شەڕی بافڵ تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسووڵ بە فەرمی دەستی پێ كرد

:: PM:05:23:20/08/2019 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك خۆیان دەڵێن بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنگرە ببەست، بەڵام ململانێی نێوان باڵەكانی ئەو حزبە گەرمتر دەبێت و ئێستە لە ڕێی سۆشیال میدیا و كۆبوونەوە بەكادرەكانی یەكێتی شەڕی نێوان بافڵ تاڵەبانی و كۆسرەت رەسووڵ دەستی پێ كردووە.

گوشارەكانی ناو یەكێتی لەسەر كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە زیاتر بوون، باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی لەناو حزبەكە دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە كۆسرەت رەسووڵ داوای تەوافووق بۆ كۆنگرە دەكات.

سەرچاوەیەك لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی بە ئاماژەدان بۆ باڵی كۆسرەت رەسووڵ ئاماژەی بەوە كردووە كە چەند كەسێك لەناو یەكێتی دەیانەوێ‌ هاوشێوەی پێشوو كۆنگرە بە تەوافووق بێت، بەڵام تا ئێستە ئەوە ڕەت دەكەینەوە.

وەك سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ كرد، داوا كراوە كە هەموو كادرانی یەكێتی مەرجی پێشوەختەی بەرپرسەكان بۆ بەستنی كۆنگرە ڕەت بكەنەوە. ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ لێدان لە باڵی كۆسرەت رەسووڵ عەلی.

لەلایەكی تر بە گوێرەی هەواڵێكی میدیای یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجوومەنی ناوەند راگەیەنراوە كە بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا گوتویەتی، چیتر رێ نادەین بەناوی یەكێتییەوە، شەرعیەت بە دەستەگەری و پشك پشكێنە بدرێت و موزایەدەش بەناوی خوێنی شەھیدانەوە بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە گرووپی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی لەڕێی پەیج و ئەكاونتە سێبەرەكانیان لە فەیسبووك هێرش دەكەنە سەر كۆسرەت رەسووڵ بۆ ئەوەی پێش بەستنی كۆنگرە چەندان دەنگی لەبارەیەوە دروست بكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم