بانكە ناوەندییەكانی دنیا روو لە كڕینی زێڕ دەكەن

:: PM:02:34:04/09/2019 ‌

بانكە ناوەندییەكانی وڵاتانی دنیا بە هۆی نیگەرانییەكانی گەشەی سستی ئابووری دنیا روویان لە كڕینی زێڕی زیاتر كردووە. هەندێك وڵاتی وەك رووسیا كڕینی زێڕی بۆ دوو هێندە زیاد كردووە.

پسپۆڕانی ئابووری پێشبینی ئەوە دەكەن لە ساڵانی داهاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، بۆیەش وڵاتان لە رێی بانكی ناوەندییەوە زێڕ پاشەكەوت دەكەن بۆ ئەوەی لە كاتی هەر تەنگژەیەكی دارایی دنیا بتوانن سوودی لێ وەربگرن و كورتهێنانی بودجەیان كەم بكەنەوە یان بە هۆیەوە دراوی فەرمییان بەرز بكەنەوە.

لاكمەن توێژەری ناسراو و لێكۆڵەر لە دامەزراوەی FXTM باسی لەوە كردووە ئامارەكانی ئەنجوومەنی دنیایی زێڕ ئەوە دەردەخات لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بانكەكانی دنیا 374 تۆن زیڕیان كڕیوە كە بایی 15 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە. لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین بۆ پرسی بازرگانی، وڵاتان و بازرگانان زیاتر روو لە كڕینی زیڕ دەكەن چونكە گرەنتی زیاترە.

پێشبینی كراوە قەبارەی كڕینی زێر لەلایەن بانكە ناوەندییەكان بۆ 650 تۆن بەرز بكرێتەوە. هاوكات سندووقی نێودەوڵەتی دراو بڵاوی كردەوە كۆی یەدەگی دراوی چین گەیشتووەتە سێ تریلیۆن و 70 ملیار دۆلار و بەگوێرەی پێشبینی دامەزراوەی ANZ ئەو وڵاتە لە ساڵانی داهاتووشدا دەتوانێت زێڕی زیاتر بكڕێت.

بەگوێرەی "فارسنیوز" بانكی ناوەندیی رووسیاش كە گەورەترین كڕیاری زێڕە، كۆی زێڕی یەدەگی خۆی بۆ دوو هێندە بەرز كردووەتەوە و لە هەزار و 40 تۆنەوە گەیشتووەتە دوو هەزار و 219 تۆن.

پێویستە بگوترێت هەر ئەمەش هۆكار بووە نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا بەرز ببێتەوە و لە سەرووی هەزار و 540 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك بفرۆشرێت.



وشە - سلێمان تاشان