ناكۆكیی ناوخۆیی یەكێتی و گۆڕان پۆستەكانی تری حكوومەت دوا دەخات

:: PM:08:33:05/09/2019 ‌
ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناو هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی تری حكوومەت دوا دەخات و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەو دوو حزبەی ڕاگەیاندووە، هەرچی زووە كاندیدەكانیان یەكلا بكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٦٠ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە و بەسەر هێز و لایەنە سیاسییەكاندا دابەش دەكرێن، لەم كابینەیەدا كە تەنیا پارتی و یەكێتی و گۆڕان بەشدارن، یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و گۆڕانەوە درەنگ كەوتووە.

كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە نووسراوێكی ڕەسمیدا بڕیاری داوە، سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سەربە یەكێتی بگۆڕێن و ڕێ بۆ خەڵكانی تر بكرێتەوە بچنە ئەو پۆستانەوە، ئەوەش دابەشكاریی باڵەكان لەناو یەكێتی بۆ پۆستەكان قووڵتر دەكاتەوە و یەكلابوونەوەی كاندیدەكانیش درەنگتر دەكەون.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "پێشتریش بۆ یەكلاكردنەوەی وەزیرەكانی یەكێتی وایان دەگوت، بەڵام یەكێتی پێش هەموو لایەنەكان ناوی وەزیرەكانی پێشكەش كرد و هیچ كێشیەكیش ڕووی نەدا، بۆیە ئەو قسەوباسانە تەنیا میدیا دروستی دەكات".

بەڵام كێشەكانی ناو یەكێتی و باڵەكانی لە ئاستێكی تەواو ئاشكرادان، پرسی بەستنی كۆنگرە و دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و ناكۆكیی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی ئەو حزبەش، دەرخەری ڕووە ڕاستەقینەكەی ناكۆكیی باڵەكانی یەكێتییە و لەسەر تەواوی بڕیار و هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاندیدەكانیشیان ڕەنگدانەوەی هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، یەكێتی دەیەوێ بە ‌دوو قۆناغ ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بكات، لە قۆناغی یەكەمدا پۆستە بەتاڵەكان و پشكەكانی خۆی لە حكوومەت پڕ بكاتەوە، لە ‌قۆناغی دووەمدا ئەو بەرپرسانە بگۆڕێت كە چوار ساڵیان تەواو كردووە، لە بەرانبەردا حكوومەتی هەرێم دەیەوێ هەردوو پرۆسەكە بە‌یەكەوە ئەنجام بدرێن، بەڵام پێ ناچێت داواكارییەكەی حكوومەت جێبەجێ بكرێت، بەهۆی ئەوەی یەكێتی كاندیدی جێگرەوەی بۆ ئەو پۆستانە نییە و بەهۆی ململانێ ناوخۆییەكانیشیەوە یەكلاكردنەوەیان كاتی دەوێت.

هاوكات پرسی كۆنگرە و ئەگەری ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی، دەرگەی گفتوگۆی باڵەكانی یەكێتی داخستووە و ئەوەش كێشەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی یەكێتی زیاتر ئاڵۆز دەكات.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە بە ڕەسمی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بۆ دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی هەڵگرتووە كە دەكەوێتە كۆتایی ئەمساڵەوە.

سەردار محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بۆ "وشە" ڕای گەیاند، "ڕاستە لەناو گۆڕان ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام هەڵبژاردنەكان دەكەین، ئەوكات كاندیدی پۆستەكانی تری حكوومەت یەكلا دەكەینەوە".

ئاماژەی دا، "ئێمە پێشتریش وەك گۆڕان لەگەڵ پارتی كە ڕێككەوتین، ئامادە بووین ناوی وەزیرەكان بدەینە سەرۆكی حكوومەت، بەڵام ئەوە یەكێتی بوو پرۆسەكەی دوا خستبوو."

ئۆرگانە ڕەسمی و یاساییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی گشتی و نیشتمانی و ڕێكخەری گشتی، سەرجەمیان وادەی یاساییان بەكۆتا هاتووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان، تەنیا بڕیاری هەڵبژاردنی بازنە و ژوورەكانیان داوە و لە ڕێی جڤاتی نیشتمانیشەوە خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرنەوە. ئەو پرۆسەیە ماوەیەكی دەوێ و پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكانی تریان لە حكوومەت دوا دەكەوێت.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نیگەرانە لە درەنگ یەكلابوونەوەی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، تیمی یەكێتی و گۆڕانیشی لە حكوومەت ئاگادار كردووەتەوە كە دەبێ هەرچی زووە ناوی كاندیدەكانیان ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن.



وشە - تایبه‌ت