كۆمپانیا توركییه‌كه وازی له پرۆژه‌كه هێنا و هێمن گرووپ ته‌واوی ده‌كات
دوایین به‌شی شه‌قامی بازنه‌یی 120 مه‌تریی هه‌ولێر كه له ساڵی 2010 له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی توركی ده‌ست به جێبه‌جێكردنی كرا و دواتر به نیوه‌چڵی جێی هێشت، به‌و كۆمپانیایه سپێردراوه كه دوو به‌شه‌كه‌ی تری ته‌واو كردووه و بڕیاره تا كۆتایی ئه‌مساڵ 2019، پڕۆژه‌ی 120 مه‌تری به ته‌واوی بكرێته‌وه.
شه‌قامی بازنه‌یی 120 مه‌تری ته‌نیا یه‌ك به‌شی ماوه ته‌واو بكرێت، ئه‌ویش شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر-كه‌ركووك بۆ شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر-مووسڵ گرێ ده‌دات.
ئه‌م به‌شه به ناوی به‌شی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای "ئیكینجلهر"ی توركییه‌وه ده‌ست به جێبه‌جێكردنی كرا و ده‌بوو به‌ر له‌وه‌ی نێوان رێی مووسڵ و رێی شه‌قڵاوه ته‌واو بكرێ، ئه‌و به‌شه راده‌ستی حكوومه‌ت بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی دابین نه‌كردنی بودجه، كاركردن تێیدا وه‌ستا.
بودجه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی شه‌قامه‌كه 78 ملیۆن دۆلار بوو، دواتر زیاد كرا بۆ 145 ملیۆن دۆلار، كۆمپانیاكه 55%ی پڕۆژه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد، به‌ڵام دواتر جێی هێشت و له مانگی ئایاری ئه‌مساڵیش پڕۆژه‌كه به كۆمپانیای هێمن گرووپ هاته سپاردن.
كۆی پڕۆژه‌ی 120 مه‌تری 38 كیلۆمه‌تره. به‌شی دووه‌می 16 كیلۆمه‌تره و به‌شی سێیه‌میشی 11 كیلۆمه‌تره كه پێشتر له‌لایه‌ن هێمن گرووپ ته‌واو كراون. به‌شی سێیه‌می شه‌قامی بازنه‌یی 120 مه‌تری هه‌ولێر له كۆتایی مانگی ئایاری ئه‌مساڵ كرایه‌وه كه ڕێی سه‌ره‌كی كۆیه-هه‌ولێری به ڕێی سه‌ره‌كی هه‌ولێر -كه‌ركووك گرێ دا.
ئه‌و به‌شه‌ی له كۆمپانیای ئیكینجلهر وه‌رگیراوه و به هێمن گرووپ دراوه، به درێژایی 11 كیلۆمه‌تره و رێی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر-كه‌ركووك به رێی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر-مووسڵ گرێ ده‌دات.
به‌شی دووه‌می 120 مه‌تریی هه‌ولێر 16 كیلۆمه‌تر بوو كه چوار كیلۆمه‌تری تری بۆ زیاد كرا، دوای سێ ساڵ كاركردن تێیدا له ساڵی 2016 ته‌واو بوو، به بودجه‌ی 169 ملیۆن دۆلار.
هه‌رچی پێوه‌ندی به به‌شی سێیه‌مه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش درێژییه‌كه‌ی 11 كیلۆمه‌تر بوو له نێوان شه‌قامی هه‌ولێر-كه‌ركووك و هه‌ولێر-كۆیه جێبه‌جێ كرا، به بودجه‌ی 145 ملیۆن دۆلار بوو.
هێمن گرووپ یه‌كێك بوو له گرنگترین ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له سه‌رده‌می ته‌نگژه‌ی دارایی به بودجه‌ی خۆی قۆڵی له جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه ستراتیجییه هه‌ڵماڵی و به‌شه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك ته‌واو كرد، تا له ئایاری ئه‌مساڵ ته‌واوكردنی كۆی پڕۆژه‌كه‌ی پێ هاته سپاردن.
ئه‌میر عه‌بدولخالق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی رێگه له كۆمپانیای هێمن گرووپ، بۆ "وشه" گوتی، خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی به‌شی كۆتایی پڕۆژه‌ی 120 مه‌ترین و تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌م به‌شه‌یش ده‌كرێته‌وه و كۆتایی به بازنه‌ی 120 مه‌تری ده‌هێنرێت.
ئه‌و روونی كرده‌وه كه راسته پڕۆژه‌كه پێشتر به‌شێكی له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی توركییه‌وه جێبه‌جی كراوه، به‌ڵام هێشتا كاری زۆری تێدا ماوه و جگه له‌مه، ئه‌وان گۆڕانكارییان له دیزاینهكهشدا كردووه، چونكه پێشتر وه‌ك رێیه‌كی ده‌ره‌كی دیزاین كراوه، به‌ڵام له دیزاینی نوێ‌دا حیسابی ئه‌وه‌یان كردووه ئه‌و رێیه ده‌كه‌وێته ناوشار، بۆیه ده‌بێ حیسابی به‌یه‌ك به‌ستنه‌وه و گرێدانی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه به شه‌قامی خزمه‌تگوزاری بكه‌ن.
به‌پێی ئامارێك كه ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی هێمن گرووپ ئاماژه‌ی پێ كرد، جگه له رێ سه‌ره‌كییه‌كه، ده‌بێ 20 كیلۆمه‌تر رێی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ بكه‌ن، هاوكات 22 كیلۆمه‌تر ئاوه‌ڕۆ جێبه‌جێ بكه‌ن، جگه له هه‌شت خاڵی گرێدانی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه به رێی خزمه‌تگوزاری و قیرتاو و شوسته و هێڵ و په‌رژین و رووناكی.
هه‌ڵبه‌ت جگه له چه‌ند بهرزهپردێك، به‌شی زۆری رێ سه‌ره‌كییه‌كه پێشتر قیرتاو كرابوو، به‌ڵام كۆمپانیای هێمن گرووپ به چینێك پۆلیمه‌ر دووباره قیرتاوی ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بێت.
جێبه‌جێكردنی خێرای پڕۆژه‌كه له كاتێكدایه هێشتا كۆمپانیای هێمن گرووپ شایسته داراییه‌كانی خۆی له حكوومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه، هه‌رچه‌نده حكوومه‌ت چه‌ند جارێك بڕێك بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كردوون، به‌ڵام به‌شی زۆری بودجه‌كه هه‌ر له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت دابین كراوه.
به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمپانیای هێمن گرووپ له‌باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه له‌سه‌ر گرێدانی جووتسایده‌كه به رێ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌تایبه‌تی له نزیك گه‌ڕه‌كه‌كانی رۆشنبیری و زانكۆ ده‌گیرێ، گوتی "خۆی ئه‌م به‌شه پێوه‌ندی به گرێبه‌ستی كۆمپانیا توركییه‌كه هه‌بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی هاتوچۆی نێوان رێی كه‌ركووك و بازنه‌كه بكرێته‌وه، ته‌واومان كرد و له‌م قۆناغه‌دا سه‌رجه‌م كه‌موكورتی و پێداویستییه‌كانی دابین ده‌كه‌ین".
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌ندازیار سه‌رتیپ سابیر قادر سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه له سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، رێ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بازنه‌ی 120 مه‌تری بۆ كۆتایی ساڵ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له‌وانه‌یه به‌شێك له رێ خزمه‌تگوزارییه‌كانی بكه‌وێته ساڵی داهاتوو.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد "پێشتر حكوومه‌ت داوای له كۆمپانیا توركییه‌كه كردبوو ته‌واوی بكات یان وازی لێ بێنێت، به‌گوێره‌ی یاسایه‌كی وه‌زاره‌تی پلاندانان، كۆمپانیاكه خۆی وازی هێنا، بۆیه پرۆژه‌كه‌مان به‌و كۆمپانیایه‌مان دا كه سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی تری بازنه‌ی 120 مه‌تری ته‌واو كردبوو".
جێی باسه پڕۆژه‌ی ستراتیجیی 120 مه‌تری رۆڵێكی زۆر گرنگ ده‌بینێ له كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغیی پایته‌خت و سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌ك و كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون و رێیه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر به یه‌كتر گرێ ده‌دات.