بەرێوەبەرایەتی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماری شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵی تایبەت بە توندوتیژی بەرانبەر ژنان بڵاو كردەوە و بەپێی ئامارەكە تەنیا لەمساڵ 47 ژن دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر.
ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان ئاماری توندوتیژی شەش مانگی ڕابردووی بڵاو كردەوە و لەو ماوەیەدا 22 حاڵەتی كوشتنی ژنان تۆمار كراو و 47 ژنیش دەستدرێژی سێكسیان كراوەتەسەر.
ئاماژە بەوەیش كراوە كە 32 ژن لەماوەی ئەو شەش مانگەدا خۆیان كوشتوە و 58 حاڵەتی خۆسووتاندنیش هەبووە. هەروەك چوار هەزار و 972 كەسیش سكاڵایان تۆمار كردووە.
شەوین ئەحمەد توێژەری كۆمەڵایەتی لەبارەی ئەو ئامارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئامارەی لەسەر توندوتیژی دژی ژنان بڵاو كراوەتەوە مەترسیدارە و هێمایە بۆ ئەوەی كە هەوڵەكانی ڕابردووی ڕێكخراوەكانی تایبەت بە توندوتیژی ژنان و دامەزراوەكان هێشتا بەتەواوی شوێنی خۆیان نەگرتووە.
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە دەڵێ، ئامارەكانی پەلاماردانی سێكسی بەرزترینە ئەوەیش هێمایە بۆ ئەوەی كە كۆمەڵگەی كوردی بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و پێویستە هۆشیاری لەوبارەیەوە زیاتر بكرێ. پێشی وایە كرانەوە و تەكنەلۆجیا هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی ئەو دیاردەیە.