مه‌قامبێژ، ئه‌و ده‌نگبێژه‌یه كه خاوه‌ن ده‌نگێكی به‌سۆزه و زۆر به جوانی مه‌قام ده‌خوێنێ به‌ڵام مه‌قامزان، به‌و هونه‌رمه‌نده ده‌گوترێ كه زانستێكی موزیكی ته‌واوی له‌سه‌ر جۆره‌كان و لقه‌كانی مه‌قام هه‌بێت.
به‌ر له‌وه‌ی بچمه ناو دنیای مه‌قامبێژ و مه‌قامزانه‌وه، پێم باشه به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و گشتی هه‌ندێ لایه‌نی گرنگی مه‌قام روون بكه‌مه‌وه.
مه‌قام پێكهاتووه له چه‌ند ئاوازێكی دیاریكراو و نه‌گۆڕی خاوه‌ن میلۆدی و ناوی تایبه‌ت به خۆی. زۆرجار له پێش ئه‌وه‌ی گۆرانیبێژ به‌سته‌ی گۆرانییه‌ك بڵێ، مه‌قام ده‌ڵێ و هه‌ندێ جار له ناوه‌ڕاستی گۆرانی و هه‌ندێ جاریش له كۆتایی گۆرانی مه‌قام ده‌گوترێ، به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆرانییانه‌ی هه‌مان ریتم و میلۆدی له‌گه‌ڵ مه‌قامه‌كه‌دایه، هه‌ندێ جاریش مه‌قام به‌بێ به‌سته و ستران گوتراوه و هۆنراوه‌یه‌كی درێژی چیرۆك ئامێزیان پێ خوێندووه, بۆ نموونه مه‌قامه‌كانی به‌سه‌رهاتی (شیرین و فه‌رهاد و خورشید و خاوه‌ر و خه‌جێ و سیامه‌ند.. هتد) كه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی تراجیدیای نه‌گه‌یشتن به مرازی دوو دڵخواز و عاشقن، هه‌ندێ جار له‌پێناوی خۆشه‌ویستیدا خۆیان كردووه‌ته قوربانی یه‌كتر.
مه‌قام پۆلێن و خانه‌به‌ند ده‌كرێ به دوو جۆر. یه‌كه‌میان ته‌نیا تایبه‌ته به گه‌لی كورد واته له‌ناو گه‌لی كورد هه‌ڵقوڵاوه وه‌ك ئه‌ڵاوه‌یسی، قه‌تار و خاوكه‌ر، خورشیدی و ئای ئای، مه‌سنه‌وی و ئه‌ڵوه‌ن و.. تاد كه له شاره‌كانی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری و ناوچه‌كانی گه‌رمیان هه‌ڵقوڵاون. هۆره و سیاچه‌مانه‌یش له ناوچه‌ی هه‌ورامان و شاره‌زوور هه‌ڵقوڵاون و لاوك و حه‌یرانیش سه‌رچاوه‌كه‌یان له ناوچه‌كانی دهۆك و هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و كوێستانییه‌كاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه، كه پێویستییان به ریتمی خێرا و هه‌ناسه‌دانی زۆر كورت هه‌یه.
جۆری دووه‌میش چه‌ند جۆره مه‌قامێكی وه‌ك (به‌یات، حیجاز، هۆمایۆن، راست و سه‌با و.. هتد) كه ئه‌م مه‌قامانه موڵكی ته‌نیا گه‌لێك نین، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ن كه له ناویاندا باوه و ده‌یخوێنن، به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و كیشوه‌ری ئاسیا, چونكه به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌یه.
بۆ نموونه مه‌قامی (به‌یات و حیجاز و ده‌شت و.. هتد) له هه‌ر وڵاتێك و له‌ناو هه‌ر گه‌لێك به‌رگێكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌كه‌نه به‌ر وه‌ك (به‌یاتی عه‌ره‌ب و به‌یاتی فارس).
مه‌قامبێژ، ئه‌و ده‌نگبێژه‌یه كه خاوه‌ن ده‌نگێكی به‌سۆزه و زۆر به جوانی مه‌قام ده‌خوێنێ، به‌ڵام زۆربه‌ی مه‌قامبێژان ئه‌كادیمی نین له‌باره‌ی تێكهه‌ڵكێش و به‌رز و نزمی و سه‌ره‌تا و كۆتایی. هونه‌رمه‌ند سه‌ڵاح داوده نموونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌و مه‌یدانه‌یه, له مه‌قام خوێندندا مامۆستایه‌كی زۆر به‌توانا بوو, به‌ڵام هیچ زانستێكی موزیكیی مه‌قامی نییه, وه‌ك به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسه‌یه‌م، له هیچ چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی و ته‌له‌ڤزیۆنی باسی هونه‌ر و زانسته‌كانی مه‌قامی نه‌كردووه.
مه‌قامزان، به‌و هونه‌رمه‌نده ده‌گوترێ كه زانستێكی موزیكی ته‌واوی له‌سه‌ر جۆره‌كان و لقه‌كانی مه‌قام هه‌بێت و بزانێ چه‌ند و چۆن مه‌قام بخوێنرێ، مه‌رجیش نییه مه‌قامزان ده‌نگی زۆر خۆش و به‌سۆز بێت، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌سه زاڵ بێت به‌سه‌ر ده‌ربڕینی ده‌نگه‌كان.
بۆ نموونه "هاشم ئه‌لره‌جه‌بی" مه‌قامزان ده‌نگی خۆش نه‌بوو، به‌ڵام پسپۆڕ و مه‌قامزانێكی زۆر لێهاتوو بوو. مه‌لا سدیق تۆفیق مه‌قامزانی شاری كه‌ركووك هه‌رچه‌نده له كاتی لاوی‌دا ده‌نگی خۆش بوو, به‌ڵام كه پیر بوو ده‌نگی كه‌رخ بووبوو، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر زیره‌ك و پسپۆڕ بوو له بواری مه‌قام و زانستی موزیك, ته‌نانه‌ت ده‌یزانی كام هۆنراوه گونجاوه له‌گه‌ڵ كام جۆر مه‌قام بگوترێ.
له بواری هونه‌ری مه‌قام و سترانی كوردیدا، له نێوان مه‌قامبێژ و مه‌قامزانیش هونه‌رمه‌ند هه‌بووه توانای به‌سه‌ر هه‌ردوو جۆره‌كه‌دا شكاوه و لێهاتووانه مه‌قامی خوێندووه, ئه‌م جۆره هونه‌رمه‌ندانه له پله‌ی داهێنه‌ر داده‌نرێن.
لێهاتوویی و دانایی هونه‌رمه‌ندی كورد عه‌لی مه‌ردان له‌وه‌دا بوو هه‌م مه‌قامزان و هه‌م مه‌قامبێژ بوو, له پاش ته‌واوبوونی هه‌ر مه‌قامێك ئه‌و جۆره سترانه‌ی ده‌چڕی كه له‌سه‌ر كێش و ریتمی ئاوازی ئه‌و مه‌قامه بوو. یه‌ك له خه‌سڵه‌ته گرنگه‌كانی تری عه‌لی مه‌ردان ئه‌وه‌بوو له‌ناو مه‌قامه‌كانه‌وه ئاوازی نوێی داده‌هێنا، بۆ نموونه ئاوازی گۆرانیی "ست فاتیمه"ی شیعره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د هه‌ردی.
ده‌ره‌نجام خوازیارم هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌تایبه‌تی لاوه‌كان زۆر خوو بده‌نه هونه‌ری مه‌قام، چونكه مه‌قام به‌تایبه‌تی كوردییه ره‌سه‌نه‌كان سامانێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌مانن، وه‌ك هونه‌رمه‌ندی لاوی به‌توانا ئاگرین دڵشاد كه به ماوه‌یه‌كی كه‌م توانی ببێته جێی سه‌رنجی گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی كورد و سه‌لماندی وجاغی مه‌قامی كوردی هێشتا روونه.
پرۆفایلی عه‌لی مه‌ردان:
عه‌لی مه‌ردان له ساڵی ١٩٠٤ له كه‌ركووك له دایك بووه و له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌باره‌ی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌ڵێت: "بۆ گوزه‌رانی ژیانم، به پای په‌تی و سه‌ری كۆته‌وه، جووتیاری و شوانی و گاوانیم كردووه. له شاری به‌غدا بووم به هاوڕێی مورته‌زاخانی ئیسفه‌هانی و ئه‌سغه‌ری هه‌مه‌دانی و محه‌مه‌د سه‌عیدی سابڵاغی و زۆر شت له‌وانه‌وه فێر بووم، 40 شه‌ویش له‌گه‌ڵ سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی یه‌كمان گرت و زۆر هونه‌رمه‌ندانه پێكه‌وه ژیاین.
مامۆستا له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت، یه‌كه‌م مه‌قامم "ئای ئای" بوو، ئه‌وه‌ی له ساڵی 1939دا له ئێستگه‌ی كوردی به زمانی كوردی باجه‌لانی بۆم تۆمار كرا. هه‌روه‌ها له ساڵی ١٩٦٥دا له ئێستگه‌ی ڕادیۆی تاران و كرماشان‌دا چه‌ندان مه‌قام و گۆرانی تۆمار كردووه.
عه‌لی مه‌ردان له ته‌مه‌نی ٧٧ ساڵی و له ٢٤ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٨١ كۆچی دوایی كردووه و له كه‌ركووك له گۆڕستانی شێخ محێدین به خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردراوه.
سه‌رچاوه:
1.كتێبی (مێژووی مۆسیقای كوردی) له نووسینی حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی/ ده‌زگه‌ی ئاراس چاپی كردووه.
2.كتێبی گه‌ڵای پایز/ یاده‌وه‌رییه‌كانی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان.
ئاماده‌كردنی/ عه‌بدولستار جه‌باری