نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:10:01:05/09/2019 ‌

نرخی نەوت بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەكانی چین كە باس لە گەشەی كەرتی خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی كار دەكات، بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا، هەرچەندە دواتر بەرزبوونەوەی ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا كەمێك لە نرخەكەی كەم كردەوە.

لە بەیانی دوێنێ چوارشەمەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم سەرووی سێ دۆلار لە نرخەكەی هەڵكشا. 

نرخی نەوت لەو ماوەیەدا لە 58 دۆلارەوە بەرەو 61 دۆلار بەرز بووەتەوە. ئێستەش هەر بەرمیلێكی بە 60 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت، هۆكاری ئەم دابەزینە كەمەش بۆ ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە بەرز بووەتەوە.

هەفتانە كە ئاماری نەوت لە ئەمەریكا بڵاو دەكرێتەوە، هەر هەفتەیەك ئامارەكە بەرزبوونەوە نیشان بدات، ئەوا راستەوخۆ نرخی نەوت كەم دەكاتەوە و دابەزینیشی نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە 24 سەعاتی رابردوو بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەكانی چین دەگەڕێتەوە كە نیشانی دەدات كەرتی خزمەتگوزاری پێش كەوتووە و هەلی كاری زۆر رەخسێنراوە. چین بە دووەم گەورە وڵاتی دنیا هەژمار دەكرێت كە زۆرترین بڕی نەوت دەكڕێت و بەكاری دەهێنێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی تەكساسی ئەمەریكیش لە 53دۆلار و 87 سەنتەوە بۆ سەرووی 56 دۆلار هەڵكشاوە.



وشە - سلێمان تاشان