ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی زەوی و خانوو لە هەولێر ڕوو لە دابەزین دەكات و خاوەنی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنیش پێیان وایە، هێشتا مەترسیی لەسەر بژێوی و مووچەی فەرمانبەران هەیە و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش چارەسەر نەكراون، بۆیە نرخ ڕووی لە دابەزینە.
ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئاب، نەبەز ئوسامە خاوەنی نووسینگەی خۆشناو بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە بەدیار كراوی نرخی زەوی و خانوو لە هەولێر ڕووی لە دابەزین كردووە.
ڕوونیشی كردەوە كە دابەزینی نرخ تەواوی گەڕەك و ناوچەكانی هەولێری گرتووەتەوە و لە زۆربەی ناوچەكان نرخ دوو هەزار تا چوار هەزار دۆلار (20 بۆ 40 وەرەقەی دۆلار) نرخ دابەزیوە.
بەگوێرەی قسەی ئەو فرۆشیارەی خانوو و زەوی دابەزینی نرخ پێوەندی بە جێگیر نەبوون و چارەسەر نەبوونی بنەڕەتی مووچەی فەرمانبەران هەیە و هەركاتێك رەوشی دارایی ئاسایی بووەوە و دڵنیایی درا بە فەرمانبەران ئەوە بازاڕ ڕوو لە هەڵكشان دەكاتەوە.
لەلایەكی تر شوان نوعمان یەكێكی ترە لە خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو بە "وشە"ی گوت، لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت خواست لەسەر زەوی و خانوو بەرز بووەوە، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژ دەبێ ڕەوشی بازاڕی خانوو و زەوی بەتەواوی ڕووی لە دابەزین كردووە.
ئەو پێی وایە، بە لێدوانی موژدەدەری بەرپرسان لەسەر هاتنی مووچە و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا ڕەوشی بازاڕ ئاسایی دەبێتەوە.