كۆگایەكی تری چەكی حەشد لە ئەنبار كرایە ئامانج.. قوربانی هەیە

:: PM:07:32:25/08/2019 ‌
كەمێك پێش ئێستە، بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان هێرش كرایە سەر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە نزیك سنووری نێوان عێراق و سووریا. میدیاكانی ئێرانیش بڵاویان كردەوە كوژرا و بریندار لە ریزی حەشد هەن.

لیوای 45ـی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە بارەی هێرشەكە رایان گەیاند، هێرشەكە لە رێی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان كراتەوە سەر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە شارۆكەی قایم لە سنووری پارێزگای ئەنبار لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی لیوای 45ـی حەشدی شەعبی كە لەسەر لاپەڕەی فەیسبووكی تایبەتی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە و "وشە" بەداوداچوونی بۆ كردووە، ئاماژەی بەوەدا كە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی جەزیرە كە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبییە، بەدواداچوونی بۆ فڕۆكەكە كردووە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كراوەتە سەر كۆگایەكی چەكی سەر بە لیوای 45ـی حەشد كە سەر بە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی جەزیرەیە.

 بەگوێرەی میدیاكانی ئێرانیش بێت، بەهۆی هێرشەكەوە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی و كەسێكی تر كوژراون، بەڵام ژمارەیی بریندارەكان هێشتا نەزانراوە.

هێرشی ئێوارەی ئەمڕۆی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە نەناسراوەكە، لە كاتێكدایە شەوی رابردووش فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسڕائیل هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی سوپای قودس لە سووریا، هاوكات دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسڕائیل لە باشووری لبنان كەوتنە خوارەوە لەو كاتەی بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی بۆ سەر حزبوڵا هەڵفڕیبوون.

لەلایەكی تر، هێرشەكەی ئەمجارەی سەر میلیشیاكانی حەشد هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر هێرشێكی تر بۆ سەر كۆگایەكی حەشد لە پارێزگای سەلاحەدین كە بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان ئیسڕائیل لە پشتەوەی ئەو هێرشانەن.

تا ئێستە چوار بنكەی سەربازی میلیشیاكانی حەشد لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگ، كراونەتە ئامانج.
 
 



وشە - فه‌رمان سادق