كورتهێنانی بازرگانی ئێران گەیشتە 200 ملیۆن دۆلار

:: AM:11:15:07/09/2019 ‌

دوای ئەوەی ئەمەریكا سزای خستە سەر ئێران و رێی لە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە گرت، ئێران زیاتر گرینگی بە هەناردەی ناپیترۆڵی داوە و مانگی رابردووش ئەو قەبارەیە 3.2% گەشەی كردووە. هەرچەندە هێشتا كورتهێنانەكە نەرێنییە  و 200 ملیۆن دۆلار كەمتر لە قەبارەی هەناردە، هاوردەی هەبووە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حكوومەتی ئێران بڵاوی كردوونەتەوە، كۆی قەبارەی هەناردەی ئێران لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلار كە بەراورد بە مانگێك پێشتر 3,2% و بەراورد بە هەمان مانگی ساڵێك پێشتر 16% بەرز بووەتەوە.

پێویستە بگوترێت كۆی قەبارەی هاوردەی كاڵاش لە مانگی  رابردوودا بریتی بووە لە سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 8.1% كەمی كردووە.

 بەگوێرەی "مێهرنیوز" ئەگەر هەناردەی نەوت لەبەرچاو نەگیرێت، كورتهێنانی بازرگانی ئێران 200 ملیۆن دۆلارە و بە نەرێنی دانراوە. ئەو وڵاتانەی كورتهێنانی بازرگانییان ئەرێنییە، زیاتر لەو بڕەی بۆ وڵاتەكەیان هاوردە دەكرێت هەناردەی دەكەن.

ئێران بە هۆی سزاكانی ئەمەریكا زیانێكی زۆری بەركەوتووە و ناتوانێ ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت بۆ وڵاتانی تری هەناردە بكات.



وشە - سلێمان تاشان