دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکرات شەهید بوون

:: AM:11:39:31/08/2019 ‌

حزبی دیموکراتی کوردستان شەهید بوونی دوو ئەندامی لە مهاباد راگەیاند و ئاشکرای دەکات، ئەو ئەندامانە لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ.

ئەمڕۆ شەموو 31ی ئاب، کۆمسیۆنی رێکخستنەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هەواڵی شەهیدبوونی دوو ئەندامی لە ناوچەی مهاباد راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەی حدک دا هاتووە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەهاباد لە تاوانێکی دیکەدا دوو ئەندامی حزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتیان دایە بەر دەستڕێژ و لەم پەلامارەدا ئەو دوو ئەندامەی حزبی دێموکراتی کوردستان شەهید بوون.

زیاتر روون کراوەتەوە، ڕۆژی هەینی 30 ئاب "هەشتی خەرمانان" هێزێکی زۆری ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ئاوایی "حەسەن چەپ"ی سەر بە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد و دوو کەسیان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دایە بەر دەستڕێژ.

کۆمستیۆنی تەشکیلات "رێکخستن"ی حزبی دیموکراتی کوردستان ناسنامەی دوو ئەندامەکەی ئاشکرا کردووە و رای گەیاندووە، لەو پەلامارەدا بەداخەوە سادق دێهکوردی، ناسراو بە سادق ئاگوشی و بایز ڕەسووڵی شەهید بوون.

"شەهیدان سادق ئاگوشی، کوڕی کاوەی برایم پیرۆت و خەڵکی پیرانشار، و بایز ڕەسووڵی، کوڕی عەلی خەڵکی ئاوایی حەسەن چەپ، دوو ئەندامی چالاکی ڕێکخستنەکانی نێوخۆی وڵاتی حزبی دێموکراتی کوردستان بوون و بە دڵسۆزی و ئەرکوەخۆگرییەوە بەرپرسایەتی و ئەرکە حزبییەکانیان ڕادەپەڕاند" لە راگەیەندراوەکەدا وا نووسراوە.

دووپات لەوەیش کراوەتەوە، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی ئەم دوو ئەندامەی حزب لە نێوخۆی وڵات، سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری شەهیدان سادق ئاگوشی و بایز ڕەسووڵی و هاوسەنگەرانیان لە حزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان دەکا.

ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەمی هەفتەی رابردوو لە ناوچەی سەردەشت، لە گوندی "قەلەڕەش" چەکدارانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر ئەو گوندە و دوو ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانیان بەناوەکانی ئیبراهیم عەزیزنیژاد و عەلی بایزپەروەر شەهید کرد و هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بوو.



وشە - هیدایه‌ت جان