زانیاری لەبارەی پاڵەوانێتی مەلەوانی یانەكانی كوردستان

:: PM:09:30:28/08/2019 ‌
دووەمین پاڵەوانێتی مەلەوانی یانەكانی كوردستان لە شارۆكەی سەیدسادق بە بەشداری زیاتر لە 70 مەلەوانی كچ و كوڕ لە حەوت یانە بەشداریان تێدا كرد و ئاستێكی باشی مەلەوانیان نیشان دا.

سەبارەت بە پاڵەوانێتیەكە نەجمەدین شێخ نەسرەدین، سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیەكە و ڕاهێنەری مەلەوانی یانەی سەیدسادق، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پاڵەوانێتی مەلەوانی سەیدسادق لە ناوەندی وەرزش و لاوانی سەیدساق بوو بۆ سەرجەم یانەكانی كوردستان كە حەوت یانە بەشداری كرد ئەوانیش (یانەی دوكان و سەیدسادق و پێشمەرگەی هەولێر و پێنجوێن و سیروانی شارەزوور و لاوانی بەكرەجۆ – سلێمانی) بوون.

زیاتر گوتی، زیاد لە 70 یاریزانی مەلەوانی بەشداریان كرد كە لەو حەوت یانەوە هاتبوون، بە چوار ئاستی جیا وەكو (منداڵان و لاوان و تازە پێگەیشتوان و پێشكەوتوانی كچان و كوڕان)، كە بە پێی ئاستەكان یەكەمەكان دیاری كرا و كوڕان و كچان توانیان پلەی باش بەدەست بهێنن.

"كچان لەم پاڵەوانێتیەدا لە هەر چوار ئاستەكەدا توانیان بە ڕێژەیەكی باش بەشداری بكەن و ئاستێكی باشیان نیشاندا لە هەر چوار جۆرە مەلەكەی كە دانرابوو لە پاڵەوانێتیەكەدا و هاوشانی كوڕە مەلەوانەكان توانیان توانای خۆیان لە مەلەوانیدا بسەلمێنن" ئەو  ڕاهێنەرە وای گوت.
ئەو ڕاهێنەرە ئاماژەی بەوەدا، دووەمین جارە كە پاڵەوانێتی مەلەوانی ئەنجامدەدرێت، پاڵەوانێتیەكی گرنگ بوو، چونكە هەموو ئاستەكان توانیان بەشداری تێدا بكەن، كە پاڵەوانێتی هەبووە تەنیا بۆ ئاستێك بووە و ئاستی ترش بێبەش كراوە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم