له پارێزگای هه‌ولێر دوو هه‌زار موه‌لیده‌ی ئه‌هلی كار ده‌كه‌ن
ته‌نیا له پارێزگای هه‌ولێر دوو هه‌زار موه‌لیده‌ی ئه‌هلی كار ده‌كه‌ن و رۆژانه به‌شێك له پێداویستییه‌كانی كاره‌با بۆ هاووڵاتییان دابین ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر رۆژێك حكوومه‌ت 100%ی كاره‌بای نیشتمانی دابین بكات، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و موه‌لیدانه كۆ بكرێنه‌وه، هه‌رچه‌نده به كۆكردنه‌وه‌یان هه‌زاران كه‌س بێكار ده‌بن، به‌ڵام سوودێكی یه‌كجار زۆر به ژینگه و ته‌ندروستی هاووڵاتییان ده‌گه‌یه‌نن و پیسبوونی ژینگه به رێژه‌ی 35% كه‌م ده‌كات.
هێشتا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به كاره‌بایه و ئه‌و رۆژه نه‌هاتووه بپه‌رژێته سه‌ر موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان و به یه‌كجاری كۆیان بكاته‌وه. ئه‌و موه‌لیدانه‌ی كه ده‌یان ساڵه ماڵی خه‌ڵك رووناك ده‌كه‌نه‌وه و له گه‌رمای تاقه‌ت پڕووكێنی هاوین و سه‌رمای سه‌ختی زستان فریای خه‌ڵك كه‌وتوون و هاوكاری حكوومه‌ت بوون، رۆژێك دادێت ئیتر ده‌بێ ماڵئاوایی بكه‌ن.
قاره‌مان مه‌ولوود به‌ڕێوه‌به‌ری موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان له پارێزگای هه‌ولێر، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد كه ژماره‌ی ئه‌و موه‌لیدانه‌ی له پارێزگای هه‌ولێر كار ده‌كه‌ن و رۆژانه كاره‌با بۆ هاووڵاتییان دابین ده‌كه‌ن، ده‌گاته هه‌زار و 950 موه‌لیده.
ئه‌و ئاواته‌خوازه رۆژێك حكوومه‌ت بتوانێ 24 سه‌عات كاره‌با دابین بكات و ئیتر كێشه‌ی موه‌لیده به ته‌واوی له كۆڵ هاووڵاتییان بكاته‌وه.
موه‌لیده‌كان هه‌ر ئه‌وانه نین كه له گه‌ڕه‌كه‌كان دانراون، به‌ڵكو زۆربه‌ی هوتێل و خواردنگه و شوێنه گه‌شتیاری و پیشه‌سازییه‌كانیش موه‌لیده‌یان هه‌یه و ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌وانه‌یشی بخرێته سه‌ر، زۆر زیاد ده‌كات.
له كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای حكوومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تییانه‌ی كێشه‌ی كاره‌با، حكوومه‌ت چیتر پێویستیی به موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان نابێت، به‌ڵام ئه‌م دوو لایه‌نه كه چه‌ندان ساڵه به‌یه‌كه‌وه كاریان كردووه، هه‌ندێك چاوه‌ڕوانییان له یه‌كتر هه‌یه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان پێی وایه، له‌و كاته‌دا یان حكوومه‌ت خۆی خاوه‌ن موه‌لیده‌كان قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه، یاخۆ سه‌ربه‌ستیان ده‌كات له‌وه‌ی خاوه‌ن موه‌لیده‌كان خۆیان ئامێره‌كه‌یان بفرۆشن و له بازاڕ ساغیان بكه‌نه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان ئێسته پێویستی به سه‌رووی پێنج هه‌زار مێگاوات كاره‌بایه، له كاتێكدا به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی كاره‌با، سێ هه‌زار و 700 مێگاوات له وێستگه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و موه‌لیده‌كانیش هه‌زار و 700 مێگاوات دابین ده‌كه‌ن كه 34%ی پشكی به‌رهه‌مهێنانیان به‌رده‌كه‌وێت.
حكوومه‌ت ده‌بێ هه‌زار و 700 مێگاوات كاره‌بای تر به‌رهه‌م بهێنێت و ساڵانه له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی داخوازی پێداویستی كاره‌با پڕ بكاته‌وه، تا به یه‌كجاری له موه‌لیده‌كان رزگاری بێت.
زیانی لابردنی موه‌لیده‌كان
زیانی كۆكردنه‌وه‌ی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان ته‌نیا بۆ خاوه‌نه‌كانیان نییه، به‌ڵكو هه‌زاران كه‌س له‌م كه‌رته‌دا كار ده‌كه‌ن و به كۆكردنه‌وه‌یان، ئه‌وانیش ده‌بێت بچنه ماڵه‌وه.
محه‌مه‌د عوسمان له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی موه‌لیده به‌ڕێوه ده‌بات، خۆی ده‌ڵێ "زیاتر له 10 ساڵه وه‌ك كرێكاری موه‌لیده كار ده‌كه‌م و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتی كوژانه‌وه و پێكردنی موه‌لیده دیار نییه، هیچ كارێكی ترم پێ ناكرێ". ژیانی محه‌مه‌د و هه‌زاران كه‌سی تر له‌گه‌ڵ ژاوه‌ژاوی موه‌لیده هه‌ڵده‌سووڕێت.
ئه‌گه‌ر موه‌لیده‌كانی پارێزگای هه‌ولێر نزیكه‌ی دوو هه‌زار دانه بن، ئه‌وا هی هه‌موو پارێزگاكان خۆی له پێنج هه‌زار موه‌لیده ده‌دات، زۆربه‌ی موه‌لیده‌كان دوو كه‌سیان له‌سه‌ره و جگه له‌مه ده‌رفه‌تی كار بۆ ئه‌وانه‌یش ره‌خساوه كه گازوایلیان بۆ به‌رهه‌م دێنن، كه‌سانێكیش له گواستنه‌وه‌ی گازوایل و چاككردنه‌وه و فرۆشتنی پارچه‌ی یه‌ده‌گ، هه‌لی كاریان بۆ دروست بووه.
ئه‌گه‌ر هه‌ر موه‌لیده‌یه‌ك سێ هه‌لی كاری دابین كردبێت، ئه‌وا 15 هه‌زار كه‌س كاره‌كانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی خاوه‌ن موه‌لیده‌كان كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوون و هه‌یه له چه‌ندان شوێنی جیاواز موه‌لیده‌ی داناوه و له‌م كه‌رته‌دا وه‌به‌رهێنانی كردووه. ئه‌گه‌ر موه‌لیده‌كان كۆ بكرێنه‌وه، ئه‌مانیش زیانیان پێ ده‌گات، چونكه وه‌به‌رهێنانه‌كه‌یان ئیتر هیچ قازانجی نابێت و ده‌بێت موه‌لیده‌كانیان له كۆڵ خۆیان بكه‌نه‌وه.
قازانجی كۆكردنه‌وه‌ی موه‌لیده‌كان زۆر زیاتره له زیانه‌كان
یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ی كوردستان موه‌لیده‌كانن، ئه‌مانه راسته رۆڵی گرنگیان هه‌بووه له دابینكردنی كاره‌با، به‌ڵام كاتێك كاره‌بای نیشتمانی به خۆبژێوی ده‌گات، ئه‌م موه‌لیدانه چیتر سوودیان نابێت.
موه‌لیده‌كان ته‌نیا به دووكه‌ڵ ژینگه پیس ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌و ده‌نگه ناخۆشه‌ی هه‌یانه مایه‌ی پیسكردنی ژینگه و تێكدانی ئارامی خه‌ڵكن. به‌تایبه‌ت ئه‌و ماڵانه‌ی له نزیك موه‌لیده‌كانن، له‌به‌ر ده‌نگی موه‌لیده هه‌راسان بوون.
عه‌بدوڵا محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ژینگه‌ی هه‌ولێر، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه موه‌لیده‌كان رۆڵێكی زۆر خراپیان هه‌یه له پیسكردنی ژینگه، له‌ناو موه‌لیده‌كانیش هه‌ندێكیان رێژه‌ی پیسبوونیان زۆر زیاتره، چونكه دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن یان گازوایلی پیس به‌كار دێنن.
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه موه‌لیده‌كان جگه له دووكه‌ڵ و ژاوه‌ژاو، دیمه‌نێكی زۆر ناشیرینیان داوه‌ته گه‌ڕه‌كه‌كان و ئه‌و هه‌موو وایه‌ره‌ی به‌سه‌ریاندا شۆڕ بوونه‌ته‌وه، به ته‌واوی ژینگه‌یان ناشیرین كردووه. جگه له‌مه، گازوایل و رۆن و پاشماوه‌ی موه‌لیده‌كان تێكه‌ڵ به ئاو و زه‌وی ده‌بن كه زۆر مه‌ترسیدارن بۆ ته‌ندروسرتی مرۆڤ.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ژینگه، "ئه‌گه‌ر رۆژێك ئه‌و موه‌لیدانه نه‌هێڵڕێن، به رێژه‌ی 35%ی پیسبوونی ژینگه‌ی شاره‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
جگه له‌وه، موه‌لیده‌كان له گه‌ڕه‌ك و ئه‌و گۆڕه‌پانانه‌ی ده‌بوو بكرێنه سه‌وزایی، رووبه‌رێكی زۆر له زه‌وییان داگیر كردووه و به نه‌مانی ئه‌و موه‌لیدانه به هه‌زاران پارچه زه‌وی بۆ موڵكی گشتی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه ده‌كرێ بكرێنه سه‌وزایی.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان زوو یان دره‌نگ ده‌بێ پلانی ستراتیجی بۆ ژینگه‌كه‌ی هه‌بێت و رۆژێك ئه‌م سه‌رئێشه‌یه له كۆڵ خه‌ڵك بكاته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 15 هه‌زار كه‌س له‌م كه‌رته‌دا كار ده‌كه‌ن