ئێران بەندەرەكانی بە كەرتی تایبەت دەسپێرێت

:: PM:02:09:07/09/2019 ‌

دامەزراوەی بەندەر و دەریاوانی ئێران ئاشكرای كرد، بەشێك لە بەندەرە بچووكەكانی بە كەرتی تایبەت دەسپێرێت و دوای تەواوكردنی ژێرخانی ئاوەدانكردنەوەی ئەو بەندەرانە، ئەوە روون دەبێتەوە كام بەندەر لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن.

سپاردنی بەشێك لە چالاكییەكانی كەرتی گشتی بە كەرتی تایبەتی لە پلانەكانی حكوومەتی حەسەن رووحانی بوو، بەڵام هێشتا جیبەجی نەكراوە. ئەو پێشتر رەخنەی لەوە گرتبوو كە كەرتی گشتی لە حكوومەتێكی بێ چەكەوە بە حكوومەتێكی چەكدار سپێردراوە و ئەمەش هیچ بایەخێكی بۆ كەرتی بازرگانی ئێران نییە. مەبەستی رووحانی لەو قسەیە سپاردنی زۆربەی كەرتەكانی ئێران بە سوپای پاسداران بوو كە هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر پێشخستنی ئابووری ئێران نەبوو.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانە" محەمەد عەلی حەسەن زادە جێگری كاروباری بەندەرەكان و بواری دەریاوانی ئێران باسی لەوە كردووە تا دوو مانگی تر پرۆسەی سپاردنی ئەو بەندەرانە بە كەرتی تایبەت دەست پێ دەكات.

بەپێی ئامارێك ئەو بەرپرسە ئاماژەی پێ كردووە 48 بەندەری بچووك لە ئێران هەن كە زۆربەیان لە باشوور هەڵكەوتوون.



وشە - سلێمان تاشان