بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی دەربەندیخان رای دەگەیەنێت، هەوڵی كردنەوەی
رێگا بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەكان بێئاكام بوو، دەشڵێت هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە ئەم هەفتە
كارەكانی تونێلەكە تەواو ببێت.
ئەمڕۆ یەکشەم 25ی ئاب، ڕێژەن بورهان بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە
"وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی كاركردن
لە تونێلی دەربەندیخان، ماوەی پێنج رۆژە هاتوچۆ لەسەر شاخی بەرانانەوە دەكرێت كە بەهۆی
بەرزی و لۆفەیەكی زۆرەوە رێگاكە مەترسیدارە،
بەتایبەت بۆ بارهەڵگرەكان.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە لەم رۆژانەدا داوامان لەسەرجەم شۆفێری بارەهەڵگرەكان کردووە، چەندەی
دەتوانن هاتوچۆ لەم شاخەوە نەكەن، لەبەر ئەەوەی بۆ ئەوان مەترسیدارە و ئەگەر هەیە
تووشی روودداوی نەخوازراو ببنەوە.
"هاوكات بۆ ئەوەی وەك ڕێگەی جێگرەوە بەكار بهێندرێت، هەوڵمان داوە
لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان ڕێگەی سەنگاو ـ سلێمانی بەڕوی هاتوچۆی بارهەڵگرەكاندا بكرێتەوە
كە لەئێستادا ڕێگەیان پێنادرێت لەو ڕێگەیەوە هاتوچۆ بكەن،بەڵام دواتر بۆمان دەركەوت
كە ئەو رێگەیەش بە گوندەكاندا تێپەڕ دەبێت ومەترسیدارە، ئەگەر هاتوچۆ بچۆایەتە سەر
ئەو رێگایە لە 50٪ی كێشەی هاتوچۆش لە سنووری دەربەندیخان كەم دەبوویەو"رێژەن
بورهان وای گوت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان، لە هەر سەعاتێکدا هەزار ئۆتۆمبێل
بە تونێلی دەربەندیخاندا تێدەپەڕێت، لە ئێستاشدا كە كار لەو تونێلەدا دەكرێت، تەواوی
ئەو پاڵەپەستۆیە لەسەر شاخی بەرانانە، هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی ئەم
هەفتەیە تونێلەكە بكرێتەوە
هاوڵاتیانی دەربەندیخان لەدۆخێكی زۆر خراپدان و بە ئەستەمی دەگەنە سلێمانی،
هاوکات ئەو رێگە تازەیەی بە شێوەی کاتی کراوەتەوە، شۆفێران ناچار دەکات بە چەند
گەڕەک و کۆڵانی شارەکەدا بڕۆن تا دەگەنە داوێنی شاخەکە.
دایكی هەنی وەك ئافرەتێكی شارۆكەی دەربەندیخان، بۆ "وشە"
ئاماژەیدا، ئەوان بوونەتە پاسەوانی منداڵەكانیان لەترسی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان،
بەتایبەت ئەوگەڕەكانەی دەكەونە نزیك تونیلی دەربەندیخان و شاخی بەرانان.
پەیمان محەمەد، وەك ئافرەتێكی تری دەربەندیخان بۆ "وشە" باسی
لەوە كرد، هەر نەخۆشییەکت هەبێ پێویستە بچی بۆ سلێمانی بۆلای دکتۆر، تەنانەت ئەگەر
کۆمەڵێک پێداویستی ژیانت بوێت لە دەربەندیخان دەست ناکەوێ و ناچاری روو لە سلێمانی
بکەی، بەهۆی ئەو رێگەوبانەوە خەڵکی ئەو شارە تووشی گرفتی زۆر بوونەتەوە.
بە گووتەی زەردەشت عوسمان بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دەربەندیخان،
شارۆكەكەیان یەك پزیشكی ژنانی هەیە و زۆربەی ئەو ژنانەی لەو شارەدا تووشی هەر
گرفتێکی تەندروستی دێن بەهۆی نەبوونی پزیشک ناچارن سەردانی سلێمانی بکەن.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی