنى ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تى بۆ دیاری نه‌كراوه.
دواتر
رۆژنامه‌كه به كورتى باس له‌و خاڵانه ده‌كات كه ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌رى رێككه‌وتوون:
1-رێكاره سه‌ربازییه‌كان (ناوى نوێى ئه‌مه‌ریكا له‌برى ناوچه‌ى ئارام) به‌درێژى 70-80 كلیۆمه‌تر ده‌بێت له نێوان سه‌رێكانى و گرێسپى، به قوڵایى 5-14 كلیۆمه‌تر
2- هێزى گه‌ڕۆكى ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه ده‌بن ناوه‌ندێكى ئۆپراسیۆنى هاوبه‌شیش له باشوورى توركیا داده‌نرێت.
3- رێكاره‌كان سه‌ربازین و هیچ پێوه‌ندى به به‌ڕێوه‌بردنى ناوخۆ نییه و هیچ پێوه‌ندیشى به هاوپه‌یمانى شه‌ڕى داعش نییه.
4-چه‌كى قورسى یه‌په‌گه دوور ده‌خرێته‌وه.
5- چه‌كە قورسه‌كان به دوورى 20 كلیۆمه‌تر له سنوورى توركیا دوور ده‌خرێنه‌وه.
6- بۆ چاودێرى و گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان له ناوچه‌كه ده‌فڕن.