لەسەر مانگ مادەیەكی سەرسوڕهێنەر دۆزرایەوە

:: PM:01:13:05/09/2019 ‌

رۆبۆتی پشكنەری مانگ كە لەلایەن چینەوە بۆ نیوەی شاراوەی مانگ نێردراوە، جۆرە مادەیەكی سەرسوڕهێنەر و بریقەداری دۆزییەوە.

مرۆڤ كاتێك لە مانگ دەڕوانێت تەنیا لایەكی مانگ دەبینێت و هیچ كاتێك پشتەوەی مانگی نەبینیوە، بۆیە چین بۆ ئەوەی نهێنییەكانی ئەو نیوە شاراوەیە ئاشكرا بكات، رۆبۆتێكی رەوانەی مانگ كرد.

میدیاكانی چین ئاشكرایان كرد، ئەو پشكنەرە توانیویەتی جۆرە مادەیەكی هاوشێوەی جەلی بدۆزێتەوە كە زۆر سەرنجڕاكێش و بریقەدارە.

مادەكە لە هەشتەمین رۆژی پشكنینی رۆبۆتەكە دۆزراوەتەوە. یەكێك لەو زانایانەی كە لە زەوییەوە كۆنترۆڵی رۆبۆتەكە دەكات گوتوویەتی، ئەو مادەیەی دۆزراوەتەوە لەگەڵ خۆڵ و مادەكانی دەوروبەری بە تەواوی جیاوازە و دوای ئەم دۆزینەوەیە، رۆبۆتەكە راسپێردراوە بۆ ئەوەی پشكنینی زیاتر بكات و زانیاری زیاتر لەسەر مادەكە رەوانەی زەوی بكات.

ئەو رۆبۆتە شەش مانگ لەمەوبەر لەلایەن چینەوە بەرەو دیوی شاراوەی مانگ نێردرا و یەكەم جاریشە لە زەوییەوە ئامێرێك لەم بەشەی مانگ دادەبەزێت.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" زانكۆكان و ناوەندەكانی ئەكادیمی لە سەرانسەری دنیا چاوەڕوانی ئەوە دەكەن لەسەر ئەو مادەیە زانیاری نوێیان پێ بگات.

هەندێك زانایان دەڵێن لەوانەیە جۆرە بەردێكی ئاسمانی یان نەیزەكێك لەسەر مانگ كەوتبێتە خوارەوە و ئەو مادەیە پاشماوەی ئەو پێكدادانە بووبێت.



وشە - سلێمان تاشان