بەهای هەناردەی كاڵا لە دەروازەیەكی ورمێ 245% زیادی كرد

:: PM:12:16:04/09/2019 ‌

دەروازەی بازرگانیی بازرگان لە ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بە یەكێك لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەكانی ئێران هەژمار دەكرێت كە ساڵانە قەبارەیەكی زۆری كاڵا و شتومەكی لێیەوە بۆ توركیا و ئەوروپا هەناردە دەكرێت. بەپێی نوێترین ئامار رێژەی بەهای هەناردەی كاڵا لە دەروازەكە 245% زیادی كردووە.

سادق نامدار سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی بازرگان گوتی، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا بەهای ئەو كاڵایانەی لە دەروازەكە هەناردە كراون بە دۆلار 245% زیادی كردووە.

بەگوێرەی "ئیرنا" بەرهەمی كشتوكاڵی، پێترۆكیمیایی، بەرد و كانزاكان گرنگترین ئەو كاڵایانەن كە لە دەروازەكەوە بۆ وڵاتان هەناردە دەكرێت. سەرچاوەكە باسی لەوە نەكردووە كۆی قەبارەی ئەو كاڵایەی لە پێنج مانگی رابردوو هەناردە كراوە چەندە و بە چ بەهایەك خەمڵێنراوە.

 بە پێی ئامارێك كە ئەو بەرپرسە خستووویەتە روو، هاوكات بەهای كاڵای هاوردە لە هەمان ماوەدا بەراورد بە پێنج مانگی ساڵی رابردوو 66% زیادی كردووە و بە بەهای 277 ملیۆن دۆلار شتومەك هاوردە كراوە كە پارچەی یەدەگی پیشەسازی، MDF  و مۆز و رەنگ و چەند جۆرێك كانزا لە خۆ دەگرێت.

پارێزگای ورمێ 960 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی توركیا و هەرێمی كوردستان و كۆماری ئۆتۆنۆمی نەخجەوان هەیە.



وشە - سلێمان تاشان