نرخی زێڕ لە شەش ساڵی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی شكاند

:: AM:11:19:29/08/2019 ‌

نرخی زێڕ لە بازارەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و گەیشتووەتە بەرزترین نرخ كە لە شەش ساڵی رابردوو تۆمار كرابێت. سستبوونی گەشەی ئابووری جیهان بە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زیڕ هەژمار دەكرێت.

نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ بە هەزار و 547 دۆلار دەفرۆشرێت. دواجار لە مانگی نیسانی ساڵی 2013  زێڕ بەو نرخە فرۆشراوە.

نرخی زێڕ كە لە ساڵی 2011  بۆ سەرووی هەزار و 900 دۆلار بەرز بووبووەوە  تا ساڵی 2015 بۆ هەزار و 50 دۆلار دابەزی  و لە ماوەی چوار ساڵدا 800 دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسێكی كەمی كرد.

بەگوێرەی dailyfx لە 2015ەوە تا كۆتایی شەش مانگی یەكەمی 2016 نرخی زێڕ هەڵكشا و تا 1350 دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام لە نیوەی دووەمی ساڵەكە دووبارە دابەزی. نرخەكەی لە ئەیلوولی 2018ەوە تاوەكوو ئێستە لە بەرزبوونەوەدایە.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی زیڕ بۆ جەنگی ئابووری نێوان چین و ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە بە هۆیەوە چەرخی ئابووری و پیشەسازیی دنیا سست بووە و كاری كردووەتە سەر دابەزاندنی رێژەی گەشەی ئابووری.

لەم جۆرە دۆخەشدا وەبەرهێنەران زیاتر روو لە كڕینی زیڕ دەكەن، بۆیە كاتێك داخوازی لەسەر كاڵایەك بەرز دەبێتەوە، نرخەكەشی بەرز دكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان