لە بارەی مووچەوە ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: PM:02:23:20/08/2019 ‌
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ناردنی پارەكەی بەغدا هیچ كێشەیەكی نییە و ئەوەشی بەشێك لە پەرلەمانتارانی باسی دەكەن جەنگی دەروونییە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئاب، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ناردنی پارە لە بەغدا و دابەشكردنی هیچ كێشەیەكی نییە و نازانین بۆچی لە میدیای كوردی كە دەگات بە ی15 مانگ دەنگۆی نەناردنی بڵاو دەكرێتەوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، عێراق هەموو مانگێك تا كۆتایی ساڵ پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت كە بڕەكەی 454 ملیار دینارە، ئەوە لە بودجە جێگیر كراوە و بەپێی ڕێككەوتنیش لە 10 یان ی20 ئاب پارەكە دەنێرێت، بۆیە پێویست ناكات ئەو شەڕە دەروونییە لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد