ئێواره‌ى دوێنێ عه‌بدوڵا حه‌مدوك وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى كاتى سوودان بۆ قۆناغى گواستنه‌وه سوێندى یاسایى خوارد. ئه‌مه دواى ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌كانى سوودان به ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربازیشه‌وه حه‌مدوكیان بۆ ئه‌و پۆسته پێشنیاز كرد، تا ئه‌و پیاوه وڵاته‌كه‌یان له رووى ئاشتى و ئابوورییه‌وه به‌ره‌وپێش ببات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌وه‌یه عومه‌ر به‌شیرى سه‌رۆكى پێشووى سوودانیش پێشتر له كاتى ته‌نگژه‌كان په‌ناى بۆ حه‌مدوك بردووه.
دواى زیاتر له ساڵێك له كێشه و ململانێ له سوودان كه به كه‌وتنى عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیریش كۆتایى نه‌هات، ئه‌م مانگه لایه‌نه‌كانى سوودان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربازى كه له دواى حوكمڕانى به‌شیر پێكهاتبوو، رێككه‌وتنێكیان ئه‌نجام دا، به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌نجوومه‌نێكى نوێ بۆ ده‌سه‌ڵاتى سوودان پێك ده‌هێنرێت و زۆربه‌ى ئه‌ندامه‌كانى له‌كه‌سانى مه‌ده‌نى ده‌بن و ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌یش بۆ ماوه‌ى 39 مانگ حوكمڕانى سوودان ده‌كات.
دواى ئه‌نجامدانى رێككه‌وتنه‌كه بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى كات، زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى سوودان عه‌بدوڵا حه‌مدوكیان پێشنیاز كرد، ئه‌ویش دوێنێ سوێندى یاساى خوارد و كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنى به هاووڵاتییانى سوودان دا.
به‌ڵام عه‌بدوڵا حه‌مدوك كێیه؟ كه‌ى له دایك بووه و چى خوێندووه؟ له هه‌موو ئه‌و پرسیارانه گرنگتر بۆچى به‌م شێوه‌یه جێى متمانه‌ى ئۆپۆزسیۆن و رێكخراو و ته‌نانه‌ت ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربازى سوودانه؟ چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى عه‌ره‌بى له‌وانه ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى "
عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ هه‌ندێك زانیارییانه له‌سه‌ر ژیانى عه‌بدوڵا حه‌مدوك بڵاو كردووه‌ته‌وه.
حه‌مدوك له ساڵى 1956 له دایك بووه واته رێك له‌و ساڵه‌ى كه وڵاته‌كه‌ى سه‌ربه‌خۆى به‌ده‌ست هێناوه، به پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى عه‌ره‌ب، كه‌سێك بووه له خوێندن زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه و دواجار له زانكۆى مانشسته‌رى به‌ریتانى دكتۆراى له ئابوورى خوێندووه.
كارى حه‌مدوك له حكوومه‌ت له ساڵى 1981 ده‌ست پێ ده‌كات، چونكه ئه‌و كاته به پله‌ى "شه‌ره‌ف" زانكۆ ته‌واو ده‌كات، بۆیه له كاتى ده‌رچووى كارى پێ ده‌درێت و ساڵانێكى زۆر له هه‌ردوو وه‌زاره‌تى كشتووكاڵ و دارایى كار ده‌كات و له‌م بواره‌دا پێش ده‌كه‌وێ، تا ساڵى 1987 له وه‌زاره‌تى دارایى سوودان كار ده‌كات.
وێڕاى كارى فه‌رمى حكوومه‌ت حه‌مدوك له بوارى رێكخراوه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش كارى كردووه، ئه‌مه‌یش له ساڵانى نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌بێت. له ساڵى 1995 له كۆمپانیاى تایبه‌تى راوێژكاران له زیمبابۆى داده‌مه‌زرێت. له ساڵى 1997 ده‌چێته رێكخراوى كارى نێوده‌وڵه‌تى له زیمبابۆى. دواتریش ماوه‌یه‌ك له بانكى گه‌شه‌پێدانى ئه‌فریقا كار ده‌كات ساڵى 2001 .
له ساڵى 2001 تا 2003 ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئابوورى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت تایبه‌ت به كاروبارى ئه‌فریقا. لێره‌دا ئه‌زموونێكى زۆر وه‌رده‌گرێت چونكه كارى ئه‌و به‌دواداچوون ده‌بێت بۆ چاكسازى كه‌رتى گشتى و حكوومه‌ته‌كانى ئه‌فریقا. ماوه‌یه‌ك له بانكى بازرگانى و گه‌شه‌پێدان كار ده‌كات له ئه‌دیس ئه‌بابا.
له ساڵى 2016 ده‌بێته سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئابوورى سه‌ر به رێكخراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى ئه‌فریقا.
له ساڵی 2018 كاتێك راپه‌ڕینه‌كانى سوودان ده‌ستى پێ كرد، له به‌رانبه‌ر خراپى بارى ئابوورى و دارایى وڵات و گرانبوونى نرخى نان، عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر په‌ناى بۆ عه‌بدوڵا حه‌مدوك برد، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت بارودۆخى ئابوورى و دارایى وڵات راست بكاته‌وه، به‌ڵام حه‌مدوك كه بینى بارودۆخه‌كه ته‌واو تێكچووه و به ته‌نیا پێى راست ناكرێته‌وه داواكه‌ى به‌شیرى بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى دارایى ره‌ت كرده‌وه.
حه‌مدوك نه‌بوو به وه‌زیرى دارایى و دواتر به‌شیریش له ده‌سه‌ڵات دوور خرایه‌وه، كه‌چى سوودانییه‌كان حه‌مدوكیان له‌بیر نه‌چوو، ئه‌مجاره‌یش داوایان كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره بۆ لووتكه‌ى ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌بوو قبووڵى كرد و دوێنێ سوێندى یاسایى خوارد.
میدیاكانى عه‌ره‌ب باس له‌وه ده‌كه‌ن، سوودانییه‌كان ئومێدێكى زۆریان به عه‌بدوڵا حه‌مدوك هه‌یه. ئه‌ویش له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى دوو به‌ڵێنى داوه، یه‌كه‌میان ئاشتى له سوودان به‌رقه‌رار بكات و دووه‌م هه‌وڵى چاكسازى ئابوورى بدات، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وڵاتانى رۆژئاوا پێشوازییان له ده‌ستبه‌كاربوونى حه‌مدوك كرد، به‌ڵام وه‌ك ماڵپه‌ڕى "عه‌ره‌بیه" باسى ده‌كات كۆمه‌ڵێك كارى سه‌خت و ئاسته‌نگ چاوه‌ڕوانى حه‌مدوك ده‌كات.
له‌وانه گه‌نجینه‌یه‌كى به‌تاڵ، ژێرخانێكى وێران، ستراتیجێكى لاواز، كه‌مى خۆراك و سووته‌مه‌نى، هه‌ڵاوسان و قه‌رزێكى زۆر. له‌رووى سیاسییشه‌وه وڵات سێ شه‌ڕى ناوخۆى به‌خۆیه‌وه بینیوه. پێوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى سوودان له‌گه‌ڵ وڵاتان ئاڵۆزه، كۆمه‌ڵێك سزاى توندى ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته سه‌پێنراون كه دیارترینیان ئه‌وه‌یه سوودان له لیستى ره‌شى تیرۆردایه.
به‌هۆى ئه‌زموونى له پیشه‌كه ئه‌و ئاگادارى هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كه له سه‌ره‌وه باسى كرا، ئه‌و ده‌ڵێ "من گۆچانى ئه‌فسووناویم لا نییه، به‌ڵام ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك ئه‌زموون تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكه‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندى نیشتمانى".