لە ماڵی بوكەڵەیەك تیشك دەخرێتە سەر گرفتەكانی ژنان

:: PM:09:38:03/09/2019 ‌
لە شانۆگەری ماڵی بوكەڵەیەك كە لە شاری سلێمانی نمایش دەكرێت، تیشك خراوەتە سەر گرفتەكانی بەردەم ژنان لە سەدەی نۆزدەهەم و ئێستە.

ڕەنج مستەفا دەرهێنەری شانۆگەرییەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شانۆگەرییەكە لە نووسینی هینریك ئیپسن گەورە نووسەری وڵاتی نەرویجە، و منیش دەرهێنانم بۆ كردووە، پێنج ئەكتەری بەتواناش كاری نمایش دەكەن و ڕۆژانە لە هۆڵی ڕۆشنبیری نمایش دەكرێت.

سەبارەت بە ناوەڕۆكەكەی گوتی، ئەم شانۆنامەیە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەهەم، چونكە لەو سەردەمەدا كێشەی ژنان هەبووە لە كۆمەڵگەدا نەیانتوانیوە قەرز بكەن و نەیانتوانیوە بە بێ ڕەزامەندی هاوسەرەكانیان كۆمەڵێك كار بكەن، شەڕی پۆستیان كردووە و دژی پیاوسالاری و توندوتیژییەكان وەستاونەتەوە.

" ئەم دەقە كە كاریان تێدا كردووەتەوە، كەمێك گۆڕیومانە تا بگونجێت لەگەڵ ئەو واقیعە سەختەی كە ئێمە ئێستە هەمانە، بەتایبەت ئەو كێشانەی كە تایبەتە بە نێوان ژن و مێرد، چونكە ڕۆژانە دەبیستین كە ژنێك كوژرا یان خۆی دەكوژێت كە ئەمە بووە بە هەواڵێكی ڕۆتین، هەڵبژاردنی ئەم دەقەش بۆ ئەوەیە كە تیشك بخەینە سەر كێشەكان" دەرهێنەرەكە وای گوت.

شانۆگەری" ماڵی بووكەڵەیەك" لە نووسینی هینریك ئیپسن-ە و ڕەنج مستەفا كاری دەرهێنانی بۆ كردووە و لەبەرواری 1/9/2019 وە، دەستكراوە بە نمایشكردنی و ڕۆژانە لە كاتژمێر 6ی ئێوارە لەهۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم