جه‌نگ و ململانێی شیعه و سوونه له پارێزگایه‌كی عێراقی هاو سنوری كوردستان، كه هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردستانی پێوه‌لكێنراوه گه‌یشتووه‌ته گۆڕستانه‌كانیش، بۆیه سوونه‌كانی دیاله هانایان بۆ سه‌رۆك په‌رله‌مان برد گۆڕستانێكی مێژوویان تێك نه‌درێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی شه‌شی ئه‌یلوول، ڕه‌عه‌د ده‌هلكه‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی ئیئتلافی نیشتمانی سوونه‌كان له‌سه‌ر پارێزگای دیاله، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان وه‌رگرتووه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ر زیاده ڕۆیه‌ك له‌سه‌ر گۆڕستانی كۆنی شارۆكه‌ی باقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله كه كه‌س بۆی نییه زیده ڕۆیی بكاته سه‌ری.
زیاتر گوتى، ناوی ئه‌وكه‌سانه‌یش ئاشكرا ده‌كه‌ین و ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه ده‌كرێنه‌وه كه به ناوی دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوونه‌وه، هه‌وڵیاندابوو زیاده‌ڕۆیی بكه‌ن سه‌ر گۆڕستانی شه‌ریف.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ڕای گه‌یاند، وه‌قفی شیعه و وه‌به‌رهێنه‌ران به فه‌رمی ئاگاداركراونه‌ته‌وه كار بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جی بوون له نزیكی ئه‌و گۆڕستانه نه‌كه‌ن.
هاتنه‌ده‌نگی به‌رپرسانی سوونه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و په‌رله‌مه‌كان له كاتێكدایه كه وه‌قفی شیعی به‌شێكی زۆری زه‌وی گۆڕستانه‌كه‌ی خستووه‌ته موزادیه‌وه بۆ فرۆشتن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانى خانوو و شوقه‌ی لێ دروست بكات بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان.
گۆڕستانی شه‌ریف له ناوه‌ندی پارێزگای دیاله مێژووه‌كه‌ی بۆ 700 ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه و سوونه‌كان به گه‌وره‌ترین گۆڕستانی خۆیان هه‌ژماری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن سه‌دان ساڵه شوێنی ناشتنی مردووه‌كانمانه و شیعه‌كانی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق مردوویان بۆ كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف ده‌به‌ن.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی