لە ماوەی ساڵانی دوایی تەنگژەی سووریا و ئێستەیش بەكاتی بەردەوامی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە كەنداو و پەنابردنی ئێران بۆ باڵەكانی لە هەریەك لە لبنان و سووریا و عێراق و یەمەن بۆ گوشارخستنە سەر ئەمەریكا راستەوخۆ بە هەڕەشەكردن لە ئامانجەكانی لە عێراق و ناراستەوخۆ لە رێگەی هەڕەشەكردن لە ئیسرائیل و سعوودیە و ئیمارات كە هاوپەیمانی ئەمەریكان، ئەوەش تەواو بەرجەستەی ئەو قسەیەیە كە حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران رای گەیاند كە ئاسایشی كەنداو لە بەرانبەر هەناردنی نەوتی ئێرانە، لە بەرانبەردا دەتوانرێت ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەكانی ئێران بەوە لێك بدرێتەوە كە دەڵێت، رێگە نادەین ئەو وڵاتەی هەڕەشە لە بوونی ئیسرائیل دەكات ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و ئێران لەهەر شوێنێك پارێزراو نییە.
لە ماوەی ساڵانی بەردەوامی تەنگژەی سووریا ئیسرائیل بە بەردەوام بۆردمانی ئامانجەكانی ئێران و باڵەكانی لەناو خاكی سووریا كردووە و دەیان كەسی لێ كوشتوون و سەتان پارچە چەك بەتایبەتی مووشەكییەكان كە ئیسرائیل بە هەڕەشەیان بۆ سەر خۆی دەزانێت، بۆردمانی كردوون، بەناو بێ دەنگی ئێران و بەرگرییەكی سووكی حكوومەتی سووریاوە، ئیسرائیل هەوڵی داوە ئەو ئەزموونە لە عێراق و لە یەمەنیش دووبارە بكاتەوە، كاتێك لە مانگی رابردووەوە تا ئێستە چوار هێرشی گەورەی كردووەتە سەر سەربازگەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و بەغدا و زیانی گەورەی بە كۆگەكانی چەك گەیاندووە وەك موۆئەیەد جحێشی شارەزای ستراتیجی عێراقی ئاماژەی بۆ كرد كە ئیسرائیل ئەو هەموو ماوەیە نابڕێت بۆ بۆردمانی سەربازگەیەك ئەگەر تیایدا هەڕەشەی بۆ ئەو تیادا نەبێت وەك ئاماژەیەك بۆ بوونی مووشەكی پێشكەوتووی ئێرانی.
هاوكات فازڵ ئەبو رەغیف شارەزای سەربازی عێراقی ئاماژەی كرد كە لە 2016 ەوە ئەوەیان 17مین هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، لەوكاتەی رۆژنامەیەكی كوێتی ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل پلانی بەدەستەوەیە بۆ كردنە ئامانجی چەند دامەزراوەیەك و سەربازگەیەكی هەستیاری حوسییەكانی یەمەن لە نزیك گەرووی بابولمەندەب لە نێوان دەریای سوور و كەنداوی عەدەن.
رۆژنامەی "جەریدە"ی كوێتی لە سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستەوە كە هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلی و دەزگای مۆساد، بەم دواییە چاودێری جموجۆڵێكی زۆری گواستنەوەی چەك و مووشەك و سەكۆی هاوێشتن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەلەمی ئاراستەكراویان كردووە لە ئێرانەوە بۆ ئەو ناوچانە بەمەبەستی ئەنجامدانی هێرشی دەریایی لە دەریای سوور لە بەرانبەر كەناراوییەكانی یەمەن.
زیاتر گوتی، ئیسرائیل ئەو زانیارییانەی داوەتە ئەو وڵاتە عەرەبییانەی كەوتوونەتە سەر دەریای سوور و ئەوانەی بەرژەوەندیان بەو هۆیەوە دەكەوێتە مەترسییەوە ئەگەر ئەو هیبَرشانە ئەنجام بدرێن، هەروەها ئیسرائیل واشنتنی لەوە ئاگەدار كردووەتەوە و لەبارەی ئەو پارچە دەریاییانەی ئێران دەیەوێت رەوانەی بابولمەندەبیان بكات.
گوتەبێژێكی سەربازی ئیسرائیلی رای گەیاند، دوێنێ شەموو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێزەكانی ئێرانیان لە نزیك دیمەشق بۆردمان كردووە كە پلانیان هەبووە بۆ لێدانی ئامانجەكانی ئیسرائیلی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، هێرشەكە هێزێكی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانی و چەند میلیشیایەكی شیعەی كردە ئامانج كە پلانیان هەبووە هێرش بكەنە سەر چەند ئامانجێكی ئیسرائیلی لە ناو خاكی سووریاوە لە رۆژانی دواییدا.
جۆناسان كۆنریكۆس گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیلی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، ئەو هێزانە خۆیان ئامادە كردبوو رۆژی پێنجشەم فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەئاراستەی باكوری ئیسرائیل هەڵبدەن، لەوكاتەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە سوپای وڵاتەكەی ئەو هێرشەی ئێرانی پووچەڵ كردووەتەوە و لە "تویتەر" نوسیویەتی، ئێران لە هەر شوێنێك پارێزراو نییە و هێزەكانمان لە هەموو شوێنێك دژی ئێران كار دەكەن.
رامی عەبدورەحمان بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دەڵێت، هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا چەند ئامانجێكی ئێران و حزبوڵای لبنانی پێكا لە ناوچەی نێوان فڕٍۆكەخانەی دیمەشق و سەیدە زێنەب لە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق و سێ كوژراوی لێ كەوتەوە دوویان سەر بە حزبوڵای لبنانین و یەكێكیان ئێرانییە.
لەو كاتەی ئیسرائیل رای گەیاند كە سەتان هێرشی كردووەتە سەر ئامانجەكانی ئێران و باڵەكانی لەناو خاكی سووریا كە دەیەوێت بوونێكی سەربازی بەردەوام بۆخۆی لەو وڵاتە دروست بكات، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دوێنێ شەموو هێزەكانی ئێرانیان لە نزیك دیمەشق بۆردمان كردووە كە پلانی هێرشكردنە سەر ئیسرائیلیان هەبووە و ئەوان لە رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەكانی ئێران لە رەوانەكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ حزبولا بەردەوام دەبن.