چین و ئەمەریكا دەست بە دانوستاندنەكان دەكەنەوە

:: PM:04:53:07/09/2019 ‌
چین و ئەمەریكا دەست بە دانوستاندنەكان دەكەنەوە

هاوكاتی بەرزكردنەوەی باج بەسەر كاڵای یەكتر، ئەمەریكا و چین دەست بە دانوستاندنەكانیان دەكەنەوە لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی بازرگانی. راوێژكاری ئابووری كۆشكی سپی دەڵێ، هێشتا زووە باس لە دەرئەنجامی دانوستاندنەكە بكەین.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئەیلوول، لاری كادلۆ راوێژكاری ئابووری كۆشكی سپی، دەستپێكردنەوەی دانوستاندنی نێوان ئەمەریكا و چینی راگەیاند، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزتركردنەوەی باج لەلایەن هەردوولا بەسەر كاڵای یەكتر.

لاری بۆ كەناڵی "سی ئێن بی سی"ـی ئەمەریكی قسەی كردووە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو، هەردوولا لە واشنتن جارێكی تر دەست بە دانوستاندنی نێوانیان دەكەن، گوتی "پێشوەچوونی ئەرێنی روویداوە".

زیاتر گوتی "ناتوانم لە ئێستەوە پێشبینی دەرئەنجامی دانوستاندنەكە بكەم، ئەمەش بەهۆی شكستی دانوستاندنەكانی رابردوو، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە رەوشێكی ئارام بڕەخسێنین و بتوانین كۆ ببینەوە".

راوێژكاری ئابووری كۆشكی سپی ئەمەریكی ئاماژەی بەوەش دا كە دانوستاندنەكان هەموو ئاستەكان دەگرێتەوە هەر لە كشتوكاڵ، خاوەنداریەتی هزری، گواستنەوەی تەكنەلۆجیا و بەربەستە بازرگانییەكان.

هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكدا رای گەیاند، دەست پێ كردنەوەی دانوستاندنەكان شتێكی گرنگە بۆ هەمووان، هاوكات ئاماژەی بەوەدا كە پەكین باجی جەنگی بازرگانی دەدات، ئەگەرچی ملیاران دۆلار زیان بە ئەمەریكا گەیشتووە، بەڵام چین ئەمساڵ خراپترین ساڵی ئابووریەتی لە ماوەی چەندان دەیەی رابردوودا.
 
چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر چین و ئەمەریكا نەگەن بە رێككەوتن، ئەوا ترەمپ باجەكانی سەر كاڵای چینی بۆ 540 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە لەسەر هاوردەی ساڵی 2018.


وشە - فه‌رمان سادق