ڤیڤۆ ناوازه‌ترین مۆبایل دروست ده‌كات.. هێزه‌كه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌

:: PM:08:49:04/09/2019 ‌

ڤیڤۆ نوێترین مۆبایلی نمایش كرد كه‌ جوانترین شێوه‌ی كه‌ڤه‌ری تێدا به‌كارهێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌یش سێ كامێرای بۆ داناوه‌ كه‌ جوانترین وێنه‌ ده‌گرن، چونكه‌ پكسڵیان زۆره‌ و هێزی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌.

ماڵپه‌ڕی "gadgets" بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ نوێترین مۆبایلی ڤیڤۆ ده‌كات و ئاماژه‌ی پێ داوه‌، كۆمپانیای ڤیڤۆ له‌ نوێترین به‌رهه‌میدا مۆبایلێكی له‌ جۆری "Vivo Z1x" نمایش كرد كه‌ ئه‌م مۆبایله‌ تایبه‌ت دروست كراوه‌ و تایبه‌تمه‌ندی ناوازه‌شی تێدابه‌كارهێنراوه‌ له‌گه‌ڵ نوێترین سیسته‌می ئه‌ندرۆیدی كه‌ خێراییه‌كی زۆری هه‌یه‌.

ئه‌مه‌یش گوتراوه‌ كه‌ ئه‌م مۆبایله‌ خاوه‌نی شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌ قه‌باره‌كه‌ی 6.38 ئینجه‌ له‌گه‌ڵ ڕوونی شاشه‌ی 1080 به‌ 2340 پیكسڵ، هه‌روه‌ها ڕامی هه‌شت گێگابایت و میمۆری ناوه‌كیشی 256 گێگابایتی بۆ دانراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ سێ كامێرای بۆ دانراوه‌ و كامێرایه‌كیشی 48 مێگاپێكسڵه‌، ڤیڤۆ ئه‌وه‌یشی گوتوه‌ كه‌ مۆبایله‌كه‌ی له‌ڕووی جوانی و هێزه‌وه‌ ڕكابه‌ره‌ بۆ هواوی، گالاكسی و ئایفۆنیش.

ڤیڤۆ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی چین بۆ دروستكردنی مۆبایل و ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌ به‌هێزه‌كان، ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ ساڵی 2009 له‌سه‌ر ده‌ستی "شین وی" چینی دامه‌زراوه‌ كه‌ ئێسته‌ كۆمپانیاكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی دنیا و مانگانه‌ و ساڵانه‌ به‌رهه‌می ناوازه‌ و به‌هێزه‌ ده‌خاته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌.












وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان

ئه‌م بابه‌ته 101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌