ئێران دەستی بەسەر كەشتییەكی تردا گرت

:: PM:01:26:07/09/2019 ‌

ئێران دەستی بەسەر كەشتییەكدا گرت كە بە قاچاخ ویستوویەتی لە كەنارئاوییەكانی ئێران گازوایل بگوازێتەوە. كەشتییەكە 12 سەرنشینی هەبووە كە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

حوسێن دێهەكی فەرماندەی هیزی دەریایی پارێزگای هورموزگانی ئێران ئاشكرای كرد، دەستیان بەسەر كەشتییەكدا گرتووە كە ویستوویانە بە قاچاخ سووتەمەنی بگوازنەوە.

كەشتییەكە بیانییە و 283 هەزار و 900 لیتر سووتەمەنی لە جۆری گازوایلی بە بەهای زیاتر لە 32 ملیار و 200 ملیۆن تمەن بار كردووە.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" 12 كەس لە سەرنشینەكانی كەشتییەكە گیراون كە فیلیپینین و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەریان گیراوەتە بەر. هێشتا وردەكارییەكانی ئەم دەست بەسەرداگرتنە لەلایەن میدیاكانی ئێران بڵاو نەكراوەتەوە و دیار نییە ئامانجی ئەم كەشتییە چ وڵاتێك بووە.

پێویستە بگوترێت ئێران پێشتریش دەستی بەسەر دوو كەشتی گواستنەوەی نەوتدا گرتووە كە یەكێكیان بەریتانی بوو و وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بوو لە بری كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێرانی كە لە جەبەل تاریق دەستی بەسەردا گیرابوو.

پێویستە بگوترێت لەدوای ئەو ئاڵۆزییانەی لە كەنداو هاتوونەتە كایەوە، ئاسایشی گواستنەوەی وزە لەم ناوچەیە تووشی مەترسی بووە و هەر ئەمەش هۆكار بووە لەوەی ئەمەریكا بە هاوكاری چەندان  وڵاتی تر هاوپەیمانێتییەك بۆ پاراستنی كەشتییەكان پێك بهێنن.



وشە - سلێمان تاشان