بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی فرۆشتنی جبس و بیبسی و شیری لە فرۆشگای قوتابخانەكان ڕادەگەیەنێت و هەر شوێنێك سەرپێچی بكات سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەم دووی ئەیلوول، بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، چەند جۆرێك لە خواردن و خواردنەوە ڕێگە پێنەدراوە لە فرۆشگای قوتابخانەكان و نابێت بفرۆشرێن.
لە نووسراوەكە ڕوونكراوەتەوە، شیر و شەربەتی پاكەت و بنێشت و نوقڵ و لەفەی خواردنی سورەوەكراوی مریشك و پەتاتە و جبس بەهەموو جۆرەكانی و خواردنەوە گازییەكان قەدەغەیە.
لەبارەی ئەو خواردنەوانەی ڕێگەپێدراون بەكار بهێندرێت ئاشكرا كراوە، لەفەی پەتاتە و مریشكی كوڵاو و هێلكەی كوڵاو و لەفەی پەنیر و لەفەی نۆكاو و گەنمەشامی و میوەكان فرۆشتنیان ئاساییە.
ئەو نووسراوەی تەندروستی سلێمانی لە كاتێكە پێشتر پزیشكان هۆشدارییان داوە لە فرۆشتنی جبس لە قوتابخانەكان و بە شێوەیەكی فەرمی ساڵی ڕابردووش قەدەغە كرا لە قوتابخانەكان جبس بفرۆشرێت.