لە دهۆك ژمارەیەك پڕۆژەی مەڕ و ماڵات لە نێوان كارگەی زبڵ و نەوت كراونەتەوە

:: PM:05:46:05/09/2019 ‌
بەرهەمی ئەو ئاژەڵانە بۆ مرۆڤ مەترسیدارە

ژمارەیەك شوێنی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات لە ناوچەی كواشێی سەربە شارۆكەی سێمێل كراونەتەوە و بەخێو دەكرێن كە دەكەونە نێوان كارگەی ریسایكلینی پاشماوە و زبڵ و بیرە نەوتییەكانی ناوچەی كواشێ. ژینگەی دهۆك رای دەگەیەنێ كە كارگەكان كاریگەری خراپیان لەسەر ئەو پڕۆژانە هەیە و دواتر پڕۆژەكانیش كاریگەریی خراپتر لەسەر مرۆڤ دروست دەكەن، بۆیە پێویستە خاوەن پڕۆژەكانی ئاژەڵ شوێنەكانیان بگوازنەوە.

سەرچاوەیەك لە شارۆكەی سێمێل، بە"وشە"ی راگەیاند، ژمارەیەك پڕۆژەی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات لە نزیك ناوچەی كواشێ كراونەتەوە و بەخێو دەكرێن، بەهیچ شێوەیەك بە كەڵكی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات نایەن. ئەو پڕۆژانە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی، چونكە نزیكن لە كارگەی ریسایكلینی پاشماوە و بیرە نەوتییەكانی كواشێ.

لە بەرانبەر محەمەد تاهیر بریفكانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆك، بە"وشە"ی راگەیاند، بەهیچ شێوەیەك شوێنی ئەو پڕۆژانە بە كەڵكی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات نایەن و كاریگەری خراپ و راستەوخۆ لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە هەیە.

ئەو گوتی "بە نووسراوی فەرمی لایەنی پێوەندیدار و خاوەن پڕۆژەكانیش ئاگادار كراونەتەوە كە دەبێت شوێنی ئەو پڕۆژانە بگوازرێنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی خاوەن پڕۆژەكان دەسەڵاتیان هەیە و واستە دەكەن، تا ئێستە نەمانتوانیوە ئەو خاوەن پڕۆژانە ناچار بە گواستنەوەی شوێنەكانیان بكەین".

ئەو بەڕێوەبەرە زیاتر خستە ڕوو، ئەو مەڕ و ماڵاتە رۆژانە لە پاشماوەكانی ماڵانی كارگەی كواشێ و بیرە نەوتییەكانی كواشێ دەگەڕێن و پاشماوەكان دەخۆن و دەكەونە ناو پاشماوەكانی نەوت و ژەهراوی دەبن، بەمەش كاریگەی خراپ لەسەر ئاژەڵ و مرۆڤیش هەیە، بەتایبەتی لەوەی هاووڵاتییان شیر و ماست و گۆشتی ئەو ئاژەڵانە بۆ خواردن و خواردنەوە بەكار دێنن و بەشێكی زۆری بەرهەمەكان بۆ بازاڕەكان دەگوازنەوە.

بەپێی بڕیارێك، دەبێ خاوەن پڕۆژەكان لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پڕۆژەكان بۆ شوێنێكی تر بگوازنەوە. بەڵام بریفكانی دەڵێ، دیار نییە پابەندی بڕیارەكە دەبن یان نا. 

زیاتر گوتی "پێشتر هەوڵی زۆرمان داوە شوێنی ئەو پڕۆژانە بگوازرێنەوە، بەڵام لەبەر كێشەی كومەڵایەتی و تەنانەت رووداوی شەڕ، پێمان باش بووە لە جیاتی بە زۆر چۆڵكردن، بەڵێننامەمان لە خاوەن پڕۆژەكان وەرگرتووە بە زووترین كات خۆیان چۆڵی بكەن"

جێی باسە نزیكەی هەزار سەر ئاژەڵ لەو پڕۆژانە بەخێو دەكرێن و ئێستە خاوەن پڕۆژەكان وردە وردە ئاژەڵەكانیان دەفرۆشن، بەڵام بەشێكی زۆر لەو ئاژەڵانە ماون، وەرزی گەرمایە و رۆژ لە دوای رۆژ كاریگەری خراپتر لەسەر ژینگە و هاووڵاتییان و ئاژەڵیش دروست دەكەن.

ناوچەی كواشێ، بەمدواییە تەرخان كراوە بۆ ناوچەی پیشەسازی و بازرگانی بەتایبەتی پاشماوە و ئۆتۆمبێل و بیری نەوت و پاڵاوگە و شوێنی تر و دوو بۆ سێ هەزار شوێنی جیاوازی تێدایە.

 دهۆك/ نەوزاد هلۆری







وشە - تایبه‌ت